سەرۆكی بەرازیل دیكاپریۆ تۆمەتبار دەكات بەوەی دەستی لە ئاگركەوتنەوەكەی ئەمازۆندا هەبووە

جیهان

02/12/2019‌ 477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جاییر بۆلسۆبارۆ سەرۆكی بەرازیل، لیۆناردۆ دیكاپریۆی ئەكتەری سینەمایی ئەمەریكی تۆمەتبار كرد بەوەی كۆمەكی دارایی داوەتە ئەو ڕێكخراوانەی بەرپرسن لەكەوتنەوەی ئاگرەكەی دارستانی ئەمازۆن .

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، بۆلسۆنارۆ لە لێدوانێكی كورتدا لەبەردەم كۆشكی سەرۆكایەتی بەرازیل رایگەیاندووە، دیكاپریۆ پیاوێكی باشە، وانییە؟ بۆ سووتاندنی ئەمازۆن پاریەداوە.

دەسەڵاتدارانی بەرازیل هەندێك رێكخراوی ژینگەپارێزی قازانج نەویست تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەئەنقەست ئاگریان لەدارستانەكانی ئەمازۆن بەرداوە تا لەوڕێگایەوە سوود لەو پارەی ئەو كۆمەكانە وەربگرن، كە بۆ كوژاندنەوەی ئەو ئاگرە پێشكەش دەكرێن .

ئەو ڕێكخراوانە تۆمەتەكانی دەسەڵاتدارانی بەرازیل رەتدەكەنەوە، هەروەها چۆن دیكاپریۆش رەتیكردووەتەوە هیچ پارەیەكی بەو ریكخراوە ژینگەپارێزانە دابێت .

دیكاپریۆ یەكێكە لە داكۆكیكارە سەرسەختەكانی ڕێگریكردن لەگۆڕانی كەشوهەوا، چەندین جاریش قسەی لەسەر بابەتە ژینگەییەكان كردوو ، لەوانە سووتانی دارستانەكانی ئەمازۆن .

لە مانگی ئابی ئەمساڵ، لیلی سالازار، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رێكخراوی Amazon Watch قازانج نەویست، كە بارەگاكەی لە ویلایەتی كالیفۆڕنیایە رایگەیاند، حكومەتی بەرازیل بەمەبەستی فراوانكردنی رووبەروی زەوی كشتوكاڵی بەئەنقەست ئاگر لەدارستانەكانی ئەمازۆن دەكاتەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی