لێكۆڵینەوەیەكی نوێ یەكەمین لانكەی مرۆڤایەتی ئاشكرادەكات

جیهان

11/11/2019‌ 1438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێ ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە یەكەم لانكەی مرۆڤایەتی دەكەوێتە هەرێمی باشووری رووباری زامبیزی ببتسوانا، مرۆڤی هاوچەرخیش دوای گۆرانی كەشوهەوا و دۆزینەوەی ناوچەی نوێ، كە سەرچاوەكانی ژیانی بۆ دابین دەكرد ناوچەكەی جێهێشتووە .

بەگوێرەی پێگەی "بی بی سی" لێكۆڵەران پێیانوایە باوباپیرانمان نزیكەی پێش ٢٠٠ هەزار ساڵ لەنزیك سیستەمی دەریاچە گەورەكانی ئەفریقا نیشتەجێبوون، كە ناسراوە بە ماكادیككادی .

لێكۆڵەران لە لێكۆڵینەوەكەیاندا، كە لەگۆڤاری "سرووشت"دا بڵاویانكردووەتەوە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە مرۆڤی سەرەتایی پێش ئەوەی ناوچەكە جێبهێڵن نزیكەی بۆ ماوەی ٧٠ هەزار ساڵ لەوێ سەقامگیر بوون، ئەوەش رێگای بۆ خۆشكردوون لەدوای ئەوەوە لە ئەفریقیاوە كۆچ بكەن .

پرفیسۆر ڤانیسا هایز، لە پەیمانگای "گارڤان" بۆ لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان لە ئوسترالی دەڵێت: ئەوەی بۆماوەیەك روون بوو ئەوە بوو، كە مرۆڤی هاوچەرخ نزیكەی ٢٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەفریقیا دەركەوتووە.

هایز دەشڵێت: دوای نزیكەی ٧٠ هەزار ساڵ مانەوە لە ئەفریقا، دەستیان كرد بە كۆچكردن بۆ ئەو ناوچانەی بەپیتترن، گۆرانكارییەكان و دابارینی باران لەسەرناسەری ناوچەكە وایكرد نزیكەی ١٣٠  و ١١٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا سێ شەپۆلی كۆچكردن رووبدەن .

ئەوان یەكەم شەپۆلی كۆچكردن بەرەو باكووری رۆژهەڵات رۆیشتوون، دواتر شەپۆلی دووەمی كۆچەكە بەرەو باشووری رۆژئاوا رۆیشتوون لەكاتێكدا سێیەكی دانیشتووان تاوەكو ئێستا لە زێدی خۆیان ماونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا دەرئەنجامەكانی هایز گومانی لای لێكۆڵەرانی تری بوارەكە دروست كردووە، كە یەكێك لە شارەزاكان بە پێگەی "بی بی سی" وتووە: ناتوانین تەنیا لەسەر ترشی ناوەكی مایتۆكۆندریا چیرۆكی ڕەچەڵەكی مرۆڤایەتی دابرێژینەوە، شیكردنەوەكانی تر ئەنجامی جیاوازیان بەدەستەوەداوە.

ئەوەشی وتووە: لێكۆڵینەوە بە بەردبووەكانی تر پەنجەیان بۆ ئەوە درێژ كردووە، كە رەچەڵەكی مرۆڤی هاوچەرخ رۆژهەڵاتی ئەفریقایە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی