بۆچی هەرێمی كوردستان لەدژی ڕۆژئاوای كوردستان پشتوانی توركیا دەكات؟

کوردستان

23/11/2019‌ 4203 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەر كات بەدۆخێكی سەخت‌و دژواردا تێدەپەڕن، لاوازی كوردەكان ڕوونتر دەركەوێت لەكۆششەكانییان بۆ سەربەخۆیی لەهەر چوار پارچەی كوردستان. 

هەر ‌چەند هەرێمی كوردستان لە 9 ی ئۆكتۆبەری ڕابردووەوەو لە دوای هێرشە سەربازییەكەی ئەم دواییەی توركیا، پێشوازی لە 60 ئاوارەی كوردانی رۆژئاوای كردووە، سەرباری جۆش و خرۆش و سۆزداری گەورەی جەماوەری هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانی كوردانی ڕۆژئاوا، كە گەیشتە ڕادەی خۆپێشاندان و سوتاندنی ئاڵای توركیا، بەڵام هەڵوێستی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواو پێچەوانەی شەقام‌و خەڵكە، لە لێدوانی بەرپرسە دیارەكانیشیان دەردەكەوێت، كە قبوڵی ئەو كردە سەربازییەی توركیا دەكەن و هۆكارەكانیشی بەهەند وەردەگرن.

جیاوازییەكی ڕێژەیی 
زۆر لەڕاپۆرتەكان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە كوردەكانی عێراق سیاسەتێكی دووسەرەیان گرتووەتەبەر، بەوەی تیگەیشتنیان هەیە بۆ مەترسییە ئەمنییەكانی توركیا، ئەمەش لەزۆرێك لە میدیاكانیان ڕەنگ دەداتەوە وەك (مەدارات كوردستان) و (ڕووداو) و هی دیكەش، دیارە لە سایەی ئەو تەنگژانەی ڕووبەروویان دەبنەوە، ئاراستەیەك هەیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەیەكی بنچینەیی پڕۆژەی كوردی لە لایەن چەند بیرمەندێكیانەوە‌، نەك هەر لە لایەن هێزە نەیارە هەرێمییەكانیانە‌وە‌، بگرە لەلایەن خۆشیانەوە كە ناكۆك و پەرتەوازەن لەو ڕووەوە. 

بۆ نموونە لە عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە هەموو هێزە كوردییەكانی دیكە نزیكترە لە‌ئەنقەرەوە، پشتیوانییەكی ڕوون و ئاشكرای هێرشە سەربازییەكەی توركیای كرد بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، لە بەرانبەردا یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە نزیكە لە ئێرانەوە كەمتر پشتیوان بوو، ڕەخنەی تووندیشی لەو هێرشە سەربازییە گرتووە.

لێكدانەوەی جیاواز 
دەكرێت هۆكاری ئەو هەڵوێستەی كوردەكانی عێراق لەبەرانبەر ڕووبەڕووبوونەوەی (توركیا- كوردەكانی ڕۆژئاوا) ببەستینەوە بە چەند  خاڵێكەوە:
 
تێپەڕاندنی لێكەوتەكانی قۆناغی ڕیفراندۆم
زۆرێك لە مەزندە توركییەكان دەڵێن وریایی كوردەكانی عێراق لەو پرسەدا سەرچاوەكەی پەیوەستە بە هەوڵەكانی هەولێر ‌بۆ تێپەڕاندنی تەنگژ و بارگرژییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا‌، بە ڕادەیەك ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، دوو ساڵ لەمەوبەر، تۆمەتی ناپاكی دایەپاڵ مەسعود بارزانی، ئەو لە 26 ی سێبتێمبەری 2017 دا وتی: ئەنقەرە تا دوا سات پێی وابوو مەسعود بارزانی هەڵەیەكی لەو جۆرە ناكات، بەڵام ئەو پێشبینییانەی‌ نەهاتنەدی.

كاریگەری (كارتێكی) بەرژەوەندییە ئابوورییەكان
ئەمە نهێنی پشت هۆكارەكانی پشتیوانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكردە سەربازییەكەی ئەم دوایەی توركیا، چونكە بەرژەوەندی فراوانی لەگەڵ حكومەتی توركیادا هەیە، دیاترینیان گریبەستێكی نەوت و گازە، كە بۆ ماوەی 50 ساڵ واژووكراوە. 

ڕاپۆرتەكان دەڵێن هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە، بە تەواوی پشت بە توركیا دەبەستێت، كۆمپانیا توركییەكانیش پشكی شیریان هەیە لەبردنەوەی گرێبەستەكانی دووبارە بنیاتنانەوە لە هەرێمی كوردستان.

نەیاری هاوبەش 
هەرێمی كوردستان (پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی) و توركیا وەك نەیارێكی هاوبەش تەماشای پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەن، ئەمەش‌ لەڕەخنەكانی مەسعود بارزانیدا ڕەنگدەداتەوە، كە لە بەرانبەر كوردەكانی ڕۆژئاوا ‌ وتی: دەبێت هۆكارەكانی ترس و دڵەڕاوكێ توركیا بڕەوێندرێنەوە، بەپلەی یەكەمیش مەبەست لێی پارتی كرێكارانی كوردستان و كوردانی ڕۆژئاوا بوو، ئەمەش‌ لەسایەی ئەو پەیوەندییەی‌ كوردەكانی توركیا و سوریا بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

ناوە ناوەش پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان بارگرژی تیدەكەوێت، دوا ڕووداویش كوشتنی عوسمان كوسیەی جێگری كونسوڵی توركی بوو لەهەولێر لە مانگی مایۆی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی هەرێم پارتی كریكارانی كوردستانیان تۆمەتبار كرد بەوەی ئەوان كارەكەیان ئەنجامداوە بەمەبەستی تێكدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا، پارتی كرێكارانی كوردستانیش دەسەڵاتدارانی هەرێم بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە بۆ بەرژەوەندی توركیا كار دەكەن و چاوساغی هێرشە سەربازییەكانی توركیاش دەكەن بۆ لێدانی‌ پێگەكانیان لە هەرێمی كوردستان.

فشاری دەستكەوتە ستراتیژییەكان
ئاراستەیەكی ناو كوردەكانی عێراق وایدەبینن، كە لە دوای شكستی ڕیفراندۆم‌و پشتتێكردنی ئەمریكا لەو ڕاپرسییە، هەلێك بۆ كوردەكان نەمایەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە هەرێمییە خاوەن هەژموونەكان و بە تایبەتیش ئێران‌و توركیا‌، بۆیە لەڕووی ئابوورییەوە تەواو پشتیان بەو دوو دەوڵەتە بەستووە، باوەڕیشیان وایە‌ هەر دژایەتییەكی ئەو دەوڵەتە، دەستكەوتەكانیان لەبار دەبات، بۆیە خۆیان لەدژایەتی ئەو دوو هێزە دەپارێزن و لەگەڵ ئەو پڕۆژانە نین، كە كوردەكانی باكوور و ڕۆژئاوا دەیخەنەڕوو.

كێبڕكێی كوردی – كوردی
هەندێك لەڕاڤە ئەكادیمییەكان وا شڕۆڤەی ئەو پرسە دەكەن  كەوا كێبڕكێییەكی كوردی – كوردی لەئارادایە، ئەمەش مەودای بژاردەكان و ئازادی جوڵەی بەردەمییان فراوانتر دەكات بۆ مامەڵەكردن لە بەرانبەر ئەو فشارانەی ڕووداو و پەرەسەندنەكان دروستی دەكەن لەو چوار دەوڵەتەكە (توركیا، ئێران، عێراق، سوریا) بەتایبەتیش لە سوریا و عێراق.

پوختەی قسە ئەوەیە، ‌ لە سایەی ئەو فشارە هەرێمییانەی ڕووبەڕووی پڕۆژەی نەتەوەیی كوردی دەبێتەوە لە لایەن چوار دەوڵەتەكەوە، كە گەرەكییانە لە بنەچەدا پڕۆژەكە لەباربەرن، بۆیە جێگرەوەی‌ كوردەكان گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و دەستكەوتنی ئۆتۆنۆمی، هەروەك لە ڕۆژئاوا ڕوویدا لەئێستادا كوردەكان چاویان لەوەیە‌ پەیوەندییەكی باشیان‌ لەگەڵ دیمەشق هەبێت و لەگەڵیدا بكەونە گفتوگۆ و دانوستانەوە.

سەرچاوە: موستەقبەل
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر