لە كۆنگرێسی ئەمەریكا كۆمەڵێك بەڵێنی گرنگ بەكوردی رۆژئاوا دەدرێت

کوردستان

22/10/2019‌ 4865 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەیەك سیناتۆری ئەمەریكی لە هەردوو پارتی كۆماری و دیموكرات بەڵێنیان بەهاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات دا هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن بۆ ڕێگەگرتن لە لەشكركێشیـیەكەی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا و كاربكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەكە.

ئیلهام ئەحمەد ئێوارەی دووشەممە لەكۆنگرێسی ئەمەریكا پـێشوازی لێكرا لەلایەن هەریەك لەسیناتۆر لیندزی گراهام (كۆماری)، سیناتۆر كرێس ڤان هاڵن (دیموكرات)، سیناتۆر مارشا بلاكبێرن (كۆماری)، سیناتۆر جین شەهین (دیموكرات)، سیناتۆر ڕیچارد بلومنتاڵ (دیموكرات).

بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، پاشان كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و بە دوایدا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش سیناتۆرەكان پشتیوانی خۆیان بۆ كورد دووپاتكردەوەو لەشكركێشیـیەكەی توركیایان شەرمەزاردكرد.

سیناتۆر گراهام لەو بارەوە وتی: پـێویستە هێزێكی بچووكی ئەمەریكا لە سوریا لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتدا كاربكات و ئاسمانی ناوچەكانی باكووری سوریا بپارێزرێت و ناوچەیەكی لە چەك داماڵێنراو لەنێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات دابمەزرێت و لە لایەن هێزێكی نێودەوڵەتی چاودێری بكرێت.

هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت دەستگیركراوەكانی داعش، كە بە زیاتر لە 10هەتا 12هەزار كەس مەزەندەی كردن و وتی: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نیگەرانیـیەكانی لە بارەیانەوە زیاتردەبن. 

وتیشی: توركیا لەم دۆخە بەرپـرسیارە و لەشكركێشیـیەكەی ڕێگە خۆشدەكات بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش.

باسی لەوەش كرد، كە متمانەی بە توركیا نیـیە كۆنترۆڵی بەسەر دەستگیركراوەكانی داعشدا هەبێت، بەڵكو ئەو متمانەیەی بە هێزەكانی سوریای دیموكرات هەیە، كە پـێشتر بە كارەكانیان ئەوەیان سەلماندووە.

سەبارەت بە كێڵگە نەوتیـیەكانی سوریاش وتی: دەبێت ئەو كێڵگە نەوتیـیانە بپارێزرێن و ڕێگە نەدرێت ئێران كۆنترۆڵیان بكات.

پاشان سیناتۆرەكانی دیكەش هەموویان سەنگیان خستە سەر پاراستنی كوردانی سوریا لە بەرانبەر هێرشەكانی توركیا و بەڵێنیان دا بە ئەندامانی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكرات لەكۆنگرێس فشارەكانیان بۆ سەر توركیا زیاتربكەن.

ئیلهام ئەحمەد لای خۆیەوە سوپاسی ئەندامانی كۆنگرێس و خەڵكی ئەمەریكای كرد بۆ ئەو داكۆكیـیەی لێـیان دەكەن. 

پاشان ڕەخنەی لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا گرت بۆ كشانەوەی هێزەكان لە سوریاو وتی: ئەو بڕیارە زۆر زیانی پێگەیاندن و ئێستا توركیا هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانیان و بە نیازە درێژە بە هێرشەكانی بدات و هەڕەشەی پاكتاوی نەژادیـیان لێدەكات. گوتیشی توركیا دەیەوێت تەواوی ناوچە سنووریـیەكان داگیربكات و ئەمەش لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە جێی قبوڵ نیـیە، بۆیە داوای كۆتاییهێنان بە داگیركاری توركیا دەكەن و داوای سەپاندنی ناوچەی قەدەغەفڕین دەكەن لە باكوری سوریا و هێزێكی نێودەوڵەتی لەسەر سنوور دابنرێت تاوەكو لە هێرشی توركیا بیانپارێزێت. داواشیكرد كورد لە پاكتاوی نەژادی ڕزگاربكەن.

هاوكات ژمارەیەك لە سیناتۆرەكان لە بارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد لەسەر تویتەرەكەیان نووسیویانە.