لاهور شێخ جەنگی: هیچ هێڵێكم نییەو سەر بەهیچ كوتلەیەكیش نیم

ڕاپۆرت

20/11/2019‌ 2164 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە بۆ كۆنگرەی یەكێتی دژی تەوافوقە، بەڵام لەگەڵ لێكتێگەیشتندایە و لە هەڵبژاردنی كۆمیتەكاندا یەكێتییەكان هەموو براوە بوون و هەق نییە هیچ كەسیش خۆی بە دۆڕاو یان براوە بزانێت.

لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت: من هیچ هێڵێكم نییە و كادرێكم سەر بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستانم، سەر بە هیچ كوتلەیەك نیم.

لە سەروبەندی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی چواری یەكێتی، كە بڕیارە لە 7ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و لە ئێستاشدا، كە هەڵبژاردنی كۆمیتەكان ئەنجام دراوە، لاهور شێخ جەنگی، لە چاوپێكەوتنێكی هەفتەنامەی ״ئاژانس״دا زانیاریی نوێ لە بارەی ئەو پڕۆسەیە و تێڕوانینیان بۆ یەكێتیی دوای كۆنگرە دەخاتە ڕوو.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژە بەوە دەكات، كە لەم كۆنگرەیەدا كار بۆ ناساندنی ״یەكێتی نوێ״ دەكەن و دوای كۆنگرەش یەكێتی دەبێتە حیزبی دەستپێشخەر ‌و ڕێ بە سیاسەتی ناحەكیمانەی هیچ لایەنێك نادات، لە بەرامبەر نەیارەكانیشیدا بێدەنگی تێدەپەڕێنێت و دەستپێشخەری دەكات و 

هەروەها دەڵێت: باوەڕ ناكەم هیچ كەسێك یاخود ئیرادەیەك هەبێت بتوانێت ڕێگری لەم كۆنگرەیە بكات.

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە بەردەم كۆنگرەیەكی مێژوویی و تا ڕادەیەك سەختدایە، ئایا كۆنگرە تا چەند توانای نوێكردنەوە و گۆڕانكاریی بنچینەیی هەیە لە یەكێتییدا؟ خەڵك و كادرانی یەكێتیی چاوەڕێی چی لەم كۆنگرەیە بكەن؟

لاهور شێخ جەنگی: چەند ساڵێكە باس لە ״نوێكردنەوەی یەكێتیی״ دەكرێت، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا ئێمە كار بۆ ناساندنی ״یەكێتیی نوێ״ دەكەین.

دوای كۆنگرە، یەكێتیی گوتاری میانەڕەوی ناسیۆنالیستی دەپارێزێت، نەتەوەیی و نیشتیمانیبوون پەرە پێ دەدات. بە تەواوی مانا، زیندووێتیی خۆی وەكو حزب بەرجەستە دەكات. لە پێناو چاكەی گشتی، بایەخی تەواو بە بواری پلاندانانی ستراتیژی و جێبەجێكردنی پلانەكان دەدات. بایەخ دەدات بە درووستكردنی كادری پێشكەوتوو. سێكتەرەكان لە یەكتری جیا دەكاتەوە. بە بەرنامەی ورد، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی پێش دەخات و لە ڕێگەی حزب و حكومەتەوە، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر خەڵك و ئاسوودەییان.

بێگومان یەكێتیی دەستپێشخەر دەبێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوە هەستیارەكان و هەوڵ دەدات خەڵكی كوردستان ڕێنوێنی بكات بە ئاڕاستەی خۆشگوزەرانی، ئارامی و سەقامگیری. بایەخی زۆر بە خەڵكی هەژار و چینەكانی خوار ناوەڕاست دەدات لە ڕووی ئابوورییەوە، دەبێتەوە بە بەشێك لە خەڵك. حزبێكی سۆشیاڵ-دیموكرات دەبێت و كار بۆ ئاسایش و ئاسوودەیی منداڵ و پیر و خاوەن پێداویستی و هێزی كار دەكات و دەستتێوەردانیشی نابێت لە بازاڕ و كەسابەتی خەڵكدا. دوای كۆنگرە، پرسگەكان لە نێوان بەرپرسانی یەكێتیی و خەڵكدا هەڵدەگیرێن.

بۆ چینی ناوەڕاست، یەكێتیی نوێ، كۆمەڵێك بەهای باڵا و بنەمای فیكریی هاوبەشی دەبێت، كە پێیانەوە پابەند دەبێت. خوێندنەوە و شیكردنەوەی بێلایەن و وردی دەبێت بۆ ڕووداوەكان و پشتبەستوو بەو دنیابینییە، بەرگری لە بەها پێشكەوتنخوازەكانی وەك دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی و ئاشتی و مافی چارەی خۆنووسین و ڕۆشنبیریی گشتی دەكات. ئەم یەكێتییەی دوای كۆنگرە، لە بەرامبەر نەیارەكانیدا بێدەنگی تێدەپەڕێنێت و دەستپێخشەری دەكات و لەگەڵ حزب و لایەنە كوردستانییە دۆستەكانیش، بەرنامەی سیاسی و چاكسازیی هاوبەشی دەبێت. بە دڵنیاییەوە، ئەمانە ڕوو بدەن، یەكێتیی بەرەو باڵادەستیی مێژوویی خۆی دەكشێت و هەموو ئەمانەش مژدەی ژیانێكی شایستەتری پێ دەبێت بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

بەڕێزتان لە وەڵامی پرسیارەكەدا، تەركیزتان لەسەر دوو خاڵی سەرەكی بوو، بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستان و هەروەها باسی ״یەكێتیی نوێ״تان كرد. ئەگەر بكرێت وردەكاریی زیاتر بدەیت لەسەر ״یەكێتیی نوێ״؟

لاهور شێخ جەنگی: یەكێتیی نوێ، كار دەكات كە سەروەتی مەعنەویی هەڤاڵ مام جەلال، هیواكانی مام جەلال و خەباتی هەڤاڵەكانی و ئاواتی شەهیدانی یەكێتیی و تێكۆشەرانی، بۆ ژیانێكی باشتر بەرجەستە بكات.

یەكێتیی نوێ، فیكری سیاسیی نوێ دابین دەكات، كە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكدا بێت و بتوانێت لەگەڵ پێویستییەكانی قۆناغەكە و لەگەڵ چاوەڕوانییەكانی كەسانی پێگەیشتووی گەلەكەماندا، یەك بگرێتەوە. لە كرداردا، پابەند دەبێت پێی و لە ناو ڕێكخستنەكانی حزب و لە پێگە و چالاكییەكانی حكومەتدا، شەڕ بۆ چەسپاندنی دەكات.

یەكێتیی نوێ، لە بڕیاردا سەربەخۆ و كوردستانی دەبێت، توانای دەستپێشخەریی دەبێت. لە حكومڕانیشدا، جەماوەری و خزمەتگوزار و بەرپرسیار دەبێت. خاوەنی ڕوئیایەكی ڕوونی سیاسی و جێگیر و هەڵوێستی سەقامگیر دەبێت.

ئەم یەكێتییە، خاوەنی پەیڕەو و پڕۆگرام و هەیكەلێكی نوێ دەبێت، كە بتوانێت لە كاری حزبایەتیدا داهێنان بكات و ئۆرگانەكانی، لەگەڵ پێویستییەكانی قۆناغەكە و ئەنداماندا بگونجێنێت. هەیكەلی نوێ زەمانەتی ئەوە دەكات، كە پسپۆڕان و دڵسۆزان ڕۆڵی خۆیان ببینن و جێ بە كوتلەگەری و گەندەڵی و پەككەوتن لەق بكەن. سەركردایەتییەكی یەكدەنگ و یەك مەركەزی قیادەی دەبێت و دەیپارێزێت. یەكلاكەرەوە دەبێت لە پێشخستنی ژنان بۆ كاروباری گەورەی حكومڕانی. بە گشتی حزبی دەستپێشخەر دەبێت نەك كاردانەوە. حزبی خەڵك دەبێت نەك حزبی گرووپی بەرپرسانی دەستەگەر. حزبی ئاییندە دەبێت نەك بە تەنها حزبی سەروەرییەكانی ڕابردوو.

یەكێتیی نوێ، ئەو حزبە دەبێت كە گەنجان خۆیانی تیا ببیننەوە و تەواوی چین و توێژەكان، هیوای گۆڕانكاری و نوێكردنەوەی سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئیداری و خزمەتگوزاریی كوردستانی لەسەر هەڵبچنن و پاراستن و سەركەوتن و پێشكەوتنی خۆیان و كۆمەڵگەكەمانی تیادا ببینەوە.

یەكێتیی دەزگایەكی بەهێزی چاودێریی دەبێت بۆ ناوخۆی و پشتیوانێك دەبێت بۆ دەستەی دەستپاكی، كە حكومەت و حزبەكانی تریش بتوانن چاوی لێ بكەن. ئەمە وا دەكات سەركردەكانی یەكێتیی نوێ، قۆناغ بە قۆناغ هەموو ببن بەو سەركردە جەماوەرییانەی، كە گەلی كوردستان لێیان ڕازی بن. خەڵك میدیایەكی بەهێز و ڕاستگۆ و بەرپرسیار و كوردستانیی پێویستە، كە سەرچاوەی زانیارییەكانی و بڵندگۆی داواكارییەكانی یەكێتیی دوای كۆنگرە، بۆ پشتیوانیكردن لە داواكانی خەڵك و بە ڕەخنە و ڕەخنەلەخۆگرتن، ئەمە دابین دەكات، بەو ئامانجەی حزب و حكومەتێكی خزمەتگوزار و بەرپرسیار و شایستە بە كۆمەڵانی خەڵك دابین بكات.

یەكێتیی حزبی كاری هاوبەشی ڕێكخراو دەبێت لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكاندا. ڕێ لە لێكترازانی ناوماڵی كوردستان دەگرێت. لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەت، ڕێ بە سیاسەتی ناحەكیمانەی هیچ لایەنێك نادات. خۆی لە كاریگەریی سیاسەتی هەڵە دەپارێزێت و ئەزموونی هەرێمی كوردستان بە دۆستایەتی و ئاشتەوایی و خزمەتی هاوبەش بەرەوپێش دەبات و كوردستانیبوونی كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان بە هەر نرخ و قوربانیدانێك بێت، دەستەبەر دەكات.

ئەم یەكێتییە، لەسەر پەیوەندیی هاوسەنگ، ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش، لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ پەیوەندیی درووست دەكات و پێش هەموو پاڵنەرێكی تر، ئاسایشی نیشتیمانیی كوردستان و بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستان لەبەر چاو دەگرێت و لەگەڵ دنیای دەرەوە، زیاتر دەكرێتەوە.

یەكێتیی نوێ، پارێزەری دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دەبێت و تا دوا هەناسە بەرگری دەكات لە خاك و ماف و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان و وەك هەمیشە، پشتیوانی خەباتی ڕەوای هێزە كوردستانییەكان دەبێت. هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە گیانلەسەردەستەكانی تر، بە دابینكردنی تەكنەلۆجیا و چەك و ڕاهێنانی سەردەم پەروەردە دەكات بۆ پاڵپشتیكردنی-ستراتیژی لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بە هەموو شێوەیەك ئەم هێزانە، لە دەستتێوەردان و كوتلەبازی و گەندەڵی و پەراوێزخستن دەپارێزێت.

لێرەوە بۆ ئێوە و خوێنەرانی بەڕێز و تەواوی خەڵكی كوردستان، بەڵێنتان پێ دەدەین یەكێتیی نوێ، ئەو حزبە دەبێت، كە متمانەی تەواوی دەبێت لاتان. حزبێك دەبێت، كە پابەند دەبێت بە پەیام و بەرنامە و بەڵێنەكانی. پابەند دەبێت بە نوێبوونەوە و پابەند دەبێت بەو درووشمەی، كە حزب ئامانج نییە، بەڵكوو ئامراز و ڕێبازێكە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پاراستنیان.

ئێستا هەڵبژاردنی كۆمیتەكان ئەنجام دەدرێت، دەكرێت بە ئاسایی بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسەیە ببێتە نموونەیەك بۆ تێگەیشتن لەوەی، كە بارودۆخی ئەنجامدانی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان و كۆنگرەش هەر بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت؟

لاهور شێخ جەنگی: خۆشبەختانە كۆنفرانسی كۆمیتەكان زۆر بە شێوازێكی مەدەنییانە و دیموكراسی و بە بەشداریكردنی زۆربەی ئۆرگانەكانی یەكێتیی بەڕێوە چوو. ئێمە هیوادارین كۆنفرانسی مەڵبەند و هەڵبژاردنی مەكتەبەكانیش هەمان ڕێچكە بگرێتە بەر و دڵنیاشم دەیگرێتە بەر. بەڵام لەوانەیە شتێكی ئاسایی بێت، كە هەندێ خروقاتیش ڕوو بدات، لەبەر ئەوەی دە ساڵە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆنگرەی نەبەستووە و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، یەكێتیی تووشی چەندین ململانێی ناوخۆیی و دەرەكی و لێكترازان و لێكجیابوونەوە كراوەتەوە. بۆیە پێم وایە شتێكی ئاساییە ئەگەر لەسەر بەدەستهێنانی ئەندامبوون لە كۆنگرەی چواری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە هۆی پەرۆشی و دڵسۆزیی كادران بۆ نوێكردنەوەی یەكێتیی، ململانێی دیموكراسی لە ناو كادراندا ڕوو بدات.

لە ناو خەڵك وا باس دەكرێت، كە براوەی هەڵبژاردنەكانی بەر لە كۆنگرە كەسەكانن و باس لەوە دەكرێت ئەو هێڵە گشتییەی بەڕێزتان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی كۆنفرانسی كۆمیتەكانن، ئایا لەم هەڵبژاردنانە كەسەكان براوەن یان یەكێتیی؟

لاهور شێخ جەنگی: من پێم وایە لە هەفتەی ڕابردووەوە، كە پڕۆسەی كۆنفرانسی كۆمیتەكان دەستی پێ كردووە، یەكێتییەكان هەموو براوە بوون، چونكە ئەمە ئاواتێك بوو ئێمە چەند ساڵێكە چاوەڕێی بەدیهاتنیمان دەكرد. خۆشبەختانە ئەو پڕۆسەیە دەستی پێ كردووە و شەمەندەفەرەكەی یەكێتیی كەوتووەتە ڕێ. یەكەم هەنگاوی نوێبوونەوەی یەكێتییش لە كۆنفرانسی كۆمیتەكانەوە دەستی پێ كردووە. هیچ كەسیش هەق نییە لەسەر ئاستی شەخسی خۆی بە دۆڕاو یان براوە بزانێت لە كاتێكدا ئێمە وەك باسمان كرد ئامانجمان نوێكردنەوەی یەكێتییە. دەمەوێت لێرەوە دووپاتی بكەمەوە، كە من هیچ هێڵێكم نییە. من كادرێكم سەر بە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانم. سەر بە هیچ كوتلەیەك نیم و ئەگەر كوتلەش بم، من كوتلەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانم و هەموو یەكێتیی بە هی خۆم دەزانم. بە وانەی دەرچوون و بە وانەش كە دەرنەچوون. هەموو ئەوانەی كە دەرچوون و دەردەچن، ئەوانەش كە دەرنەچوون، ئێمە دەبێت لە دوای كۆنگرە، بە یەكەوە ئەركە قوورسەكەی نوێكردنەوەی یەكێتیی بخەینە سەرشانی خۆمان. دڵنیاشم لەم هەڵبژاردنە، هیچ كەسێك بە تەنیا قازانج ناكات ئەگەر هەموو یەكێتیی قازانج نەكات. بردنەوەی گشتی‌ بۆ یەكێتییەكانە.

ئایا كۆنگرە لە كاتی خۆی دەكرێت یان دەترازێت بۆ كاتێكی تر؟ ئەو بڕیارە چاوەڕێی دۆخی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی یەكێتیی دەكات یان پێشتر ئەوە یەكلایی كراوەتەوە؟ جەماوەری یەكێتیی لێتان قبووڵ دەكات ئەم جارە كۆنگرە دوا بخرێت؟

لاهور شێخ جەنگی: ئەم جارە جیاوازتر لە هەموو جارەكانی تر، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی نیشتیمانی، لایەنی بڕیاردەر‌ لە دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگرە بڕیاری خۆی داوە، كە ڕۆژی ٧ی١٢ی ٢٠١٩ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بكرێت. هەر بەم مەبەستەش پڕۆسەی یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكان لە كۆنفرانسی كۆمیتەكان دەستی پێ كردووە و لە هەفتەی داهاتوودا كۆنفرانسی مەڵبەندەكانیش دەست پێ دەكات و كۆتایی پێ دێت. باوەڕ ناكەم هیچ كەسێك یاخود ئیرادەیەك هەبێت بتوانێت ڕێگری لەم كۆنگرەیە بكات؛ ئەگەر خوانەخواستە شتێكی نەخوازراو ڕوو نەدات و باوەڕ ناكەم ئیرادەیەك یان بەرنامەیەك هەبێت ڕێگری بكات لە كۆنگرەی نوێبوونەوەی یەكێتیی، چونكە هەموو یەكێتییەكان لە ئەندامێكی سادەوە تا مەكتەب سیاسییەك و سەروتر، لەوە تێگەیشتوون، كە یەكێتیی چیتر بەرگەی ئەوە ناگرێت ئیشوكارەكانی بە پینەوپەڕۆ ڕۆژانە بەڕێ بكات.

پێم وایە قۆناغی دوای مام جەلال دەستی پێ كردووە، كە قۆناغێكی ئینتیقالییە و هەموومان باوەڕمان وایە، كە دەبێت ئەم كۆنگرەیە ئەنجام بدرێت لە كاتوساتی خۆیدا. لەبەر ئەوەی ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی ناوچەكە دەبنەوە لە داهاتوو، یەكێتییەكی بەهێزی پێویستە ڕووبەڕوویان ببێتەوە. ئەگەر یەكێتییەك نەبێت كە خۆی نوێ كردبێتەوە و كۆنگرەی خۆی نەبەستبێت و مەركەزییەتی نەگەڕاندبێتەوە بۆ حزبەكەی، نەك تەنها زەرەر بە خۆی دەگەیەنێت، بەڵكوو زەرەر لە‌ كۆی پڕۆسەی سیاسیی‌ هەرێمی كوردستان دەدات. بۆیە ناكرێت ئێمە بە هیچ شێوەیەك، هیچ بیانوویەك بدۆزینەوە تا ڕێگری بكرێت لە بەستنی كۆنگرەی یەكێتیی. من دڵنیام و بە پێی ئەو دیدارانەی كە لەگەڵ خەڵك كردوومانە، لەگەڵ ئەندامان و كادرانی یەكێتیی كردوومانە، هیچ كەسێك چیتر لێمان قبووڵ ناكات، كە بە هیچ بیانوویەكی جیاواز، كۆنگرەی چواری یەكێتیی بۆ كاتێكی نادیاری تر دوا بخەین.

ئەوەی لە دەرەوە وێنەكە دەبینێت زۆر لای ڕوون نییە، كۆنگرەی ئەم جارەی یەكێتیی تەوافوقی دەبێت یان بە هەڵبژاردن یەكلایی دەكرێتەوە؟ یاخود مۆدێلێكە لە هەردووكیان؟

لاهور شێخ جەنگی: پێم باشە لەم كۆنگرەیە لێكتێگەیشتن هەبێت، بەڵام من بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەم كە تەوافوق بكرێت. دەبێت كۆنگرەیەكی ئازاد بێت. لەبەر ئەوەی تەراكوماتی چەند ساڵی ڕابردوو و تموحێكی زۆری كادرانی خوارەوە هەیە بۆ ئەوەی بەشدار بن لەم كۆنگرەیە و دوای دە ساڵ دواخستنی كۆنگرە، حەقی كادرانیشە كە تموحیان هەبێت و خۆیان بپاڵێون بۆ باڵاترین پۆستی ئەم حزبە. بۆیە من خۆم دژی تەوافوقم، بەڵام لەگەڵ لێكتێگەیشتنم لە ئاستی سەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانین ئێمە هەموو جەمسەرەكان بە ڕۆحێكی یەكێتییانەوە بەرین بۆ ناو كۆنگرە و لەوێ بڕیارێكی درووست لەسەر ئاییندەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بدەین.

پۆستی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە دوای بەڕێز مام جەلال دەمێنێت؟ ئایا لە پەیڕەو و پڕۆگرامی پێشنیاركراو بۆ كۆنگرەی چوار، چ نوێگەرییەك كراوە لە هەیكەلی یەكێتییدا؟

لاهور شێخ جەنگی: هەموو ئەم شتانە لە یەكەم ڕۆژی كۆنگرە لە موناقەشەكردن لەسەر پەیڕەوی نوێی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە. بەڵام قسەیەك هەیە كە وەكو ڕێزلێنانێك بۆ جەنابی مام جەلالی ڕەحمەتی، پۆستی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەمێنێت و ناوێكی تر بۆ ئەو پۆستە هەڵببژێردرێت. بە دڵنیاییەوە ئێمە پێمان وایە دەبێت گۆڕانكاری لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەو حزبەدا بكرێت، چونكە ئەو پەیڕەوەی هەیە، پەیڕەوێك بووە بۆ سەردەمێكی دیاریكراو گونجاو بووە و ئێستا سەردەمێكی ترە. یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەگەر دەیەوێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی بكات، دەبێت گۆڕانكاری لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكەشی بكات لەم كۆنگرەیە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لەگەڵ پێشهاتەكان و گۆڕانكاری و پێویستییەكانی ئەم سەردەمە و ئاییندەمان بگونجێنێت.

هاووڵاتیی ئاسایی هەندێك جار ترسی هەیە لە كۆنگرەی حزبەكان و هەندێك دەنگۆش دەڵێن ئەگەر یەكێتیی كۆنگرە بكات كێشە ڕوو دەدات. ئایا ئەم تێڕوانینە لە جێی خۆیەتی، یان زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە كراوە؟ ئایا چی كراوە بۆ ڕێگرتن لە ئەگەری مەترسییەكانی كۆنگرە و دڵنیاكردنەوەی خەڵك؟

لاهور شێخ جەنگی: بەستنی كۆنگرە كارێكی سروشتییە بۆ هەموو حزبێك. بەڵام بە داخەوە لە ساڵانی ڕابردوو بە هۆی ئەو ململانێ نەخوازراوەی لە ناو یەكێتیی نیشتیمانی هەبووە، هەوڵ دراوە خەڵك بترسێنرێت لە بەستنی كۆنگرە و وتراوە، كە بەستنی كۆنگرە مەترسیی هەیە بۆ سەر حزبەكەمان. بەڵام بە پێچەوانەوە ئێمە بینیمان هیچ یەكێتییەكی دڵسۆز و هیچ هاونیشتیمانییەك قازانجی نەكردووە لە پەكخستنی پڕۆسەی نوێكردنەوەی یەكێتیی.

پێم وایە كۆنگرە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر كراوە و كراوە بە گرێكوێرەیەك. هیچ كۆنگرەیەكیش نییە لە هەموو دنیا هەموو كەسەكان لەسەر ئاستی بەرژەوەندیی شەخسی، بە سەركەوتوویی لێی بچنە دەرەوە، بەڵام ئەساس ئەوەیە ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە سەركەوتوویی لێی بێینە دەر. دڵنیاشم ئەوانەی دێنە كۆنگرە و نیازی خۆكاندیدكردنیان هەیە و دەنگی پێویست بە دەست ناهێنن، ئەگەر ئەوان خەمی حزبەكە بخەنە پێش خەمی خۆیان، ئەوا دەبێت دڵخۆش بن، كە یەكێتیی دوای دە ساڵ لە چەقبەستن، بڕیاری كۆنگرەی داوە و بەرەو یەكێتییەكی نوێ دەڕوات. یەكێتیی‌ حزبێكە بە تەنها هی خۆی نییە و خەمی میللەت و هەر چوارپارچەی كوردستانی هەڵگرتووە، خەمی ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموكراسی و مافی چارەی خۆنووسینی هەڵگرتووە، پێكهێنەرێكی سەرەكیی پڕۆسەی سیاسی و حكومڕانیی كوردستانە. پێویستە ئێمە گەورەتر بیر بكەینەوە و بزانین، كە بەستنی كۆنگرە بە هەموو پێوەرێك لە بەرژەوەندیی یەكێتیی و گەلەكەمانە.