ڕێبەری كۆمارییەكان: بڕیاری ترامپ بۆ كشانەوە لەسوریا هەڵەیەكی ستراتیژییە

کوردستان

19/10/2019‌ 1273 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میچ ماكونێڵ سەرۆكی زۆرینەی كۆمارییەكان لەئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا، بڕیاری دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كشانەوە لە سوریا بەهەڵەیەكی ستراتیژی وەسف دەكات، كە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا .

ماكۆنیڵ لە بابەتێكدا، كە لە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"دا بڵاویكردۆتەوە دەڵێت: كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا هەڵەیەكی ستراتیژییە، كە ئاسایشی گەلی ئەمەریكا و وڵاتەكەمان دەخاتە مەترسییەوە و هانی دوژمنەكانمان دەدات و هاوپەیمانییە گرنگەكانمان لاواز دەكات.

ئەو سیناتۆرەی كۆمارییەكان پێیوایە بڕیاری كشانەوەی هیزەكان لەسوریا دووبارەكردنەوەی كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایە لە عێراق لەكاتی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما، كە بەرای ئەو یارمەتیدەر بووە بۆ دەركەوتنی ڕێكخراوی داعش.

ئەو دەشڵێت: ئەو پاشەكشەیەی ئەمەریكا لە سوریا هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی ئاستی گرژییەكان لەنێوان شەڕڤانانی كورد و توركیا، كە ئەوە وەك كابووسێكی ستراتیژییە سەبارەت بە ئەمەریكا .

ماكونێڵ باسی لەوەش كردووە، كە تەنانەت لەحاڵەتی ڕێزگرتن لە ڕێكەوتنی ئاگربەستیش، كە بۆماوەی ٥ رۆژ راگەیەنراوە ، ئەوە رووداوەكانی هەفتەی رابردوو وایكرد هەڵمەتی ئەمریكا لەدژی داعش بۆ دواوە بگەڕێتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی