نهێنی پشتی پەردەی گواستنەوەی "موشەكە ئێرانییەكان" بۆ عێراق

ڕاپۆرت

07/12/2019‌ 2600 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
بەرپرسێكی باڵای ئەمنی عێراقی نهێنی پشتی پەردەی گواستنەوەی موشەكە بالیستییەكانی ئێرانی بۆ عێراق ئاشكرا كردووەو دەڵێت: ئەو موشەكانە بە ئۆتۆمبیلی سەربازی عێراقی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كە ئەندامانی میلیشیایەكی سەر بەئێرانیان تێدا بووە سنووری عێراقیان بڕیوەو هاتوونەتە پارێزگای دیالە.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە عێراقییە، كە داوای كردووە ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت بە پێگەی "حوڕرە"ی ئەمەریكی رایگەیاندووە، موشەكە بالیستییەكانی ئێران بە ئۆتۆمبیلی سەر بە پۆلیسی فیدرالی عێراقی گواستراونەتەوە، كە هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و ئەندامانی میلیشیاكانی سەر بە ئێرانی تێدا بوون و جلوبەرگی پۆلیسی فیدرالیان لەبەردا بووە .

هەروەها رایگەیاندووە، ئەو موشەكانە گەیەنراونەتە جێگایەك لەنزیك دەروازەی مەندەلی لەدیالە لەسەر سنووری عێراق-ئێران، بەشێوەیەك موشەكەكان لە ئۆتۆمبیلی ئێرانییەوە گواستراونەتە سەر ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی سەر بە پۆلیسی فیدرالی ئێراقی، دواتریش لەوێوە بۆ كۆگاكانی سەر بە میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران .

ئەوەش لەكاتێكدا لە مانگی ئابدا حكومەتی عێراق رایگەیاندبوو، كە لەبەر هۆكاری ئیداری دەروازەی سنووریی مەندەلییان داخستووە.

پێگەی حوڕرەی ئەمەریكی باسی لەوەش كردووە، كە بەڵگەنامەیەكی نهێنی دەستكەوتووە، بەڵام هێشتا لە راستی و دروستی ناوەرۆكەكەی دڵنیا نییە، دەركەوتووە كە نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیری دەستلەكاركێشاوە لە ٢٧ ی ئۆكتۆبەری رابردوو سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراقی سەرپشك كردووە لەوەی دەروازەی مەندەلی بۆ هێنانی كاڵا و شمەك بكاتەوە.

پێشتر رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی باسی لەوە كردبوو، كە ئێران بۆ ترساندن و جەختكردنەوە لە هێز و توانای خۆی، بێسەرەوبەرەیی خۆپیشاندانەكانی عێراقی قۆستۆتەوە بۆ بنیاتنانی جبەخانەیەكی گەورەی موشەكی بالیستی كورتمەودا لە عێراق .

رۆژنامەكە لە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریكاوە گواستوویەتییەوە كە رایانگەیاندووە، ئەو موشەكانە هەڕەشەن لەسەر هاوپەیمان و هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە لەناویاندا ئیسرائیل و سعودییە، هەروەك هێزەكانی ئەمەریكاش لەناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە.

بەرپرسانی هەواڵگری جۆری ئەو موشەكانەیان ئاشكرا نەكردووە، بەڵام ئاماژەی بۆ مەوداكەیان كردووە، كە زیاتر لە ٦٠٠ میل دەبێت، ئەوەش بەو مانایەی دەتوانرێت مووشەكەكان لە دەوروبەری بەغداوە ئاراستەی قودس بكرێت .

بەرپرسە ئەمەریكییەكان بە رۆژنامەكەیان وتووە، كە ئێرانییەكان میلیشیا عێراقییەكانیان قۆستووەتەوە بۆ گواستنەوە و شاردنەوەی ئەو چەكانە، ئەوەی ئەو ئەركەشی ئاسانتر كردووە ئەوەیە، كە ئەو میلیشیایەنە بە كرداری دەستیان بەسەر ڕێگاكانی گواستنەوە و پردەكاندا گرتووە .

لە مانگی یۆلیۆی رابردووەوە ، پێنج كۆگای چەك و تەقەمەنی سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەلایەن فرۆكەی نەناسراوەوە بۆردوومان كران ، كە دواتر ئیسرائیل تۆمەتبار كرا بەوەی ئەو وڵاتە لەپشت ئەو هێرشانەوەیە .

لەگەڵ ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەفەرمی سەر بە دامەزراوەی بەرگری عێراقین ، بەڵام وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل تسریان هەیە ئەو هێزانە درێژكراوەی ئیران بن لە عێراق و تاران بە مووشەكی ئاراستەكراوی ورد پڕچەكیان بكات كە مەوداكەیان بگاتە ئیسرائیل .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی