وردەكاری جموجوڵەكانی سوپای ئەمریكا لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان

کوردستان

03/11/2019‌ 3080 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ئاشكرایكرد، كە شاندێكی سەربازی ئەمریكی پێگەكانی شەرڤانانی سوپای سوریای دیموكرات هەسەدەیان لە قامیشلی بەسەركردووەتەوە.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، سەرباری ئەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو هێزەكانی خۆی لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەكێشێتەوە، كەچی شاندێكی سەربازی ئەمریكی پێگەكانی جەنگاوەرە كوردەكانی نزیك قامیشلی بەسەركردە‌وە.

بەقسەی هەواڵدەرانی ئاژانسەكە 4 زرێپۆشیان بینیووە، كە ئاڵای ئەمریكایان بەسەروە بوون و چوونە ناو بنكەیەكی هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە لەقامیشلی، هەروەها چوونەتە ناو بارەگایەكی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كوردی و بنكەیەكی ئاسایشی كوردی لەو شارەدا.

دوو ڕۆژ لەمەوپێیش، هێزە ئەمریكییەكان بە یاوەری هێزەكانی سوریای دیموكرات چوونەتە بنكەیەكی سەربازی شاری ڕمێلان لەپارێزگای حەسەكە و پێشتریش بە شارۆچكەی "قەحتانیە" دا تێپەریوون.

دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، بە كشانەوەی هێزەكانی لە باكووری سوریا و كردە سەربازییەكەی سوپای توركیا لە سوریا، ئەمە یەكەم تیمی سەربازی گەڕۆكی سوپای ئەمریكایە لە ناوچەكە.

ئەمریكییەكانیش ڕایانگەیاند، بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكان گەڕاونەتەوە باكووری سوریا، تا نەكەونە دەست داعش.

هاوكات سەرچاوەیەكی سەربازی ناو هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە نەیەویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ڕوونیكردەوە لە دانیشتنێكی نێوان ئەمریكا و هەسەدەدا‌، ئەمریكییەكان پرسی جێگیربوونی هێزەكانیان لە شاری قامیشلو تاوتوێكردووە. 

سەرچاوەیەكیش بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، ئەمریكییەكان گەرەكیانە بنكەیەكی سەربازی لە شاری قامیشلی دابمەزرێنن.

لای خۆشییەوە قسەكەرێك بەناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە جیهادییەكان ڕەتیكردەوە قسە لەسەر ئەم پرسە بكات.

لە لایەكی دیكەشەوە هەزارەها لە كوردەكانی قامیشلو خۆپیشاندان و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی لە هەمبەر داگیركارییەكیە سوپای توركیا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان هەروەك پەیامنێرەكەی‌ فرانس پرێس باسی لێوە كردووە.

خۆپیشاندەران  بە دروشمی "بەڵی بۆ بەرەنگاری و بژی هەسەدە"  ناڕەزایی خۆیان دەربڕیووە.

توركیا نیازی وایە 3.6 ملیۆن ئاوارەی سوری نیشتەجێ توركیا بگوازێتەوە بۆ ئەو ناوچە ئارامەی باسی لێوە دەكات و لەوێش نیشتەجێیان بكات.

همبەر حەسەنی تەمەن 45 ساڵ، كە یەكێك بوو لە خۆپێشاندەران وتی: پێیان باشە ئاوارە سورییەكان بگەڕێنەوە خاكی سوریا، بەڵام دەبێت بچنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان و ئەو شوێنەی لێی ئاوارە بوون... ووتیشی با خەڵكی غوتە بچێتەوە غوتە و ئەوانەی حەلەبیش بۆ حەلەب و ئەوانەی ئیدلبیش بۆ ئیدلب.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە