سزاكانی ئەمەریكا هەڕەشەی شكستهێنان بەدروستكردنی یەكەم كەشتی فرۆكەهەڵگری توركیا دەكات

جیهان

05/10/2019‌ 2307 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وادیارە دەركردنی توركیا لەبەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی F-35  بەتەنیا هەر نەبووەتە هۆی بێبەشكردنی ئەنقەرە لەوەی دەستی بەنوێترین فرۆكەی جەنگی لە جیهاندا رابگات، بەڵكو بەگوێرەی گۆڤاری "ناشیۆناڵ ئینتێرست"ی ئەمەریكی سزاكان گەیشتوونەتە كەشتی فرۆكەهەڵگری "ئانادۆڵ"ی توركیش بگرێتەوە.

ئەمەریكا وەك ڕێوشوێنێكی سزادان بەرانبەر بەسووربوونی توركیا لەكڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی  S-400 ی روسی، بڕیاریدا توركیا لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فرۆكەی جەنگی F-35 دوور بخاتەوە، كە بەقسەی بەرپرسانی واشنتۆن‌و ناتۆ بوونی تەكنیكییانەی روسیا لە بنكە سەربازییەكانی توركیا دەبێتە هۆی ئاشكرابوونی تەكنەلۆژیای بەكارهاتوو لەناو ئەو جۆرە فرۆكەیە .

لەسەرەتادا ٩ وڵات بەشدار بوون لەبەرهەمهێنانی فرۆكەی جەنگی شەبەحی  F-35، بەڵام بەدەرچوونی توركیا لەبەرنامەكە ئێستا هەریەك لە ئەمریكا، بەریتانیا، ئوسترالیا، كەنەدا، دانیمارك، ئیتالیا، هۆڵەندا و نەرویج ماونەتەوە .

پێشتر توركیا بەرنامەی هەبوو ئەو فرۆكە جەنگییانە لە جۆری  B بەتایبەت بۆ كەشتی فرۆكەهەڵگری "ئەنادۆڵ"ی توركی بكڕێت، كە كەشتییەكی جەنگی هێرشبەرە و لەسەر دیزاینی كەشتی "خوان كارلۆس ١"ی ئیسپانی درووستكراوە .

فرۆكەی F-35 پۆلی B بەوە جیادەكرێنەوە، كە هاوشێوەی فرۆكەی "هارێر"ی بەریتانی توانای نیشتنەوەی ستوونیان هەیە، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنانی فرۆكە بەریتانییەكە وەستێنراوە .

هەروەها بەهۆی ئەوەی توركیا ناتوانێت ئەو جۆرە فرۆكەیە بەدەستبهێنێت، ئەوە ئەگەری زۆر ئەوەیە هێزی دەریایی توركیا نەتوانێت كار بە فرۆكە جەنگییەكانی لەسەر ئەو كەشتییە فرۆكەهەڵگرە بكات .

سووربوونی توركیا لەسەر كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 وایكرد توركیا نەتوانێت فرۆكەی F-35 پۆلی A بەدەستبهێنێت، بۆیە توركیا ئێستا هەوڵ دەدات جیگرەوەیان بۆ بدۆزێتەوە .

یەكێك لە جێگرەوەكان بریتییە لە دروستكردنی فرۆكەی دروستكراوی توركی لە مۆدێلی TF-X، كە سەر بە نەوەی پێنجەمی فرۆكەكانە و بۆیەكەمجار ئەنقەرە لە پێشانگای ئاسمانی پاریس ئاشكرای كرد .

بەڵام وادیارە ڕێگاكە بۆ توركیا ئەوەندە ئاسان نییە وەك ئەوەی خۆی بیری لێدەكاتەوە، بەهۆی ئەوەی پرۆژەكە رووبەرووی تەحەددای گواستنەوەی تەكنەلۆژیای بزوێنەری نەوەی پێنجەمی فرۆكەكان دەبێتەوە تا لە فرۆكەی TF-X بەكاریان بهێنێت .

لە مانگی نیسانی ئەمساڵیشدا، مەولوود چاویش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا وتی: ئەگەری هەیە وڵاتەكەی بۆ پركردنەوەی پێداویستییەكانی پەنا بۆ لایەنی تر بەرێت .

چاویش ئۆغڵو  بۆ كەناڵی "ئین تی ڤی " توركی وتیشی: فرۆكەی جەنگی وەك  SU-34، وSU-57ی روسی و هی تریش لەبەردەستە، تا ئەوكاتەی دەتوانین خۆمان فرۆكەی جەنگی خۆمان دروست بكەین ئەوە پێداویستییەكانمان لەجێگای تر پڕ دەكەینەوە .

بەڵام لەساڵی ٢٠١٠ وە و لەوكاتەوەی بۆ یەكەمجار فرۆكەی SU-57 بەسەر ئاسمانی شاری ئاستراخاندا فڕی، بەدرێژایی ئەو ماوەیە و تا ئێستا رووسیا جگە لە شەش فرۆكە هیچی تری بەرهەمنەهێناوە .

هەرچی فرۆكەی شەبەحی J-31 چینییە ، كە ماوەیەكە لە میدیای توركیدا باسی لێوە دەكرێت ، هێشتا تواناو لێهاتوویی خۆی نەسەلماندووە تا بەرواورد بكرێت بە فرۆكەی F-35 ی ئەمەریكی، كە دەوترێت فرۆكە چینییەكە جگە لە نەوەی كۆپیكراوی فرۆكەی F-35 ی هیچی تر نییە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی