كوردو داگیركاری توركیا.. لێكدانەوەی قازانج و زیانی یاریزانانی ناو گۆرەپانی شەڕی سوریا

کوردستان

19/10/2019‌ 1312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستدرێژی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان نەخشەی باڵادەستی نوێی لەو ناوچانە كێشاوە، كە دەستكەوتی هەندێك لایەنی سیاسی سەر گۆرەپانی سوریای بەهێزكردووەو هی هەندێك لایەنیش پاشەكشەی كردووە.

واپێدەچێت روسیا سوودمەندی یەكەم بێت لەم دەستدرێژییەی توركیا، بەشێوەیەك لەدوای پاشەكشەی ئەمەریكا هەژموون‌و باڵادەستی لەناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا زیادیان كردووە .

هێزەكانی روسیا توانیویانە دەست بەسەر چەند بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكیدا بگرن لەدوای ئەوەی واشنتۆن هێزەكانی لەو جێگایانە كێشایەوە.

سەمیر ساڵحە، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان توركیا لەو بارەوە دەڵێت: روسیا و رژێمی سوریا براوەی یەكەمن لەو پرۆسە سیاسی و سەربازییەدا.

ئەو دەشڵێت: ئەنقەرەش ئەوەی بەدەستهێناوە، كە بریتییە لە دەركردنی كورد لەبەشێك لە ناوچە سنوورییەكاندا.

ساڵحە باسی لەوەش كردووە، كە لەنێوان توركیا و روسیا لەیەكتێگەیشتن هەیە بەتایبەت لەبارەی بابەتی كۆبانی و منبجەوە، كە هەر بەشێوەیەكی كردارەكی سوپای سوریا چووەتە ئەو ناوچانە، ئەمەش مانای وایە روسیا لەناو دیمەنەكاندایە، رەنگە بەرنابەر بە مێزەكە نەبێت ، بەڵام ڕێكەوتنی نێوان كوردەكان و سوریا بەشێوەیەك لە شێوەكان روسیا رۆڵی تێدا هەبووە .

بەو جۆرە سوپای سوریا دەستی بەچەند جێگایەك گەیشتووە ئەگەر ئەو بارودۆخە نەهاتبایە پێش ئاسان نەبوو بۆ سوپای سوریا بگاتە ئەو جێگایانە .

هەرچی توركیایە، ئەوە توانیویەتی لەڕێگای دوورخستنەوەی شەڕڤانانی كورد لەبەشێك لە ناوچە كوردنشینەكان بەشێك لە ئامانجە سەربازییەكانی بەدینهێنێت .

ئامانجی دووەمی توركیا كە خۆی لە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام دەبینێتەوە لەناو خاكی رۆژئاوای كوردستان بەقووڵایی ٣٠ كیلۆمەتر  ، هەرچەندە سوپای توركیا لەچەند جێگایەك توانیویەتی تا قووڵاییەكی زۆر بێنە ناو خاكی سوریا ، بەڵام لەبەرانبەردا تووشی گەلێك ئاستەنگ بووەتەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دابراوە، كە دەسەڵاتدارانی توركیا خۆیان دانیان پێداناوە.

لەدوای ئەم دەستدرێژیانەی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان وێنەی توركیا زۆر ناشرین بووە و وەك دەوڵەتێكی دوژمنكار و دەستدرێژیكار دەركەوتووە .

هەرچی ئەمەریكایە ، ئەوە هێشتا لێكدانەوەی بابەتی قازانج و زیانی ئەو وڵاتە جێگای مشتومڕی ناو سیاسەتمەدارانی واشنتۆنە، وەك دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت: ئەو بەڵێنێكی هەڵبژاردنی بردووەتە سەر، كە گێڕانەوەی سەربازانی وڵاتەكەیەتی بۆ نیشتمان .

بەڵام دیموكراتەكان پێیان وایە مامەڵەی واشنتۆن لەگەڵ دۆسیەی دەستدرێژی توركیا بۆسەر كوردەكان ، بووەتە هۆی نەهێشتنی متمانە بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا .

ئەندامانی كۆنگرێسیش لە هەردوو پارتی دیموكرات و كۆمارییەكان بەئاراستەی سەپاندنی كۆمەڵێك سزا بەسەر توركیا هەنگاویان ناوە .

هەرچی كوردە وادیارە زەرەرمەندی یەكەمی ئەو پێشهاتە نوێیانە بێت ، بەجۆرێك بەشێك لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیان لەدەستداوە ، جا چی لەبەرژەوەندی توركیا و گرووپە تیرۆریستییەكانی سەر بە توركیا بێت یان لەبەرژەوەندی سوپای سوریا .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە