بووەتە دیلی ڕوسیا.. توركیا چاوەڕێی سزای وڵاتانی رۆژئاوا دەكات

مەلەفی تایبەت

01/12/2019‌ 2362 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا، كە لە تەنگژەیەكی ئابووری سەخت دایە‌، لەوانەیە ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی تەنگژەكە قووڵتر بكاتەوە، لە لایەك لەچاوەڕوانی سزاكانی ڕۆژئاوا دایە، لە لایەكی دیكەشەوە تا ڕادەیەكی زۆر پشت بە ڕوسیا دەبەستێت.

ساڵی رابردوو، توركیا بە هۆی سزا ئەمریكییەكانەوە لە هەمان دۆخدا ‌بوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوای لەگەلەكەی كرد مامەڵە بە لیرەی توركییەوە بكەن نەك دراوی بێگانە، ئەم هەفتەیەش هەمان داوای لە خەڵك كردەوە، ئەمەش نیشانەیەكی دڵنیاكەرە، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا گرفتێكی گەورەی ئابووری ڕوو لە توركیا دەكات.

ژمارە ڕاگەیەندراوەكانی 15 ی نۆڤەمبەری ئەم مانگەی بانكی ناوەندی توركیا ئاشكرایدەكەن، كە پاشەكەوتی دراوی بیانی لە توركیا 36 ملیار دۆلار زیادیكردووە و گەیشتووەتە 225.5  ملیار دۆلار.

سەرباری مەترسییە ئابوروییە بەردەوامەكان، كەچی توركیا بە هۆی بەردەوامبوونی لە مامەڵەی موشەكی ئێس – 400 ڕوسی، زیاتر خۆی لە سزا ئەمریكییەكان نزیك كردووەتەوە.

پارێزگاری ئەنقەرە ڕایگەیاند، كە فڕۆكەكانی ئێف - 16  توركی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەسەر ئاسمانی پایتەختدا دەسوڕێنەوە بۆ ئەزموونكردنی سیستەمە موشەكییە ڕوسییەكە، كە لە نزیك شارەكە جێگركراوە، ئەمەش ئەو دەنگۆیانە بەتاڵ دەكاتەوە توركیا بۆ خۆپاراستن لە سزا ئەمریكییەكان دەستبەرداری ئەو سیستەمە موشەكییە ڕوسییە دەبێت.

چاوەڕوان دەكرێت سیستەمە موشەكییە ڕوسییەكە لە بەهاری ئایندە بەتەواوی بكەوێتەكار، لەو بارەشەوە ڕوسو بۆردن ئیسكپۆرتی سەرۆكی كۆمپانیایی هەناردەی چەكی ڕوسی لەم مانگەدا وتی: دانوستانەكانی مۆسكۆ و ئەنقەرە تەواو بوون سەبارەت بەوەرگرتنی دووەم باری موشەكە ڕوسییەكە.

مامەڵەكە، كە بەهاكەی 4 ملیار دۆلارە ، لەوانەیە ڕێگە بۆ توركیا خۆش بكات فڕۆكەی شەڕكەری ڕوسی سو – 35 بكڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتۆن مامەڵەی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف – 35 ئەمریكی بۆ توركیا ڕاگرت.

لە هەمان ئانوساتدا، ئەنقەرە و مۆسكۆ زۆر بە خەستی بەردەوامن لەبرەودان بە پەیوەندییە ئابووریییەكانیان. كەرتی گەشتیاریش لە توركیا ساڵانە پێشوازی لە 6 ملیۆن گەشتیاری ڕوسی دەكات، توركیاش بڕێكی زۆری بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەناردەی ڕوسیا دەكات، بەڵێندەرە ڕوسەكانیش چەندەگا گرێبەستییان مۆركردووە بۆ جێبەجیكردنی پڕۆژەكانی بنیاتنان لە توركیا كە بەهاكەی ملیارەها دۆلارە.

لە ڕووی ستراتیژییەوە ئەو پەیوەندییانە بەهێزن، توركیا پشت بەگازی ڕوسی دەبەستێت بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی لەوزە، گرێبەستیشی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ڕوسی واژوو كردووە بۆ كارپێكردنی یەكەم وێستگەی ئەتۆمی لە توركیا.

ئەنقەرە ئامانجیشی بوو قەبارەی بازرگانی لەگەڵ هەر یەك لەواشنتۆن و مۆسكۆ بگەیەنێتە 100 ملیار دۆلار، بەڵام لەوانەیە ئەو هەنگاوە لەگەڵ ڕوسیا خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی توركیا نەكات، چونكە لە 2018  هەناردەی بازرگانی توركیا بۆ ڕوسیا 4.2 ملیار دۆلاربووە، بەڵام هەناردەی ڕوسیا لەو ساڵەدا 21.3 ملیار دۆلاری بووە.

پارتی گەلی كۆماری بەرهەڵستكار لە توركیا، هۆشداری داواتە حكومەت لەوەی ئەنقەرە لە ڕووی دارایی و وزەوە زۆر پشت بە ڕوسیا دەبەستێت و ئەمەش لە چەند ساڵی ئایندەدا لێكەوتی خراپی دەبێت بۆ سەر وڵاتەكەیان، پارتی ناوبراو زیاتر لەو ڕێككەوتنە دەترسێت، كە ئەنقەرە لەگەڵ كۆمپانیای ڕوساتۆمی ڕوسی لەبواری وزەدا واژووی كردووە بۆ بنیاتنانی وێستگەیەكی ئەتۆمی لە ئۆكیۆ له باشوری توركیا. 

ئەو ڕێككەوتننامە لە ساڵی 2010 مۆركراوە، توركیا دەستەبەری پارەداركردن و وەبەرهێنانی ئەو وێستگەی گرتۆتەئەستۆ، كاتێكیش لە 2015 سوپای توركیا فڕۆكە ڕوسییەكەی خستەخوارەوە، تەنگژەیەكی دبلۆماسی لە نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرەدا دروست بوو، ئەو كات مۆسكۆ كۆت و بەندی زۆری خستنەسەر ئەو كۆمپانیا توركییانەی لە ڕوسیا كاریان دەكرد.

باجی باشكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕوسیادا بۆ توركیا گرانبەها بوو، بەوەی ئاسانكاری زۆر بۆ كۆمپانیای ڕوساتۆم كرا لەوەی ببەخشرێت لە زۆرێك لە باجەكان، ئەنقەرە بەوەش ڕازی بوو بڕی 10 ملیار دۆلار وەك وەبەرهێنان بخاتە پڕۆژەكەوە.

هەر بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە وێستگە ئەتۆمییەكە و ئەو وزەیەش، كە بەرهەمی دینیت موڵكی ڕوسیان، پشكی كۆمپانیای ڕوساتۆم لە 51% كەمتر نییە، هەموو ئەو وزەی بەرهەمیشی دێنێت ئەنقەرە دەیكڕێت.

وێستگەكە لە ساڵی 2023 دەخرێتەكار، بۆیە تا ئەو كاتە ئەو مەرجانە كاریان پێدەكرێت و ئەمەش لە بەرژەوەنی روسیا دایە.

ڕاپۆرتەكەی پارتی گەلی كۆماری لەو بارەوە ئاشكرایكردووە، كە ڕوسیا لەو پڕۆژەیەدا سێبەرابەر قازانج دەكات. ئەمەش‌ واتای ئەوەیە توركیا لە بری ئەو ووزەی دەیكڕێت، دەبێت ساڵانە بڕی 2.3 ملیار دۆلار بداتە كۆمپانیا ڕوسییەكە، ئەمەش بە درێژایی 15 ساڵی گرێبەستەكە دەكاتە نزیكەی‌ 35 ملیار دۆلار.

هەروەها ڕاپۆرتەكەی پارتی گەلی كۆماری ئاشكرایكردووە، توركیا پارەیەكی زۆر دەداتە كۆمپانیا ڕوسییەكە كە بارگرانییەكی گەورەیە بەسەر ئابووری ئەو وڵاتەوە، فاتح دۆنمازی وەزیری ووزی‌ توركیاش ووڵامی ئەو ڕاپۆرتەی پارتی گەلی كۆماری نەداوەتەوە، ووڵامی ئەو پرسیارانەشی نەداوەتەوە كە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە لە پەرلەماندا ئاراسەی‌ وەزیری ناوبراویان كردووە.
 
سەرباری ئەوانەی باسكران، ڕوون و ئاشكرایە، كە زۆر پشتبەستنی توركیا لە ڕووی ئابووری و ستراتیژییەوە بە ڕوسیا، ئەگەری ئەوەی هەیە لە ئایندەدا لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر ناكۆكییەك لەگەڵ ڕوسیادا، زیان و زەرەرەكانی زۆر لەوەی ئێستا زیاتربن بۆسەر ئابوروی توركیا.  
سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر