لەپێناو تەندروستییەکی باش مرۆڤ دەبێت رۆژانە چەند هەنگاوێك بنێت

جیهان

27/09/2019‌ 1125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
زاناکان دەڵێن، بۆ دوورکەوتنەوە لە گرفتە تەندرووستییەکان پێویستە گەنجان رۆژانە لانیکەم ١٠ هەزار هەنگاو بنێن، بەڵام بەساڵاچووان پێویستیان بە ٥ بۆ ٧ هەزار هەنگاو هەیە.

یوری کۆنیڤ، پزیشکی رووسی، دەڵێت ئەگەر گەنجان لە رۆژێکدا لە ١٠ هەزار هەنگاو کەمتر رۆیشتن و بەساڵاچووان ٥بۆ ٧ هەزار هەنگاو کەمتر ڕێیان کرد ، ئەوە سیستەمی دڵ و بۆڕییەکانی خوێنیان لاواز دەبن، هەرچییەکی تریش بکەن سوودەکەی ناگاتە هاوشانی بەپێ رۆیشتن.

هەروەک سەرۆکی ڕێکخراوی تەندرووستی گشتی رووسی دەڵێت ئەگەر کەسێک سێ خولەک بەپێ بڕوات پەستانی خوێنی دادەبەزێت، ئەگەر پێنج خولەک بڕوات ئەو حەوسەڵە و مەزاجی باش دەبێت ، ئەگەر ١٠ خولەک بەپێ بروات ئەوە بیرکردنەوەی داهێنەرانەی باشتر دەبێت.

لەلایەکی ترەوە،  لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ  زاناکانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی هارڤارد ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکیان بڵاوکردەوە کە ١٦.٧ هەزار ئافرەت بەشداری تێدا کردووە کە تەمەنیان لەنێوان ٦٢ بۆ ١٠١ ساڵیدا بووە و بۆماوەی ٤ ساڵ چاودێری رەوشی تەندرووستیان کراوە، لەوماوەیەدا لەڕێگای ئامێری تایبەتەوە پێوانەی ژمارەی هەنگاوەکانیان و خێرایی جوڵەیان کراوە.

بەگوێرەی وته‌ی زاناکان، تێبینی ئەوە کراوە کە تێکرای مردن لەنێوان ئەوانەدا بەرزتر بووە کە رۆژانە کەمتر لە ٢.٢ هەزار هەنگاویان بڕیوە ، لەهەمان کاتدا ئەوانەی رۆژانە ٤.٤ هەزار هەنگاویان بڕیوە ئاماژەکانیان زۆر باشتر بووە .