"ژنانی تیرۆر".. كاریگەری و رۆڵی راستەقینەیان

مەلەفی تایبەت

25/11/2019‌ 1138 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای تێكشكاندنی تیرۆریستی داعش و كوشتنی دیارترین سەركردەكانی، بەڵام هێشتا گەلێك ژنە شەڕكەری داعش، یان ژنانی چەكدارانی داعش پابەندی ئایدۆلۆژیای ئەو ڕێكخراوەن، كە ئەوەش لەو هۆشداریانەیەدا رەنگیداوەتەوە لە راپۆرتەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی مەترسییەكانی ئەو ژنانە باسكراون  .

راپۆرتە نوێكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ژنان ١٥% بۆ ٢٠% ی ئەندامانی گرووپە تیرۆریستییەكان و ٢٠%ی هەموو ئەو بیانیانە پێكدەهێنن، كە پەیوەندیان بە ریزەكانی ئەو ڕێكخراوانەوە كردووە .

هەروەها راپۆرتی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوەكانی توندڕەوی و توندوتیژی سیاسی بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە ١٣% ی بیانییەكانی ناو داعش لە ژنان پێكدێت .

كەتیبەكانی ژنان و رۆڵیان 
داعش "كەتیبەی خەنسا"ی درووستكرد، كە لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی داعش رۆڵیكی زۆریان هەبوو بەتایبەت لەناوچەی رەققەی سوریا .

جگە لەوەی ژنانی خەنسا رۆڵێكی سەرەكیان هەبوو لەراكێشانی ئەندامی تازەی تیرۆریستی بۆ ناو ڕێكخراوەكە بەتایبەتی لە ئەوروپاوە بەشێوەیەك رەگەزی راكێشانی گەنجان بوون، جگە لەوەی رۆڵیان هەبوو لە ئەشكەنجەدانی ئەو ژنانەی رەتیاندەكردەوە بێنە ناو ریزەكانی داعش، یان گوێرایەڵی رێنماییەكانی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە بن .

مێژووی بەشداری ژن لەرێكخراوە ئیسلامییەكان
بەگوێرەی راپۆرتەكان، لە میسر لەسەرەتادا رۆڵی ڕێكخستنی "خوشكان "ی سەر بە ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمین بریتی بوو لەبابەتی بانگخوازی و كۆكردنەوەی كۆمەك و بەشداریكردن لە ریزەكانی پێشەوەی خۆپیشاندانەكان، دواتر پەرەیسەند بۆ گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی و گەیاندنی فەرمانەكانی پەیوەست بە كردەوە تیرۆریستییەكان لەنێوان ئەندامانی گرووپەكە لەناوەوە دەرەوەی گرتووخانەكاندا .

لە ئێرانیش دوای چەند مانگێك لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ یەكەم میلیشیای ژنانە درووست بوو ، كە ناوی "خوشكانی بەسیج"ی لێنرا و ئەركی سەركوتكردنی ئەو چالاكیانەیان پێسپیردراكە ژنان ڕێكیان دەخست، دواتر ئەركی دەستدرێژی و دەستگیركردن و بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكانیان پێسپێردرا .

لەیەمەنیش "زەینەبیات" درووستكراوە ، كە نموونەی یەمەنی كۆپیكراوی ئەزموونی ئێرانییە و سەر بە حوسییەكانی یەمەنن، ئەركیان بریتییە لە بەدواداچوون و چاودێریكردنی چالاكییەكانی دژ بە حوسییەكان و هەڵكوتانە سەر ماڵان و پشكنینی، هەروەك كاری سیخوڕی و رۆڵی میدیایی دەگێرن ، لەمدواییەشدا ئەركیان پەرەیسەند بۆ كاری جەنگیی وەك چاندنی مین و بۆمب .

ئەوەی سەرنجراكێشە ئەوەیە كە هەندێكجار، كاریگەری ژنان لەناو ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان لە كاریگەری پیاوان لەناو ئەو رێكخراوانە زیاتر دەبێت، ئەویش بەهۆی ئەو توانایەی هەیانە لە خۆدزینەوە لە ڕێوشوێنەكانی پشكنین و ئاشكراكردنی ئەمنی و ئەو پارێزبەندییەی ژن لە كۆمەڵگەدا هەیەتی ، ئەوەش وایكردووە ئەو میلیشیا ژنانایە لە خانەی بۆمبی چێنراوی گەڕۆك دابنرێن .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی