ئێران رووەو نزیكبوونەوە لە یەكێتی ئابووری ئۆراسیا هەنگاو دەنێت

جیهان

06/10/2019‌ 934 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، راپۆرتێك لە گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی نیازی تاران بۆ چوونە نێو یەكێتی ئابووری ئۆراسیا و بەرهەڵستكاری وڵاتی كازاخستان دژی ئەو هەنگاوە.

بەپێی راپۆرتەكە، لە پەراوێزی لوتكەی ئابووری ئۆراسیا، هەریەك لە سەرۆكی كازاخستان قاسم جومارت توكایف و سەرۆكی ئێران حەسەن رۆحانی گفتۆگۆیان دەربارەی هاوكاری نێوان هەردوولاو لە میانی رێكخراوی هاوكاری ئابووری ئۆراسیدا كردووە، كە ئێران لە 27ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە بەشداری تێدا كردووە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا چوارچێوەی ناوچەی بازرگانی ئازددایە. 

كەچی تاران پلانی ئەوە دادەنێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامێكی تەواو لەو رێكخراوەدا و ئەم بیرۆكەیەش لەلایەن كازاخستانەوە پاڵپشتی ناكرێت.

لەكاتی هاتنی بۆ پاریتەختی ئەرمینیا، حەسەن رۆحانی وتی: چوونە نێو یەكێتی ئابووری ئۆراسیا هەنگاوێكی گرنگە لە سایەی بەردەوامی فشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران. 

عەلی خامنەییش هیوای خواست لە ئایندەیەكی نزیكدا ئێران ببێتە ئەندامێكی تەواوەتی لەو رێكخراوەدا.

لەو بارەیەوە، توێژەر لە پەیمانگەی ئابووری سەر بە ئەكادیمیای زانستە روسییەكان، ئەلیكسەندەر كارافایف، ئاماژەی بەوە كرد، ئالوگۆڕكردنی بازرگانی فراوان دەكرێت لەچوارچێوەی بازرگانی ئازددا لە نێوان ئێران و رێكخراوەكەدا و رایگەیاندووە، یەكێتی ئابووری ئۆراسیا رسوماتی هێنانی كەلوپەلی ئێرانی لە 502 بەشدا كەمكردووەتەوە. 

هەروەها وتی: پێویستیەكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی دراو بچێتە نێو ئابوری ئێرانەوە لەدۆخی سەپاندنی سزاكاندا، و هەلی كاری زیاتر دروستبكرێت بۆ سەقامگیری. 

باسی لەوەش كردووە، كە ئێران لای خۆیەوە رسومات لەسەر 864 بەرهەم كەمدەكاتەوە و قەبارەی گشتی هەرناردە كردن بە رێژەی 73% بەرز دەبێتەوە.

لەهەمان كاتدا، هەندێك لە وڵاتانی یەكێتییەكە پێیان باش نییە هاوكاری لەگەڵ وڵاتێكدا بكرێت، كە رووبەرووی سزای قورسی ئەمریكا بووەتەوە، ئەگەر بێت و وڵاتانی نێو یەكێتییەكە بەرهەڵستكار نەبن لە هاوكاری كردن لەگەل ئێران لە چوارچێوەی ناوچەی بازرگانی ئازاددا، ئەوا جارێ زووە باس باس لەوە بكرێت بچێتە نێو ئەو رێكخراوەوە.

هەروەا توێژەری سیاسی (جنار تولیندینوفا) دەڵێت: بەلای كەمەوە كازاخستان برۆكەكەی لا پەسەند نییە، چونكە ئەمە دەبێتە تێكدانی رێكخراوەكە لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەیكاتە جۆرێك لە هاوپەیمانی دژی رۆژئاوا، ئەمەش بە روانین لە پەیوەندییە ئاڵۆزەكان لەگەڵ سەرجەم رۆژئاوا لای هەریەك لە روسیا و ئێران، ئەم كاریگەریەش بەلای كازاخستانەوە پەسەند نییە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا