ئێران بۆ خۆدزینەوە لەگەمارۆكان بەشێك لەكارگەكانی ئۆتۆمبیلی دەباتە توركیا

جیهان

10/11/2019‌ 867 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "ئەحوال"ی توركیا ئاشكرایكردووە، كە بۆ خۆدزینەوە لەگەمارۆ ئەمەریكی و نێودەوڵەتییەكان، ئێران بەشێك لەوەبەرهێنانەكانی بەتایبەتی لە بواری پیشەسازی دروستكردنی ئۆتۆمبیل بۆ توركیا دەگوازێتەوە .

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كۆمپانیای "ئێران خودرو"، كە گەورەترین كۆمپانیای دروستكردنی ئۆتۆمبیلە لە ئێران خەریكی هەڵسەنگاندنی بنیاتنانی كارگەیەكە لە شاری وانی باكووری كوردستان .

پێشبینی دەكرێت كارگەكە لەسەر رووبەری ٥٠ هێكتار لەناوچەی پیشەسازی ویلایەتی وان بنیاد بنرێت و چاوەڕێش دەكرێت لەقۆناغی یەكەمدا دەرفەتی كار بۆ ١٠٠٠ كەس برەخسێنێت .

لای خۆیەوە محەمەد ئەمین بیلمیز والی وان و سەرۆكی شارەوانی وان بەوەكالەت بەئاژانسی هەواڵی توركیای رایگەیاندووە، لەم ماوەیەی دوایدا چەندین جار پەیوەندیان بە لایەنی ئێرانییەوە كردووە بەمەبەستی بنیاتنانی ئەو كارگەیە .

بیلمیز راشیگەیاندووە، كە گەلێك كۆمپانیای ئێرانی بەهۆی گەمارۆكانەوە كارگەو كارخانەكانی خۆیان بۆ وڵاتانی تر گواستووەتەوە، ویلایەتی وانیش باشترین جیگایە بۆ ئەو كۆمپانیایانە .

لەدوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێكەوتننامەی ناوەكی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز، كە لە ساڵی ٢٠١٥ واژووكرا، ئێران رووبەڕووی گەلێك سزای ئابووری قورس بووەتەوە، بەڵام توركیا تاڕاددەیەكی زۆر پابەندی گەمارۆكان نەبووە و بەردەوام بووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ تاران.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی