سزاكانی ئەمریكا بووەتە هۆی راگرتنی سەرچاوەكانی پارەداركردنی رژێمی ئێران

جیهان

23/09/2019‌ 699 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ستیڤن منوچین وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا رایگەیاند، كە ئێران نائومێد بووەو ئەو گەمارۆیانەی خراونەتە سەری بەشێوەیەكی بەرچاو ئەنجامەكانی بەدیار دەكەون.

وەزیرە ئەمەریكییەكە لە بەرنامەی "میت زە پرێس"دا راشیگەیاند، سزاكان بوونەتە هۆی راگرتنی سەرچاوەكانی پارەداركردنی رژێمی ئێرانی و بەجۆرێك لاوازی كردووە كە نەتوانێت پشتیوانی تیرۆر بكات، هەموو ئەو رەفتارە بێزارەكەرانەیەشی، كە دەیانكات بەهۆی خراپی رەوشە ئابوورییەكەیەتی.

لەوەڵامی پرسیارێكدا، كە ئایا دەبێت واشنتۆن بەرگری لە سعوودییە بكات یان نا ؟ منووچین گوتی ئەوە دەچێتە چوارچێوەی بەرگریكردن لە هاوڕێ و هاوپەیمانێكی گرنگی ئەمەریكا، ئەو دەستدرێژییەی كراوە هەر بۆ سەر سعودییە نەبووە، بەڵكو پەیوەستە بە سیستەمی ئابووری جیهانییەوە،  جەختیشی كردەوە بژاردەی سەرباوی لە ململانێ لەگەڵ ئێران بەردەوام كراوەیە .

رۆژی هەینی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا رایگەیاند، سزایان بەسەر سیستەمی بانكیی ئێرانیدا سەپاندووە، كە بە توندترین سزای لەو جۆرە دادەنرێت، ئەویش لەبەر ئاسانكاریكردن بۆ گواستنەوەی پارە بۆ ئەو ڕێكخراو و گرووپانەی واشنتۆن لەلیستی گرووپە تیرۆریستییەكان پۆڵێنی كردوون.

گەمارۆكان سەپاندنی سزا بەسەر بانكی ناوەندی و سندووقی پەرەپێدانی نیشتمانی ئێرانی و كۆمپانیای "پشتبەستن بە بازرگانی " ئێرانی گرتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی