پیسبوونی هەوای زەوی منداڵان تووشی خەمۆكی دەكات

تەندروستی

02/10/2019‌ 512 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێ ئاشكرایكرد، كە پیسبوونی هەوا وادەكات منداڵان زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەبێت  بە شڵەژانی دەروونی وەك دڵەڕاوكێ و هەوڵدان بۆ خۆكوشتن.

بەگوێرەی شارەزایانی نەخۆشخانەی منداڵانی سینسیناتی، بەركەوتن بەدووكەڵ بۆماوەیەكی كورت، كە بەهۆی هاتووچۆی ئۆتۆمبیل، یان بەهۆی كارگەكانەوە درووست دەبێت، بەشێوەیەكی بەرچاو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نەخۆشییە هۆشەكییەكان.

لێكۆڵینەوەكەدا، كە لە گۆڤاری تەندروستی ژینگەییدا بڵاوكراوەتەوە باس لەوە دەكات منداڵانی گەرەكە هەژارنشینەكان بەراورد بە گەڕەكەكانی تر زیاتر كاریگەری پیسبوونی هەوایان لەسەرە.

دكتۆر كول برۆككامپ لەنەخۆشخانەی سینسیناتی دەڵێت: ئەوە یەكەم لیكۆڵینەوەیە، كە پەیوەندی لەنێوان ئاستی پیسبوونی هەواو زیادبوونی نیشانەكانی نەخۆشییە دەروونییەكان دەرخستووە، وەك حاڵەتەكانی دڵەراوكێ و خۆكوشتن لای منداڵان.

لێكۆڵەرەكان تێبینیان كردووە ئەو منداڵانەی لەنزیك شەقامە قەرەباڵخەكان دەژین ئاستێكی زیاتری مینۆسیتۆڵیان هەیە، كە شەكرێكی سرووشتییە لە جەستەی منداڵدا بەهۆی تێكچوونی جێگرەوەی خۆراكی لەمێشكدا درووست دەبێت و سەردەكیشی بۆ تووشبوون بەدڵەراوكی.

دەركەوتووە تەنە بچووكە پیسەكان دەبنە هۆی درووستبوونی هەوكردنی هەندێك ئەندامی جەستە وەك مێشك، كە تێكچوونی هۆشەكی دروست دەكات.

بەگوێرەی رۆژنامەی "میرۆر"ی بەریتانی، لێكۆڵەرەكان وتوویانە پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی زیاترە بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی ئەم لێكۆڵینەوەیە پشتراست بكەنەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی