گەمارۆكانی ئەمریكا بوونەتە هۆی خێراكردنی گەشەی ئێران

جیهان

04/11/2019‌ 2072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە، كە ئیسرائیل پێویستی بە پلانێكی ستراتیژی خێرا هەیە بۆ ئەوەی باڵادەستی تەكنەلۆژی خۆی بەسەر وڵاتانی نەیاری بپاریزێت .

جەنەراڵ هێرتزل هالیفی سەرۆكی هەواڵگری ئیسرائیلی، كە یەكێك لە رۆژنامەنووسەكانی نیویۆرك تایمز بەجەنەراڵی فەیلوسووف ناویناوە، بەرپرسە لە بەدواداچوونی هەڵسوكەتی نەیارانی ئیسرائیل و قسە و بیركردنەوەكانیان، لەگەڵ ئاگاداركردنەوەی سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی ئیسرائیل لە هەڕەشە گریمانكراوەكان .

ئەو جەنەراڵە ئیسرائیلییە لە وانەیەكی داخراوی نائاسایی، كە لە ٢٩ی ئۆكتۆبەر لە كۆلێژی ئیدارەی زانكۆی تەلئلەڤیڤ پێشكەشی كرد، وتی: ئەگەر پرسیاری ئەوەم لێبكەن، كە ئایا لەماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا لەگەڵ ئێران دەكەوینە جەنگەوە، ئەوە بەوەڵامەكەم سەرتان سووڕدەمێنێت، ئێمە ئێستا بەشێوەیەكی كردارەكی لەگەڵ ئێران لەجەنگداین و رووبەرووی جەنگێكی تەكنەلۆژی بووینەتەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە، ئەندازیارەكانمان شەر لەگەڵ ئەندازیارە ئێرانییەكان دەكەن.

هالیفی بە رۆژنامەی رۆژانەی هائارتزی ئیسرائیلی وتووە، كە ئەو رەشبینە، هەروەها وتی: ئەمڕۆ ئێمە باڵادەستی تەكنەلۆژیمان هەیە بەسەر ئێراندا، بەڵام ئێران نزیكبووەتەوە ئەو جیاوازییەی نێوانمان كەمبكاتەوە، كە لەساڵی ١٩٧٩ دا هەبوو، لەو كاتەوە ژمارەی خوێندكاران و زانكۆكانی ئێران بیست قات زیادیان كردووە، لەكاتێكدا لە ئیسرائیل سێ قات و نیو زیادیان كردووە، لەئێران پەیوەندیكردن بەبەشەكانی زانست و تەكنەلۆژیا و ئەندازیاری و بیركاری رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە، بەواتایەكی تر لەو جەنگە تەكنەلۆژییەدا ئیسرائیل دۆراو دەبێت.

رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، كە پەیمانگای س.نیمان لە پەیمانگای تەكنیون لە حەیفا، لە راپۆرتی سەرمایەی مرۆیی لە زانست و تەكنەلۆژیا بەراوردی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران و توركیا دا كردووە، ئەو راپۆرتەش نوێكردنەوەی راپۆرتێكی پێشووترە، كە لە ساڵی ٢٠١١ دا كراوە .

بەپێی داتاكانی ناو راپۆرتەكە، لە دەیەی رابردوودا لە ئیسرائیل بۆ هەر ١٠٠٠ خوێندكار ١٤ خوێندكار پەیوەندیان بە بەشەكانی زانست و تەكنەلۆژیاوە دەكرد، لەكاتێكدا ئەو ژمارەیە لە ئێران ٢٥ بووە و لەماوەی ١٠ ساڵدا دووقات زیادیان كردووە، لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٤ لە پۆلێنی شەنگەهای بۆ باشترین ١٠٠ زانكۆی باشی جیهان، زانكۆكانی ئیسرائیل لە ٤ زانكۆوە بۆ ٣ زانكۆ دابەزیون ، لەكاتێكدا بۆیەكەمجار ئێران توانیویەتی بێتە ناو باشترین ١٠٠ زانكۆی جیهانەوە.

ئێستا لە ئێران ملیۆنێك خوێندكاری كۆلێژەكانی زانست و ئەندازیاری هەیە ، كە لە ساڵی ٢٠٠٤ وە بەڕێژەی ١٦١% زیادی كردووە ، بەراورد بەو ماوەیە ڕیژەی خوێندكارانی ئیسرائیل لەو بوارەدا تەنیا ٢٠% زیادی كردووە و گەیشتۆتە ١٠٧٠٠٠ خوێندكار .

بەگوێرەی داتاكانی  Thomson-Reuters، كە كۆمپانیایەكی زانیاریی جیهانییە و بارەگاكەی لە نیویۆرك و تۆرنتۆیە، لەسەر ئاستی جیهانی ئێران خێراترین گەشەی لەبواری بەرهەمهێنانی زانستیدا هەیە ، بەشێوەیەك لە ساڵی ٢٠١٣ ئێران مەیموونێكی نارد بۆشایی ئاسمان و بەسەلامەتیش گێرایەوە بۆسەر زەوی .هەروەك ئێران خاوەنی مووشەكگەلێكە بۆ هەڵدانی مانگی دەستكرد كە دەتوانن بارێكی گەورەی سەربازی هەڵبگرن .

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە گەمارۆ ئابوورییەكانی وڵاتانی رۆژئاوایی بوونەتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ خێراكردنی پێشكەوتنی ئێران لەرووی زانستییەوە ، بەگوێرەی راپۆرتێكی زانستی یونسیكۆ كە لەمدواییە بەناوی "بەرەو ٢٠٣٠" دەری كردووە ، گەمارۆكانی رۆژئاوا بوونەتە هۆی گواستنەوەی ئێران لە ئابوورییەكی پشتبەستوو بە سەرچاوە سرووشتییەكان بۆ ئابوورییەك كە پشت بە زانست و زانیاری دەبەستێت .

بەگوێرەی راپۆرتەكەی یونیسكۆ ، لەساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠١١ ژمارەی ئەو كۆمپانیا ئێرانیانەی لەبواری توێژینەوە و پەرەپێدان كار دەكەن دووقات زیادیان كردووە ، هەروەك بەپێی هەمان راپۆرت ئێران پلەی حەوتەمی جیهانی هەیە لەرووی قەبارەی كاغەزی زانستی پەیوەست بە تەكنەلۆژیای نانۆ .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی