توركیا كۆبوونەوەی بۆ نوێنەری قاسم سلێمانی‌و ئیخوان رێكخستووە

جیهان

19/11/2019‌ 1621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شرپرێس:
ماڵپەڕی رۆژنامەی The Interceptی بڵاویكردەوە، كە ساڵی 2014 كۆبونەوەیەك لە ئاستی بەرزدا لە نێوان فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران و كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لە توركیا ئەنجامدراوە.

ماڵپەڕەكە پاڵپشت بە چەند بەڵگەنامەیەكی دزە پێكراو لە وەزارەتی هەواڵگری ئاسایشی نیشتمانی ئێرانییەوە گواستوویەتییەوە، كە كۆبوونەوەكە لە نیسانی ساڵی 2014 لە ئوتێڵێكی توركیا گرێدراوە، سەبارەت بەوەی هەردوولا چۆن بتوانن هاوكاری یەكتری بكەن لەدوای لەسەر كارلادانی محەمەد مورسی لە میسر.

ماڵپەرەكە، هێمای بۆ ئەوە كردووە كۆبوونەوەی نێوان دوو هێز لە دوو جەمسەری پێچەوانەی یەكتری لە گەمە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە چركەیەكی رووگیردا بەستراوە بەلای هەردوولاوە، كاتێك بووە مورسی كەنارگیركراوەو رێكخراوی داعش دەستی بەسەر رووبەرێكی فراوانی خاكی عێراقدا گرتبوو، لەم نێوەندەشدا توركیا دیاریكراوە بۆ میوانداری دیدارەكە وەك دەوڵەتێكی ناوازە، بەوەی پەیوەندی باشی لەگەڵ هەردوولایاندا هەبووە.

راپۆرتەكە دووپاتیدەكاتەوە، كە توركیا فیزەی بەچوونە ناوەوەی فەرماندەی فەیلەقی قودس (قاسم سلێمانی) نەداوە، بۆیە بەرپرسی گەورەی تر لەو فەیلەقە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە بەسەرۆكایەتی یەكێك لە نوێنەرەكانیان بەناوی (ئەبو حسین).

لەلایەن ئیخوانیشەوە سێ بەرپرسی گەورەی كۆمەڵەكە بەشدارییان كردووە، ئەوانیش ئیبراهیم مونیر و مەحمود ئیبیاری و یوسف نەدا بوون، بەڵام كەسی سێیەم لە قسەكردنیدا بۆ ماڵپەرەكە رەتیكردووەتەوە ئەو جۆرە دیداری ئەنجام درابێت.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكە، وەفدی ئیخوان ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە، پێویستە هاوكاری لە نێوان هەردوولادا هەبێت، لەگەڵ ئەوەی ناكۆكی دیاریش لە نێوانیاندا هەیە، لەسەر بنەمای لایەنی هاوبەش، لە نێویاندا دوژمنداری سعودییە، كە وەسفیان كردووە بە دوژمنی هاوبەش.

ئیخوان موسلمین داوایان لە ئێران كردووە هەوڵ بدەن پەیوەندی نێوان حوسیەكان و هۆزە سونییەكانی ئەو وڵاتە باش بكەن بۆ ئەوەی هێزەكانیان دژی سعودییە بەكاربهێنن، ئەوانیش ئامادەن هاوكاری ئێران بكەن لەچارەسەركردنی ئاڵۆزییە تائیفییەكان لە عێراق و هەلیش بە سونەكان بدرێت بەشداری لە حكومەتی عێراقدا بكەن.

لەهەمان كاتدا، ئیخوان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە ناتوانن ناكۆكییەكانیان لەگەڵ ئیراندا تێپەڕێنن لە بارەی دۆسیەی سوریاوە و هەر پاڵپشتیەكی ئێرانیشیان رەتكردووەتەوە دژی حكومەتی میسر.

شاندەكەی ئیخوان باسیان لەوەش كردووە، كۆمەڵەكەیان پابەندە بە میتۆدی چاكسازی و گۆڕانكاری ئاشتییانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتویانە: زیاتر لە ئێرانییەكان، خۆیان لەسەر ئارام گرتن ڕاهێناوە.

لای خۆشیەوە، شاندی فەیلەقی قودس، دروست كردنی بنەمای هاوپەیمانی (شیعە-سونە) یان رەتكردووەتەوە، بەوەی هیچ ناكۆكیەكیان لەگەڵ ئیخواندا نییە، بەڵام شاندی ئیخوان ئەم هەڵوێستەیان لا پەسەند نەبووە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا