ئـەوەی چـاڵ بـۆ دۆنـاڵـد تـرامـپ هـەڵـكـەنـێـت خـۆی تـێـدەكـەوێـت

جیهان

29/09/2019‌ 2683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستپێكردنی كەنارگیركردنی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا دەبێتە هۆی لە چاڵنانی دوژمنەكانی، ناونیشانی راپۆرتێكە لەگۆڤاری (فزغلیاد) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی مەترسییەكانی ئەوەی پرۆسەی كەنارگیركردنەكە یارییەكی رێكخراو بێت لەلایەن ترامپەوە و گێلی دیموكراتەكان دەربخات و كاندیدەكەیان (جۆ بایدن) شكست پێ بهێنێت.

بەپێی راپۆرتەكە، بە فەرمی كۆنگرێسی ئەمریكا رێكارەكانی كەنارگیركردنی دۆناڵد ترامپی دەست پێكرد، كە  تۆمەتباری كردووە بە جێبەجێكردنی سیاسەتی ترساندن لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیا.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لە هەندێك كاتدا و بەهۆی ئەو تۆمەتانەی درانە پاڵی لەگەڵ روسیا، كەنارگیركردنی سەرۆك بووە حەزێكی دیموكراتەكان، زۆربەیان داوای ئەوەیان دەكردو لەم بارەیەوە پەیمانیان بە دەنگدەرەكانیان دەدا بە شێوەیەكی راستەوخۆ.

بەڵام ئەو جۆرە تەكتیكە بووە هۆی دروست بوونی تەڵە، چونكە ئەوە روون بووەوە بیرۆكەی كەنارگیركردنی سەرۆك لەلایەن زۆربەی خەلكەوە پشتگیری لێناكرێت و تەنیا سێیەكی دانیشتوان پشتگیری لێ دەكەن و ‌ دووبەشی تریان بە تەواوەتی دژی ئەو پرۆسەیەن، لە نێویاندا دەنگدەرە سەربەخۆكان و هەندێك لە دیموكراتەكانیش. تا ئەو رادەیەی بەهۆی تۆمەتە نوێیەكان دژی سەرۆك، ئاستی پاڵپشتی لەكارەكانی ترامپ بە رێژەیەكی پێوانەیی زیادی كردوە بە 53%.

هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسیەوە پرۆسەی كەنارگیركردنەكە بە شێوەیەكی رەسمی درێژەی پێ بدرێت، بەگوێرەی میدیاكانی ئەو وڵاتە، ناوبراو ئێستا دەزانێت جەماوەر پاڵپشتی بەرهەڵستكارەكان ناكات.

لە هەمان كاتدا، دەنگدەرەكانی ئەمریكا بە تەنیا باس لە شكستهێنانی پرسی دەستێوەردانی روسیا ناكەن، بەڵكو هەست بە ئامانجی راستەقینەی دیموكراتەكان دەكەن و گورزەكە لەجۆ بایدن دوور بخەنەوە و پشتی بگرن، هەموو ئەمانەش نیشانەی ئەوەیە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020 بایدن لە بەرانبەر ترامپدا شكست دەهێنێت.

لەلایەكی ترەوە، بە دوور نازانرێت دیموكراتەكان كەوتبەنە ئەو تەڵەیەی ترامپ بۆ دانابوون، بەوەی سەرۆك  بە ئاسانی رەزامەند بووە بە بڵاوكردنەوەی كۆپییەكی قسەكردنەكانی لەگەڵ سەرۆك زیلینسكی، كە خودی گفتوگۆكردنەكە سكاڵای ئەفسەرێكی هەواڵگری تێدایە، كە ناوی نەهێنراوە. 

ئەگەر بێت و شتێكی ئابڕوبەرانە لە گفتوگۆكەدا نەدۆزرێتەوە لە گفتوگۆكەی نێویانیاندا، ئەوا دیموكراتەكان زۆر بە گێل دێنە بەرچاوو ، بایدن دەخەنە دۆخێكی نەخوازراوەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا