كاریگەری خۆپیشاندانەكانی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان

عیراق

08/11/2019‌ 2093 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەددین، دكتۆر ھەڵمەت غەریب ئاماژە بەوە دەكات، كە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا چەند جارێك دەرفەت دراوە بە حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی چاكسازی لە سێكتەرە جیاوازەكاندا بكات، بەڵام حكومەتی عێراق ھیچ كارێكی كردەیی ئەنجام نەداوە و سەرئەنجام خۆپیشاندانی گەورەی لێكەوتووەتەوە و پێشبینی دەكەن ئەم خۆپیشاندانە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی لێ بكەوێتەوە، ئەوەش دەخاتەڕوو پێویستە كورد لەم قۆناغەدا چاودێری بارودۆخەكە بكات.

لەسەرەتای مانگی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەری بەرفراوان بووەتەوە و تائێستا بەردەوامی ھەیە، داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران جگە لە باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، دابینكردنی ھەلی كار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لەكارخستنی حكومەتەكەی عەبدولمەھدییە. 

بە ھۆی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ كەس كوژراون و نزیكەی سێ ھەزاری دیكەش برینداربوون.

دكتۆر ھەڵمەت غەریب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ دەشڵێت: خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی عێراق بریتییە لە توڕەبوونی خەڵك لە چینێكی گەندەڵ لە عێراقدا، ئەم چینە توانای ئیدارەدانی دەوڵەتی نییە، سەرەڕای ئەوەی چەندین دەرفەتیش دراوە بەو چینە گەندەڵەی عێراق بەڕێوەدەبەن بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٠دا دوای ئەوەی خۆپیشاندانەكان دەستیپێكرد و دەرفەتێك بە دەسەڵاتداران درا و خۆپیشاندانەكان دامركایەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ش بە ھەمانشێوە خۆپیشاندانەكان دامركایەوە، بۆ ئەوەی ئەو چینە شیعەیە بەخۆیاندا بچنەوە و بابەتی دەوڵەتمەداری بكەن بە گرنگیپێدانی خۆیان و بنچینەی ژێرخانی ئابووری و سیاسیی و ئیداریی عێراق ھەڵبستێتەوە.

ھەڵمەت غەریب پێی وایە ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتی عێراقییان بەدەستە ناتوانن شتێك پێشكەش بە عێراق بكەن، كە ببێتە مایەی دامركاندنەوەی شەقام و لەمبارەیەوە وتی: "بەداخەوە ئەو چینەی ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستە و كاتی خۆی لە رێگای ھێزی ئەمریكاوە گەڕاونەتەوە عێراق ھیچ شتێكیان پێ نییە كە پێشكەیش بە عێراقی بكەن، بۆیە ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە لە خۆپیشاندانەكانی پێشووتر جیادەكاتەوە ئەوەیە كە خۆپیشاندەران ھیچ سەركردەیەكیان نییە و گوێ بۆ ھیچ كەسێك راناگرن، تەنھا داواكارییەكانی خۆیان نەبێت.

ھەڵمەت غەریب وتیشی: "ئەم نەوەیەی، كە ھاتووەتە سەرشەقام ئیعتیبار بۆ ھیچ شتێك دانانێت، نە بۆ مەرجەعییەت نە بۆ سەرۆكایەتی دەوڵەت، بەڵكو ئامانجی ئەوەیە كە ئەم چینە گەندەڵە لە دەسەڵات لابدات، ئەمەش خاسیەتی جیاكەرەوەیە لە نێوان خۆپیشاندانەكانی ئێستا و رابردوودا.

لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكان و بەكارھێنانی توندوتیژی ئاراستەی خۆپیشاندانەكانی عێراق بەرەو خواستی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رۆیشت، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حكومەت وەڵامی داواكاری خۆپیشاندەران ناداتەوە و دەستلەكارناكێشێتەوە بەبێ بوونی جێگرەوەیەكی روون و خێرا، لەھەمانكاتدا ئامادەیی دەستلەكاركێشانەوەی بەپەلەی راگەیاند ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لەسەر جێگرەوەیەك بگەنە رێكەوتن. دكتۆر ھەڵمەت غەریب لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر بێت و توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران نەكرێت، پێموایە بەشێكی گەورە لە داخوازییەكانی خۆپێشاندەرانی عێراقی دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە، پێشموایە سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی دەستلەكاردەكێشێتەوە و تەسلیمی ئیرادەی شەقام دەبێت.

دكتۆر ھەڵمەت غەریب ئەوەشی وت: "بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی، سفركردنەوەی ھاوكێشەی سیاسییە لە عێراق گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر، ئەمەش پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق زۆر قوڕس دەكات و رەنگە زیاتر لە ساڵێك بخایەنێت تاوەكو پڕۆسەی سیاسیی دەستپێدەكەنەوە، پێشموانییە كە لە رێگای پڕۆسەی دیموكراسییەوە داواكارییەكانی خەڵك جێبەجێ بكرێت".

رۆژی ٥ی تشرینی دووھەم سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەركۆماری عێراق بەرھەم ساڵح كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی بۆ ھەموو پارتە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان رێكخست.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە پێكھاتەكانی مەسیحی و توركمان ئامادە بوون، ھاوكات لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر داواكاریی رەوای خۆپیشاندانەكان كرایەوە، راگەیاندرا كە ھەرێمی كوردستان پشتیوانی لە چاكسازییەكانی سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەھدی دەكات و ئامادەیە یارمەتیدەری پڕۆسەكەش بێت.

سەبارەت بەو پرسە دكتۆر ھەڵمەت غەریب وتی: "كورد دەبێت لە حاڵەتی چاودێریدا بێت چونكە ناكرێت بچینە ناو پڕۆسەیەك كە شەڕی شیعە و شیعەیە".

ئەو مامۆستایەی زانكۆی سەڵاحەدین ھاوكات جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەوە بەو مانایە نییە كورد لە بەرانبەر خۆپیشاندانەكان بێ ھەڵوێست بێ و دەڵێت: "كورد نابێت خۆی لە بەغدا بە دوور بگرێت".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەبارەت بە پرسی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق كە ماوەیەكە لەچوارچێوەی داواكاری خۆپیشاندەران، لیژنەی تایبەتی بۆ دروستكراوە و كوردیش شەش ئەندامی لە كۆی ١٨ ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوەەی دەستووری عێراق كە بە واژووی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێكھێندراوە، هەیە، دكتۆر ھەڵمەت غەریب دەڵێت: "تێگەیشتنێك ھەیە لە عێراق دەڵێن ھۆكاری ئەوەی كە عێراق لەو بازنە فاشیلە دەخوڵێتەوە ئەو دەستوورەیە كە ھەیەتی، لە راستیدا ئەم دەستوورە كێشەی گەورەی بۆ بونیادنانی عێراق دروستكردووە، بۆیە بەشێكی زۆری داواكارییەكان سیاسیین و لە رێگای جەماوەرییەوە دەكرێن، ئەمەش یەكێكە لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران كە پەرلەمانی عێراق دەیەوێت تەحقیقی بكات، بەڵام پرسیاری جیدی ئەوەیە كە ئایا توانای دەستكاریكردنی دەستوور ھەیە یان نا، من پێموایە كە ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراقی پڕۆسەیەكی قوڕسە، ئەگەر بڵێم لە نوسینەوەی دەستوورێكی نوێ بۆ عێراق قوڕسترە، كەمتر نیە، بۆیە دەبینین گفتوگۆیەكی گەرم ھەیە كە چۆن كۆدەنگیەك لەسەر رەشنووسی دەستوور ئامادە بكرێت".

ھەڵمەت غەریب گوتیشی: "لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە كە ئەم ھەمواركردنە زەمانەتێكی پاك و بێگەرد بۆ ھەڵبژاردنەكان بەدیبھێنێت، ئەوەی گرنگە لەو داواكارییانەی خۆپیشاندەران و بڕیارەكانی حكوومەتیش دەبێت كورد ھەڵوەستەیەكی جیددی بكات و، دەبێت كوردیش بە پاكێجێك لە مافەكانی بەشداری ھەمواركردنەوەی دەستوور بكات و داواكارییەكانی خۆی لەناو ئەم پاكێجە جێبكاتەوە".

ئەو مامۆستایەی زانكۆی سەڵاحەدین ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بە پێویست دەزانێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: "بە زەرورەتی دەزانم دەستووری عێراق ھەمواربكرێتەوە بەڵام بەوپەڕی ھۆشیارییەوە، چونكە دەستكاری دەستوور ئەگەر لەسەر بنەمای پڕۆژەی ھاوبەش و چارەنووسساز نەبێت ئەوا عێراق دەباتە سەر كەناری دابەشبوون".

هـ ـ ح