مایك پنس پاشەكشەی شەرڤانانی كورد لەناوچەی ئارام رادەگەیەنێت

کوردستان

23/10/2019‌ 1287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مایك پنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەو ناوچە ئارامەیان لە باكووری سوریا بەجێهێشتووە، كە لەگەڵ توركیا لەسەری ڕێككەوتبوون .

پنس لەمیانی لێدوانێكی راشیگەیاند، كە گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەردوو لایەنی كوردی و توركی بەمەبەستی راگرتنی بەردەوامی ئاگربەست لەسوریا بەردەوامە، دەشتوانرێت ئەوە بەدیبهێنرێت .

جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەكاتی قسەكردنی لەدامەزراوەی كەلەپوو لە واشنتۆن ئەوەشی راگەیاند، ئەمرۆ پەیاممان لە فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بەدەستگەیشتووە، كە تێیدا جەخت كراوەتەوە سەرجەم هێزەكانیان لەو ناوچەیە كێشاوەتەوە توركیا دەیەوێت ناوچەی ئارامی لێدرووست بكات.

لای خۆیشییەوە وەزارەتی بەرگری توركیا  لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، ئەمەریكا ئاگاداری كردوونەتەوە، كە شەڕڤانە كوردەكان بەتەواوەتی ناوچە ئارامەكەیان لە باكووری سوریا جێهێشتووە.

لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لەم قۆناغەدا و لەدەرەوەی ئەو ناوچەیە پێویست بە هیچ پرۆسەیەكی سەربازی ناكات .

هێزەكانی سوریای دیموكرات، سوپای توركیا و گرووپە چەكدارییە سورییە هاوپەیمانەكانی تۆمەتبار كردووە  بەوەی ڕێكەوتننامەی ئاگربەستیان پێشێل كردووە، بۆیە داوایان لە واشنتۆن و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی كرد چاودێری نێودەوڵەتی بنێرنە ناوچەكە بۆ ئەوەی لەنزیكەوە چاودێری جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی