تائێستا رێككەوتنیان لەسەر نەكراوە
ناوەڕۆكی چەند پرۆژیەك بۆ كۆنگرەی یەكێتی

کوردستان

12/11/2019‌ 1484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند پرۆژەیەك بۆ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی ئامادەكراوە، بۆ ئەوەی رێككەوتنی لەسەر بكرێت‌و بەیەكێك لەو پرۆژانەوە بچنە كۆنگرە، بەڵام تائێستا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، ئەوەش بەهۆی رەتكردنەوەی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، یەكێك لەپێشنیازەكان ئەوەیە، كە لیستێكی 60 بۆ 80 كەسی دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو كەسانە دەنگی زۆرینەی كۆنگرە بەرنەوەو وەك ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێرێن‌و دواتر ئەندامانی مەكتەبی سیاسیان لێ دیاریبكرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەپرۆژەكە ئەوەش هاتووە، كە دەستەیەك بۆ سەركردایەتی دیاریبكرێت‌و ئەو دەستەیە كەسێك سەرۆكایەتیان بكات، بەناوی سەرۆكی قەوارەی یەكێتی.

جگە لەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی تریش ئامادەكراوە، دەستەیەك بۆ بڕیاردان لەناو یەكێتی دروست بكرێت‌و وەك كەسی یەكەم بڕیار بدەن، لەگەڵ ئەوەش دەستەی كارگێڕی نەمێنێت‌و ببێتە دەستەی جێبەجێكردن.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەوەی تائێستا رای زۆرینەی لەسەرە پێشنیازی دروستكردنی لیستێكی 60 بۆ 80 كەسییە بۆ سەركردایەتی‌و هەندێك لەئەندامانی سەركردایەتیش بە بەتاڵی بهێڵرێتەوە بۆ دوای كۆنگرە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە ئەو پێشنیازە سەرەڕای ئەوەی زۆرینە لەگەڵیدان، بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی رەتیانكردووەتەوە، بۆیە تائێستا رێككەوتنی كۆتایی لەبارەوە نەكراوە.

بڕیارە مانگی 12ی داهاتوو كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ببەسرێت، كە چەند ساڵێكە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نەبەسراوە، تائێستاش ئەو كێشانە بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح