دروستكردنی ناوچەی ئارام دەبێتە دانپێدانانێكی نێودەوڵەتی بۆ رۆژئاوای كوردستان

کوردستان

22/10/2019‌ 3603 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پلانی دروستكردنی ناوچەی ئارام بریتییە لەدروستكردنی ناوچەیەكی لەچەكداماڵراو بەچاودێری نێودەوڵەتی.

ئەگەر ئەو هەنگاوە بنرێت، ئەوە دەبێت جۆرە دانپێدانانێكی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو ناوچانەی لەسوریا بەدەست هێزە كوردییەكانەوە دەمێننەوە، ئەوەش هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لەعێراق.

هەرچەندە گومانێكی زۆر لەسەر رێككەوتنی ئەمریكاو توركیا بۆ ناوچەی ئارام هەیە، بەڵام دانپێدانانی نێودەوڵەتی هۆكارێك دەبێت رۆژئاوای كوردستان ببێتە قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆ.

پێشتر لینزی گراهام گەورە سیناتۆری ئەمریكی لەپارتی كۆمارییەكان لەو بارەوە وتی: ئەگەر ئەمریكا كارتەكانی بەشێوەیەكی دروست بەكاربهێنێت ئەوە گەشبینە بەوەی بتوانێت چارەسەرێكی مێژوویی بۆ  دۆخی سوریا بدۆزێتەوە.

گراهام لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی " فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی وتیشی: ئەو دژایەتی داگیركاری توركیا دەكات نەك دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەەەریكا، باسی لەوەش كرد، ئەوەی ترامپ بەئەوی وتووە، لەبارەی ئامانجیان لە دروستكردنی ناوچەی ئارام وتی: بریتییە لە ناوچەیەكی لەچەكداماڵراو لەنێوان كورد و توركیا.

ئەو سیناتۆرەی كۆمارییەكان ئەوەشی وت: كورد هاوپەیمانمانن و یارمەتیانداوین لەبەزاندنی داعش و لەوپێناوەشدا ١٠ هەزار شەڕڤانیان گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئێمە تەنیا ٨ سەربازمان لەدەستداوە، لەبەرانبەریشدا دەبێت توركیای هاوپەیمانمان لەناتۆ لە مەترسی شەرڤانە كوردەكان بپارێزین، كە "توركیا بە تیرۆریستیان دەناسێنێت".

گراهام جەختیكردەوە، كە ناوچە لەچەكداماڵراوەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزی نێودەوڵەتیدا دەبێت نەك هێزی ئەمەریكی، بەڵام واشنتۆن پارێزگاری ئاسمانی بۆ دابین دەكات .

لەدرێژەی قسەكانیدا گراهام ئەوەی وت: ترامپ رێزی ئەوە دەگرێت، كە كورد كردوویەتی، پێشموایە ئێمە هەر بە هاوپەیمانی ئەوان دەمێنینەوە تاوەكو رێگە نەدەین جارێكی تر داعش بگەرێتەوە كە ئەوە بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان گرنگە ، هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە منەتباری كوردین . 

سەبارەت بە ناوچە نەوتییەكانی سوریا گراهام وتی: هەوڵ نادەین تەنیا ڕێگە لەرژێمی سوریا و ئێرانییەكان بگرین دەست بەسەر كێڵگەكانی نەوتدا بگرن، بەڵكو پلانمان هەیە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەو كێڵگانە نۆژەن بكەینەوە و دەستەبەری ئەوە بكەین، كە داهاتەكەی بۆ كوردانی سوریا بێت نەوەك بۆ رژێمی سوریا یان ئێران.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی