رۆیشتن یان كوشتن.. راپۆرتێك دۆخی ناوچە ئارامەكەی توركیا ئاشكرادەكات

ڕاپۆرت

30/11/2019‌ 2411 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"دەبێت ئێرە جێبێڵن.. ئەگەر بتاندۆزنەوە دەتانكوژن"، بەو شێوەیە لەسەرەتای دەستپێكردنی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان عەرەبەكان دراوسێ كوردەكانییان ئاگادار دەكردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی "ئیندپێندت"ی بەریتانی، ئەوانەی سەرەتا ماڵ و حاڵی خۆیان بەشێوەیەكی كاتی جێهێشت ئومێدی ئەوەیان هەبوو دوای ماوەیەك بگەڕینەوە، بەڵام ئێستا ناتوانن بگەرێنەوە، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی كوردن .

هەر بەگوێرەی رۆژنامە بەریتانییەكە، پاكتاوی نەژادی لە ناوچە ئارامەكەی توركیا بووەتە راستی، تەنانەت كوردەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی هەر لەسەرەتاوە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكە هەر ئەوە بووە .

گرووپە چەكدارییە توندڕەوەكانی هاوپەیمانی توركیا ئەو تاوانانەی دەرحەق بەكورد دەیكەن نایشارنەوە، بەڵكو هەر لەسەرەتای هێرشەكانەوە بەوپەڕی شانازییەوە دۆكومێنتیان دەكردن، وەك ئەوەی لەگرتە ڤیدیۆكاندا دەردەكەوێت، كە چۆن گروپەكانی سەر بە توركیا هاووڵاتیانی كورد گولەباران دەكەن و جەستەی كوژراوەكان دەشیوێنن و هەڕەشەی تاڵانكردنی سەر ماڵی كوردەكان دەكەن .

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەكە، ئەو رەهەندە رەگەزییە گەلێك تاوانی لێكەوتووەتەوە، وەك كۆچی بەكۆمەڵی كوردەكان و كەمە ئاینییەكان لەناوچە سنوورییەكانی رۆژئاوای وردستان لەگەڵ سوریا.

ئەوانەی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و لە كامپەكانی پەنابەران لەرۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان گیرساونەتەوە، دەترسن جارێكی تر نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، وەك خۆیان باسی دەكەن، كە رەنگە هەر ئەوە ئامانجی دەستدرێژیكەرەكان بێت .

دوای چەند رۆژێكی كەم لە دەستدرێژی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە، كە پیشانی دەدا چۆن چەكدارانی سەر بە میلیشیای ناسراو بە "سوپای نیشتمانی" ئەو ماڵانە تاڵان دەكەن كە چۆڵیان كردووە .

راپۆرتەكەی ئیندپێندنت باسی لەوەش كردووە، كە یەكەم بەڵگەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی توندوتیژانە لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە توركیا بریتی بوو كوشتنی هەڤرین خەڵەف لەپارتی سوریای ئایندە، كە ڤیدیۆی كوشتنەكەی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە و تێیدا دەردەكەوێت چەكدارە سورییەكانی سەر بە توركیا شانازی بە كوشتنی ئەو چالاكە كوردەوە دەكەن .

لەهەمان رۆژدا، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ باسی لەوە كرد، كە چەكدارە سورییەكانی سەر بە ئەنقەرە لە بازگەیەكی باشووری گرێ سپی نۆ هاووڵاتی مەدەنیان گولەباران كردووە .

راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە ئەو تاوانە دڕندانەیەی میلیشیاكانی سەر بەتوركیا لە رۆژئاوای كوردستان دەیكەن ترسێكی زۆری لەسەر هاووڵاتیانی كورد درووستكردووە، كە تەنیا هەر بەهۆی بۆردوومانی فرۆكەكانەوە زیدی خۆیان جێنەهێشتووە، بەڵكو ترسیان بووە لەوەی بەپاڵنەری رەگەزی كۆمەڵكوژ بكرێن .

رۆژنامەكە لەسەر زاری بەسمە داوود گواستوویەتییەوە، كە ژنە ئێزیدییەكی تەمەن ٤١ ساڵە و وتوویەتی "كاتێك بینیمان چۆن هەڤرینیان شەهید كرد ئەوكات زانیمان ئەوانیش هەمان شت دەكەن كە داعش كردی".

هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی دەستدرێژییەكانەوە، ئەو هەستە لای كورد و كەمینەكانی تری ناوچەكە درووست بوو كە میلیشیا تووندڕەوەكانی سەر بە توركیا جگە لە عەرەبەكان هەموو ئەوانی تر بەئامانج دەگرن .

ژمارەیەك لە ئاوارەكان كە ناوچەكانی خۆیان لەژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا جێهێشتووە بە رۆژنامە بەریتانییەكەیان گوتووە دراوسێ عەرەبەكانمان پێیان گوتووین كە ماڵەكانمان تاڵان كراوە و دەستیش بەسەر موڵك و ماڵەكانماندا گیراوە .

رۆژی هەینی ، دەزگاكانی راگەیاندنی توركیا بڵاویان كردەوە كە نزیكەی ٧٠ پەنابەری سوری كە ژن و منداڵیشیان لەگەڵ بووە سنووریان بڕیوە و گەڕاونەتەوە بۆ شارۆچكەی سەری كانی لە رۆژئاوای كوردستان ، كە ئەوە بەیەكەم پرۆسەی لەو جۆرە بۆ گەرانەوەی ئاوارە سورییەكان بۆ وڵاتی خۆیان لێكدراوەتەوە .

بەڵام شرۆڤەكاران گومانیان لە لێدوانەكانی سەرۆكی توركیا هەیە بەوەی توركیا توانای ئەوەی هەبێت ملیۆنێك پەنابەری سوری نیشتەجێی توركیا لەو ناوچەیەی رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێ بكات كە توركیا ناویناوە ناوچەی ئارام .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی