ئێرانییەكان بە یاسایی دەست دەكەن بەداگیركردنی عێراق

ڕاپۆرت

01/12/2019‌ 2455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی مەترسی چاكسازییە دەستورییەكان لەسەر سەروەری عێراق، لە دیدی هەوڵەكانی ئێران و قۆستنەوەی ئەو پرسە.

بەپێی راپۆرتەكە، چاوخشاندنەوە بە دەستوور، كە لەلایەن حكومەتەوە خراوەتەوە روو، لەپێناو دڵنیایی دان بە خۆپیشاندەرە توڕەكان، پێدەچێ سەروەری عێراق لاواز بكات. 

دەربارەی ئەم مەترسییانە، سەرچاوەیەكی نزیك لە پەرلەمانی عێراق گوزارشتی لێكردووە، سەرەرای ئەوەش، گومان لە نیازی دەستەبژێری سەربازی ئێران هەیە لە قۆستنەوەی یاسای بنەڕەتی عێراقی بەوەی عێراق تەنیا وەك بەشێك لە پرۆژەیەكی جیۆسیاسی تەماشا دەكەن.

جێگای ئاماژەیە، كە داوای بنەرەتی خۆپیشاندەرەكان چاكسازیكردن نەبوو لەدەستوور، بەڵكو دەست لەكاركێشانەوەی حكومەت بوو بەهۆی گەندەڵی و نەبونی شەرعیەتییەوە. 

لەگەڵ ئەوەشدا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا وتی: هەڵوەشانەوەی حكومەت یان پەرلەمان هیچ شتێك بەدەست ناهێنێت جگە لە پاشەكشەكردن، سەرەرای ئەوەی نابێتە هۆی چاكسازییەكی پۆزەتیڤ.

لەو بارەیەوە، شارەزا لە ئەنجوومەنی روسی بۆ كاروباری دەرەوە، ئەنتۆن مارداسۆڤ، وای دەبینێت ئێران بەرژەوەندی لەوەدایە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دۆخی گشتی ئێستا و هاوسەنگی بكرێت، لەگەڵ ئەوەی زۆر سەختە ئێران بتوانێ هاوسەنگی رابگرێت، چونكە زیاتر لە 200 حزب لە عێراق هەیەو ناكۆكیەكانیان بەردەوامە لە كۆمەڵگەی شیعیی عێراقدا. لەگەڵ ئەوەشدا رێگەیان بۆ ئێران خۆش كردوە بەرژەوەندیەكانی خۆی بپارێزێ. 

بەگوێرەی قسەی مارداسۆڤ، لەلایەكی ترەوە ئێران تەنیا بەهەوڵی پاراستنی هاوسەنگییەوە ناوەستێتن، بەڵكو كاریش لەسەر لاوازكردنی حكومەت دەكات، لەم بارەیەوە دەڵێت: ئێران دەیەوێت هەمواركردنەوەی دەستوور بقۆزێتەوە، كە حكومەت پێی هەڵدەستێت وەك شازشێك بۆ بەرهەڵستكارەكان، ئەمەش لە پێناو بەهێز كردنی هەژموونەكەیدا، لە واقیعدا، تاران فشار دەكات بۆ بەدەستهێنانی سیناریۆی پێكهێنانی بەناو (شیعستان). بەگوێرەی تێگەیشتنی ئێرانیەكان ئەمە بەشێكی بەسودە لە خاكی عێراق، و رێگە بە سەركردایەتی ئێران دەدات پرۆژەی (دەرچەی شیعی) بەدەست بهێنن؛ كە دەیگەیەنێتە دەریای ناوەڕاست و بە یاسایی كردنی لە رێگەی ئابوریەوە. بەڵام ئەمە، مانای ئەوە نیە باس لە جیابونەوە یاخود دابڕانی هیچ بەشێك لە خاكی عێراق بكرێت، بەلكو تەنها دراوەكان دەگرێتەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا


بەپەلە