هەولێرو بەغدا هەوڵەكانیان بۆ گەیشتنە رێككەوتن چڕدەكەنەوە

عیراق

28/09/2019‌ 1299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێ شاندی بەغدا سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن‌و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتیش دەڵێت: پێویستە بەر لەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، ھەردوو حكومەت بگەنە رێككەوتن.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، بڕیارە سێ شاندی بەغدا لە رۆژانی داھاتوودا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن، ئەویش شاندی ھەریەك لە لیژنەكانی دارایی و ئابووری و یاسا و نەوت گازن.

ئەو راشیگەیاند، كە سەردانی شاندەكانی بەغداش بۆ ئەوەیە، زیاتر لێك نزیك ببینەوە و ئەو شاندانەش ھەریەكە و رەوشی ھەرێمی كوردستان لە بوارەكەی خۆیدا دەبینێت.

لەبارەی ھاتنی لیژنەی نەوت و گازەوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی  رایگەیاند، ئەمەش لیژنەیەكی سەربەخۆیە و ھەر لە لیژنەی نەوت و گاز پێك ھاتووە، ئەو لیژنەیە لەگەڵ حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كەرتی نەوتدا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەكەن و حكومەتی ھەرێمیش زانیارییان پێدەدات.

ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە باشترین چارەسەر ئەوەیە، بەر لەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بگاتە پەرلەمان، ھەردوو حكومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ بگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشە ھەڵواسراوەكان، چونكە ئەوكات زەحمەت دەبێت بودجە بە بێ رێككەوتن بگاتە پەرلەمان.

هـ ـ ح