ڕاستڕەوەكانی فەرەنسا داوا دەكەن مامەڵەیەكی توند لەگەڵ ئەردۆغاندا بكرێت

جیهان

13/11/2019‌ 1862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیاری ناردنەوەی داعشە بەندكراوەكانی هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەوروپی لەلایەن توركیاوە بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا، كاردانەوەی لێكەوتەوە و بە توندی بڕیارەكەیان ڕەتكردەوە.

بەرپرسێكی ڕاستڕەووە توندڕەووەكانی فەڕەنسا، داوای لە یەكێتی ئەوروپا كرد بە یەكجاری داواكەی توركیا بۆ بوونە ئەندام لە یەكێتییەكەیان‌ زۆر بە توندی ڕەتبكاتەوە.

رۆژی 2 شەممەی ڕابردوو،‌ ئەنقەرە دەستیكرد بە دوورخستنەوەی چەكدارە بیانییەكانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی كە دەستگیری كردوون، سێ چەكداری دوورخستوونەوە، بەم زووانەش 22 چەكداری دیكە دووردەخاتەوە كە ئەڵمانی و فەڕەنسین.

ڕۆژی 3 شەممە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەوەی بیر توركیا هێنایەوە كە ئەنقەرە پێشتریش چەند چەكدارێكی جیهادی و خێزانەكانیانی ناردونەتەوە فەرەنسا.

جۆردان باردیلای جێگری سەرۆكی پاتری گردبوونەوەی نیشتمانی ڕاستڕەووی توندڕەوو، لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی فەڕەنسا 2 ووتی : چی دیكە لە توانایاندا نییە بەرگەی فرتوفێڵ و قورتوقولاپی سوڵتانە ئیسلامییەكەی‌ توركیا بگرن. بۆیە دەبێت یەكیەتی ئەوروپا زۆر بە توندی و بەیەكجاری داواكاری توركیا بۆ بوونە ئەندام لە یەكیەتییەكەیان ڕەتبكاتەوە، پێدانی ئەو ملیۆن و ملیار دۆلارانەش بوەستێنێت كە ساڵانە دەدرێنە توركیا وەك سەرەتایەك بۆ بوونە ئەندام لە یەكیەتییەكەیان و بەرگرتنی بە لێشای شەپۆلی ئاوارەكان بەرەو ئەوروپا. 
بۆردیلا دووپاتیكردەوە، كە وەرگرتنەوەی جیهادییەكان ڕەتدەكەنەوە.. لەگەڵ ئەوەشە تێوەگلاوانی تیرۆر بە حوكمی هەتا هەتایی سزا بدرێن، ئەمە ئەگەر ئەو چەكدارانە بهێندرێنەوە فەڕەنسا و دادگایی بكرێن. 

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەوەشی ڕوونكردەوە، كە گێڕانەوەی جیهادییەكان بۆ وڵاتەكانیان بە گوێرەی ڕێككەوتننامەیەك دەبێت، كە لە ساڵی 2014  واژۆ كراوە و  "برنار كازانۆڤ" ی وەزیری ناوخۆی فەڕەنسای پێشوو، ئەو كات دانوستانی لە بارەوە كردووە، ووتیشی ئێستا كار بەو ڕێككەوتننامەیە دەكرێت.

" كریستۆڤ كاستانێری" ی وەزیری ناوخۆیی ئێستای فەڕەنسا ووتی ووڵاتەكەی ئەو 11 جیهادییە وەردەگرێتەوە كە گومانی توندڕەوویان لی دەكرێت و لە توركیا دەستگیر كراون.

هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان هەریەك لە واشنتۆن و هاوبەشە سەرەكییەكانی ئەنقەرەی لە پەیمانی ناتۆ توڕە كردووه،‌ كە لە گەڕانەوەی داعش دەترسن. ئەوروپییەكان ترسیشیان هەیە لە وەرگرتنەوەی ئەو چەكدارە داعشە توندڕەووانە كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپین.

فەڕەنسا مكوڕە كە ئەو فەڕەنسییە‌ توندڕەوانە وەناگرێتەوە كە لە باكوری سوریا دەستگیركراون و ژمارەیان 400 بۆ 500 كەس دەبن و 60 كەسیان چەكدارن. فەڕەنسا گەرەكیەتی لەوبارەوە ڕیككەوتنێك لەگەڵ عێراقدا مۆر بكات بە مەبەستی دادگاییكردنیان.

كاستانێر وتیشی: هەر كات ئەو چەكدارە توندڕەووە فەڕەنسییانە گەڕانەوە ڕادەستی دادگای فەڕەنسی دەكرێن. ووتیشی تا ئێستا و بە گوێرەی ڕێككەوتنامەی ساڵی 2014 نزیكەی 250 فەڕەنسی گەڕێندراونەوە وڵات.

توركیا دەڵێت: 287  چەكداری فەڕەنسی لە باكوری سوریا دەستگیر كردوون، سەدەهای دیكەش بەو تۆمەتە دەستبەسەرن. توركیاش ئەو دەوڵەتە ئەوروپییانە بە خەمساردی تۆمەتبار دەكات و پێی وایە نایانەوێت ئەو چەكدارانە وەرگرنەوه كە بۆ شەڕكردن هاتوونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە