سپیكردنەوەی ددان بە خەڵووز راستییە یان خەیاڵ؟

تەندروستی

03/10/2019‌ 802 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەس نییە حەز نەكات ددانێكی سپی و پێكەنینێكی جوانی هەبێت، بەڵام زۆر پرسیاری ئەوە دەكرێت، كە ئایا تاچەند راستە خەڵووز ددان سپیدەكاتەوە؟

لەگەڵ ئەوەی چەندین بەكارهێنانی سەلامەت و كارا بۆ سپیكردنەوەی ددانەكان بەماددەی جیاجیا هەیە، بەڵام لێكۆڵینەوەیەكی نوێ دەڵێت: خەڵووز كاریگەری باشی لەسەر سپیكردنەوەی ددانەكان هەیە.

شارەزاكان دەڵێن: ئەو ماددەی خەڵووزەی باسی لێوە دەكرێت بۆ سپیكردنەوەی ددان بەسوودە ئەو خەڵووزە نییە، كە بۆ برژاندن بەكاردەهێنرێت، بەڵكو ماددەیەكی جیاوازەو پێیدەوترێت خەڵووزی سپیكردنەوەی ددان، چونكە لە ماددەیەكی رەش و نەرم و هاڕدراو پێكهاتووە و لەتوێكڵی گوێزی هیندی، یان لەهەڵكۆڵینی زەیتوون، یان خەڵووز، یان وردەی دار، یان ماددەی تر درووستدەكرێت.

بەگوێرەی پێگەی "وێب توب"، ئەو خەڵووزەی بۆ سپیكردنەوەی ددان بەكاردەهێنرێت بارگەیەكی كارەبایی نێگەتیڤی هەیەو تەنۆكە بارگاویبووە پۆستەیڤەكان رادەكێشێت وەك ئەوەی لەژەهر و گازەكاندا هەیە، دواتر دەیمژێت و نایهێڵێت.

جگە لەوەی خەسڵەتە كارەباییەكانی خەڵووزەكە لەبەر ئەوەی سپیكەرەوەی سرووشتی تێدایە كار لەسەر رزگاربوون لەژەهرەكان و دەستكەوتنی زەردەخەنەیەكی سەرنجراكێش دەكات.

لای خۆیەوە كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ پزیشكی ددان هێشتا رەزامەندی لەسەر هیچكام لە بەرهەمەكانی سپیكردنەوەی ددان لەڕێگای خەڵووزەوە نەداوە، هەروەك كۆمەڵێك شارەزا هۆشداریانداوە لەوەی خەڵووز زیان بە چینی مینای ددان دەگەیەنێت، بۆیە دەبێت لەزۆربەكارهێنانی دووربكەوینەوە، چونكە ئەگەری هەیە سپێتی ددانەكان زیاتر بەرەو زەردبوون ببات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی