لەبودجەی ساڵی داهاتووی عێراق ٢٣٩ هەزار كەس دادەمەزرێنرێت

عیراق

12/11/2019‌ 555 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  ئاشكرایكرد، لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی فیدراڵی جێگای دامەزراندنی ٢٣٩ هەزار فەرمانبەر كراوەتەوە.

فازڵ جابر ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكدا دەڵێت: لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ دا دامەزراندنی ٢٣٩ هەزار پلەی وەزیفی لەخۆگرتووە.

هەروەها دەڵێت: هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی ژمارەیەكی زۆر دەفەتی دامەزراندنی نوێی رەخساندووە، كە هۆكارێك دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی بێكاران لەریزی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان .

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی سەرپەرشتی دابەشكردنی ئەو پلە وەزیفییانە دەكات بەسەر پارێزگاكان و وەزارەتەكاندا.

روونیشیكردووەتەوە ئەو دامەزراندنە بۆ دەرچووانی زانكۆ و هێزی گەنجانە تا خزمەتی وڵاتی پێبكەن.

پێشتر ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەختیكردبووەوە، لەماوەی داهاتوودا كەرتی تایبەت رۆڵێكی گەورەی دەبێت لە رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ بێكاران، هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەش كردبوو، كە بەشێوەیەكی كردارەكی بەشی زۆری داواكاری خۆپیشاندەران جیبەجێ دەكرێن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی