شارپرێس: حەننا ساڵح شرۆڤەكاری سیاسی لوبنانی دەڵێت: بەتەنیا گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا بەس نییە بۆ ئەوەی توركیا پرۆسەی سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات دەستپێبكات. ئەو دەشڵێت: ئێران هۆشداری بە توركیا داوە بەوەی نەچێتە رۆژهەڵاتی فوراتو ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان. رۆژی یەكشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ڕێوشوێنەكانی توركیا دژ بە سنوور و سەروەری سوریا هیچ كام لە ئامانجەكانی بەدینایەت، هەروەها جەختی كردەوە، كە تاران بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان توركیا و سوریا ئامادەی هەماهەنگییە. ساڵح ئەوەش دەڵێت: روسیاش بەهیچ نرخێك ڕێگە نادات توركیا باڵادەستی خۆی بەسەر نزیكەی لەسەدا ٢٠ی خاكی سوریادا بسەپێنێت، چونكە ئەگەر توركیا دەست بەسەر رۆژهەڵاتی سوریادا بگرێت ئەوە ئەو وڵاتە لەپێگەیەكی بەرزتردا دەبێت بۆ دابەشكردنی خاك لەگەڵ روسیا ، كە بەهیچ جۆرێك مۆسكۆ بەوە رازی نابێت . ئەو شرۆڤەكارە لوبنانییە باسی لەوەش كردووە، كە هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات بەبێ پشتیوانی ئاسمانی ئەمەریكی زۆر لەسەر توركیا قورس و پڕخەرجی و هێواش دەبێت . ئەو پێیوایە، رووسیا كە دەستی بەسەر بڕیاری سیاسی و خاكی سوریادا گرتووە هەرگیز ڕێگە بە توركیا نادات ناوچەی هەژموونی خۆی لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا فراوان بكات، بەتایبەت ململانێی نێوان توركیا و روسیا لەسەر نەوت و گاز لەوپەڕیدایە . ساڵح بریاری ئەمەریكا بۆ پاشەكٍەكردن لە سوریا و ڕێگەدان بە توركیا دەستبەسەر ناوچەكەدا بگرێت ئەنجامی نەرێنی لەسەر جەنگی ئێران و ئەمەریكا دەبێت ، تەنیا مەگەر ژێربەژێر دانوستان لەنێوان ئێرانی و ئەمەریكییەكان هەبێت كە ئەوەش بەدوور نازانرێت لەكاتإكدا واشنتۆن سوورە لەسەر دانوستان و رێكەوتن لەگەڵ ئێران و تارانیش مەرجەكانی بۆ دانوستان لە لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاكانەوە بۆ هەڵگرتنی بەشێكیان دابەزیوە . وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی