ئەمریكا وڵاتی سوریا رادەستی روسیا دەكات؟

جیهان

05/10/2019‌ 3986 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناونیشانی راپۆرتێكە لەگۆڤاری (فوینیە ئوبزرینیە) بڵاوكراوەتەوە، تێیدا ئەو قسەیە رەتكراوەتەوە، كە ئەمریكا دەستبەرداری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت بۆ روسیا.

بەپێی راپۆرتەكە، شەڕكردن لە سوریا رێگەی بە روسیادا كارلێكی بەهێز لەگەڵ ئێراندا بكات، لە ساڵەكانی دواییدا تاران بووە یەكێك لە نزیكترین هاوپەیمانەكانی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە هەمان كاتدا، روسیا توانای زۆری بەدەست هێنا بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر هەریەك لە ئیسرائیل و توركیا و سعودییە و ئێران و سوریا. لەواقیعیشدا، مۆسكۆ پێگەی خۆی وەك یەكێك لەبەهێزترین یاریچییەكان گەراندەوە بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا سوپای ئەمریكا بوونی هەیە لەسوریا، بەڵام واشنتۆن گرنگییەكی كەمتر بە كاروباری ئەو وڵاتە دەدات، لەكاتی خۆیدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جەنگی سارددا شوێنی رووبەرووبوونەوەی هەردوو سیستەمە دژەكە بوو، كەچی ئێستا ناوچەی ئاسیا و زەریای ئارام گرنگییەكی زۆرتری بۆ سەركردایەتی ئەمریكا هەیە.

زۆربەی سەركردە سەربازییەكانی ئەمریكا دژی كشانەوە بوون لە سوریا، ترسی ئەوەیان هەبوو پێگەی ئەمریكا كەمبكات و ئەمەش رێگە بۆ بەشار ئەسەد خۆش بكات بەرهەڵستكارەكانی بەتەواوەتی لەناو بەرێت. 

سەرەڕای ئەوەش، بەرهەڵستكارانی كشانەوەكە مەترسیداری دۆخی ئێران و ئیسرائیلیان دەخستە پێش چاو، بەڵام دۆناڵد ترامپ، لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتی ئیسرائیل دەكات، وازی لەكەمكردنەوەی بیرۆكەی سوپاكەی لە سوریا نەهێنا، بەڵام ئایە ئەمە مانای وایە واشنتۆن بە تەواوەتی وازی لە بیرۆكەی زاڵ بوون بەسەر رۆژهەلاتی ناوەڕاست هێناوەو بڕیاری ئەوەی داوە رادەستی روسیای بكات؟

دیارە وەك پێدەچێت، بابەتە بەو شێوەیە نییە، زۆر بە سادەیی ئەمەریكییەكان زۆر ڕاڕان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدەست كێشەی زۆرەوە دەناڵێنن، نەك بەتەنیا كێشەی دارایی. 

لەلایەكی ترەوە، پاڵپشتیكردنی كوردەكان دژی رژێمی ئەسەد بوە هۆی تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆن.

ئەمریكا بەتەواوەتی هەست بەوە دەكات بەرژەوەندی روسیا لە بەهێزبوونەوەی ئێراندا نییە، لەم دۆخەدا مۆسكۆ خۆی لەگەڵ تاران دەبینێتەوە، ئەو راستییەش روونە، كە پۆتین و ناتانیاهۆ لە نزیكەوە پەیوەندییان هەیە و سروشتێكی تایبەتیان بە پەیوەندی نێوان روسیا و ئیسرائیل بەخشیوە، لەبەئەوە، ئەو وتەیە بەسەر چووە، كە باس لەوە دەكات ئەمریكا بەئاسانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەستی روسیا دەكات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا