پۆتین چەكی روسیا بە باشترین چەكی جیهان دەزانێت

جیهان

08/11/2019‌ 706 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا وتی: چەكە نوێكانی روسیا لەجیهاندا هاوشانیان نییە، هەروەك جەختی كردەوە ئەو چەكانە بۆ هەڕەشەكردن لەهیچ كەس بەكارناهێنرێن .

سەرۆكی روسیا لەكاتی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ گەورە فەرماندەكانی سوپای روسیا باسی لەوەش كرد، كە هیچ دەوڵەتێك لە جیهاندا نییە خاوەنی چەكی لەدەنگ خێراتر و چەكی لێزەری و جۆرە چەكی تر بێت وەك ئەوەی روسیا دروستیان دەكات . 

بەگوێرەی ئاژانسی "ئەسۆشیەتد پرێس" پۆتین جەختیكردووەتەوە، كە ئەو جۆرە چەكانە لەژێر سایەی زیادبوونی هەڕەشەكان تەنیا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی روسیا دروستكراون .

بەهۆی قەیرانی ئۆكرانیا و قەیرانەكانی تر، پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و وڵاتانی رۆژئاوا لەدوای جەنگی ساردەوە هەرگیز بەئەندازەی ئێستا تێكنەچوون .

لەساڵی ٢٠١٨ پۆتین كۆمەڵێك چەكی نوێی ئاشكراكرد، لەنێوانیاندا فرۆكەیەك، كە خێراییەكەی لەخێرایی دەنگ زیاترە و فرۆكەی ناوەكی بێفرۆكەوان، كە دەتوانێت لەژێر ئاودا بروات و مووشەكی كرووز، كە بە وزەی ناوەكی كار دەكات .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی