سانا مارین سەرۆكایەتی حكومەتێكی پڕ ژن‌و گەنجانە دەكات

ڕاپۆرت

12/12/2019‌ 3386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: لوقمان غەفوور
سانا مارین لەلایەن حیزبی سۆسیال دیموكراتی فنلەنداوە هەڵبژێردرا بە سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیی، كە گەنجترین سەرۆك وەزیرانە لەجیهاندا و بووە سەرۆكی حكومەتێكی ئیئتیلافی، كە 11 وەزیریان ژنن.

ئێستا مارین گەنجێكی ئاسایی نێو خێزانێك نییە، بەڵكو بەرپرسیاری وڵاتێكی كەوتووەتە ئەستۆ، بەپێی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئەم كچە 34 ساڵە، حكومەتێكی ئیئتلافی پێكهێناوە، كە 12 ژنی تێدایە لە تۆپكی حكومەتداو چواریان تەمەنیان خوار 34 ساڵە.

لەدوای سەركەوتنی مارین، لەوەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی، كە كاریگەری رەگەز چەند بووە لەسەر هەڵبژاردنی، وتویەتی: هەرگیز بیرم لە رەگەز و تەمەن نەكردووەتەوە، ئەم قسەیەی مارین لەكاتێكدایە بەپێی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی 2019، فنلەندا بەشێوەیەكی رۆتینی لەیەكسانی جێندەری-دا لوتكەی ریزبەندی جیهانی گرتووە، لەدوای ئایسلەندا و نەرویج و سویدەوە لەپلەی چوارەمدایە و ئەمریكا لە پلەی 51دایە.

ئەمریكا رەخنەی توندی لەم بوارە بەردەكەوێت، چونكە بەپێی یەكێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی، ئەمریكا لە پلەی 76 دێت لە كۆی ئەو 193 وڵاتەی دەستنیشانكراوە، كە ژن تێیدا كاری پەرلەمانی و حكومی دەكات.

مارین لە پێگەی رەسمی حكومەتی فنلەندا-دا نوسیویەتی: گرنگترین پەیامی من ئەمڕۆ ئەوەیە، كە ئەم حكومەتە بۆ هەموو تاكێكی فینلەندا كاردەكات، ئێمە نایەكسانی كەمدەكەینەوە و یەكسانی بەهێزدەكەین، ئێمە توانای تاكەكانی كۆمەڵگە و بڕوانامەی فێركردنیان بەگەڕدەخەین، دەگەڕێین بەشوێن ئەوەی، كە لەپشت ئاسایش و ئارامی خەڵكەوەیە.

مارین دەبێتە سێیەم ژنە سەرۆك وەزیران لە مێژووی فنلەندا، یەكەم سەرۆك وەزیرانی ژن لە مێژووی فنلەندا بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە و هەر لەو ساڵەشەوە رێژەی 43%ی پەرلەمانی وڵاتەكە پێكدەهێنێت. 

پێگەی ڤۆكس –ی ئەمریكی، ئەمریكا رەخنەباران دەكات و دەڵێت: "پێویستە ئەمریكا وانەیەك لە فنلەنداوە وەرگرێت، چونكە تائێستا نزیك 24%ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ژنە، كە لە كۆی 435 نوێنەران لە كۆشكی سپی 113 یان ژنن، كە دەكاتە یەك لە چوار، هەروەها لەكۆی 100 ئەندامی ئەنجومەنی پیران، 20 ئەندامی ژنن، كە ٢٤% دەكات". 

ئەم رەخنەیە لەكاتێكدا ساڵی 1917 تاكە یەك ژن لە كۆنگرێسی ئەمریكادا بووە، بەڵام پێگەی فۆكس ئەوەش ناشارێتەوە، كە یەكەم ژن سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی گرتە دەست نانسی پێلوسی بوو لە ساڵی 2003 و بۆ جاری دووەمیش لە 2019 ئەو ئەركەی گرتەوە دەست.

هەروەها یەكێكی تر لەو بازدانەی ئەمریكا ویستی بیكات ئەوە بوو، دیموكراتەكان بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ئەمریكا ساڵی 2016، هیلاری كلنتۆن-یان پاڵاوت بۆ سەرۆكایەتی بەرامبەر دۆناڵد ترامپ، بەڵام نەیتوانی سەركەوێت.

بۆ هەڵبژاردنی 2020یش ژمارەیەكی بەرچاو لە پاڵێوراوی دیموكراتەكان لەكێبڕكێدان، كە زۆرینە ژنن، لەسەرەتای كێبڕكێكەدا كە مالا هاریس پێشەنگی ریزبەندی گرتبوو لە پاڵێوراوی دیموكراتەكان و چاوەڕوانی سەركەوتنی گەورەی لێدەكرا بۆ 2020، بەڵام هەفتەی پێشوو لە پێشبڕكێكە كشایەوە.

هەر لەدوای راگەیاندنی كابینەكە هیلاری كیلنتۆن-ی سیاسەتمەداری ئەمریكا لە تویتێكدا نووسی: كاتێك حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی فنلەندا ئیعلانی سەرۆك وەزیرانی نوێی فنلەندای كرد، سانا مارین بوو بە گەنجترین سەرۆك وەزیران و سەرۆكایەتی حكومەتێك دەكات پڕە لەژن".

سەعدییە زاهیدی بەرێوەبەری كارگێڕی كۆڕبەندی ئابووری جیهان بە هۆف پۆست-ی راگەیاندووە، نێوانی مافی دەنگدانی ژن لە ئەمریكا و فنلەندا 14 ساڵیان نێوانە، بۆیە هەمیشە فنلەندا لە پێشتر ئەبێت. لە فنلەندا ساڵی 1906 مافی دەنگدان بەژنان دراوە، بەڵام لەئەمریكا ساڵی 1920.

لەبەرانبەر ئەم گەشبینی و دەنگدانەوەیەدا رۆژنامەی زە دیترۆیت بڵاویكردەوە، كە بەسروشتی رێژەی ژن لە فنلەندا لە پیاو زیاترە، بۆیە دەشێت كاریگەری رەگەز لە بەڕێوەبردندا كاریگەیی هەبێت. 

هاوكات گۆڤاری ئیكۆنۆمست-ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا لە رۆژی 11ی دیسێمبەر ئامارێكی وردی بڵاوكردووەتەوە، كە ئاماژەی بە رێژەی بەشداری ژن كردووە لە حكومەتدا لە ئەورپا و نیشانی داوە كە فنلەندا 62% ی ئەندامانی حكومەت ژنن، بەدوای ئەودا ئیسپانیا دێت كە ژن 58% حكومەت پێكدەهێنێت و دواتر سوید 51% و نەمسا 50% و فەرەنسا 47% و ئەڵمانیا 45% و دانیمارك 35% و ئیتالیا 31% و بەریتانیا 30% و ئیرلەندا و بەلجیكا و هەنگاریا و پۆڵەدا لە خوار 30%ن.

رەنگە قسەیەكی مارین جێگەی راڤە بێت بۆ هەموو دنیا، لەئەمریكاوە تا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت هەرێمی كوردستان-یش ئەوەش مەسەلەی باوەڕبوونە بە هەڵبژاردنی ژن لەلایەن سیستمی سیاسی و حیزبەكان و تەنانەت دەنگدەرانەوە. 

یەكێك لەو پاڵنەرانەی كە لە هەندێك وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەكرێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە مەسەلەی رێژەیە، كە دادەنرێت، بەشێوەیەك ئەبێت رێژەی ژن لە حكومەت یان پەرلەمان لەوە كەمتر نەبێت.

مارین بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت: یەكێك لەو فاكتەرانەی وایكردووە، كە بەشداری سیاسی بكەین باوەڕی دەنگدەرەكانە بە ئێمە.

مارتن، كە وەزیری گواستنەوەی فنلەندا بوو پێشتر راسپێردراوە لەلایەن حزبی سۆسیال دیموكراتی فنلەندا، ئەویش دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەنتی راێین. گۆڤاری تایم دەڵێت:"مارتن حكومەتێكی ئیئتلافی بەرێوەدەبات كە لە 5 حزب پێكهاتووە. مارتن سەركردایەتی تیمێكی حكومەت دەكات كە لە 19 كەس پێكهاتووە، 7 یان پیاو 12یان ژنن، لەو دوانزە ژنە بە خۆیەوە چواریان تەمەنیان لە 35 ساڵ كەمترە و ھەریەكەیان سەربە حزبێكن، ئەوانیش:
*كاتری كۆلۆمنی -32- لە پارتی ناوەند، وەزیری كاروباری ئابوری.
*ماریا ئۆهیسالۆ-34- پارتی سەوز، وەزیری ناوخۆ.
*لی ئەندرسۆن-32- پارتی هاوپەیمانی چەپ، وەزیری فێركردن.
ژنە وەزیرەكانی تریش:
*ئانا هینریكسۆن-55- پارتی گەلی سویدی، وەزیری داد.
*تیتی تۆبۆرینین-43-حزبی سۆسیال دیموكرات، وەزیری كارەباری ئەوروپا.
*سیریا پاتیرۆ-55- حزبی سۆشیال دیموكرات، وەزیری دەسەڵاتی خۆجێیەتی.
*هانا كۆسۆنین- 43- حزبی ناوەند، وەزیری زانست و رۆشنبیری.
*تولا هەتینین- 59- حزبی سۆسیال دیموكرات، وەزیری ئیشغال و ئاوەدانكردنەوە.
*ئاینۆ كایزا بیكۆنین- 40- هاوپەیمانی چەپ- وەزیری تەندروستی و كاروباری كۆمەڵایەتی.
*كریستا كیۆرۆ- 45- حزبی سۆسیال دیموكرات، وەزیری كاروباری خێزانی و خزمەتكوزارییە كۆمەڵایەتییەكان.
*كریستا میكۆنین- -پارتی سەوز، وەزیری ژینگە و گۆڕانكاری كەشوهەوا.

ئۆپۆزسیۆنی فنلەندا دڵخۆشە بە دۆخەكە و رەخنە ناگرێت، ئەلكساندر ستۆپ سەرۆك وەزیرانی پێشووی فنلەندا و سەركردەی حزبی كۆنزەرڤاتیڤ-ی فنلەندا لە تویتێكدا لەواڵەكەی خۆی نووسیویەتی:"حزبەكەم لە حكومەتدا نییە، بەڵام دڵخۆشم چونكە سەركردایەتی ئەو 5 حزبە لە حكومەت ژنیان هەڵبژاردووە بۆ سەركردایەتیكردن، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە فنلەندا وڵاتێكی پێشكەوتوو و مۆدێرنە. زۆرینەی حكومەت ژنە، یەك رۆژ، ژن كێشە نابێت بۆ حكومەت".

هەرچەندە ئەوەی زیاتر لە فنلەندا فۆكسی خراوەتە سەر مەسەلەی تەمەنە، چونكە لەو وڵاتە ژن دەمێكە چمكی سیاسەت و سەركردایەتی ئیدارەی گرتۆتەدەست، گۆڤاری ئەتلەنتا لە راپۆرتێكدا دەڵێت: "ساڵی 2003 لەگەڵ ئەوەی ئینلی جاتینماكی بووە سەرۆك وەزیرانی فنلەندا، ژنان لە 200 كورسی پەرلەمان 93 كورسی پەرلەمانیان بۆ خۆیان برد". گۆڤارەكە پێی وایە ئیتر ئەمە وەك كەڵچەری لێهاتووە زیاد ئەكات كەم ناكات، بەڵام ئەوەی بۆتە جێگەی دڵخۆشی حزبەكانی فینلەندا لە هەڵبژاردنی 2019دا، 48%ی پەرلەمانتارانی وڵاتەكە تەمەنیان لە خوار 45 ساڵە و 8 لەوانەش 30 ساڵ-ن. هەروەها گۆڤاری ئەتلەنتا نووسیویەتی:"لەنێو ئەو سەرۆكە وەزیرانە گەنجانەی دنیادا مارین گەنجترین، جگە لەم سەرۆك وەزیرانی ئۆكرانیا ئۆلیكی هۆنشارۆك -36- ساڵ و جاسیندا ئاردرن -39- هەن."

سەركردایەتیكردنی ژنان لە جیهاندا لە دوای نەوەدەكانەوە جەدەلی گەورەی دروستكردووە، تەنانەت وڵاتانی عەرەبی بەر رەخنەی قورس كەوتوون لەو رووەوە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیا رۆڵی باڵای گێڕا، تانسۆ چیلەر، 22 یەمین سەرۆك وەزیرانی توركیا (1993-1996) یەكەمین ژن لە مێژووی ئەمریكا ئەو پۆستە وەرگرێت، ژنێكی بەتوانای بواری سیاسەت بوو. لەم دەمەدا توركیا كرانەوەی گەورەی بەخۆوە دێت. بەڵام بەدەركەوتنی حزبی داد و گەشەپێدان لەسەردەستی رەجەب تەیب ئەردۆگان توركیا پاشەكشێی كرد.

پسپۆرانی جێندەری پێیانوایە جەنگی یەكسانی جێندەری لە فنلەندا و وڵاتانی ئەسكەندەنافیا كۆتایی نایەت، ریك واك بۆ واشنتۆن پۆست دەڵێت:"تا ئەم ساتە توندوتیژی كۆمەڵایەتی لە فنلەندا بوونی هەیە، لە توێژینەوەیەكی مەیدانیدا ئاژانسی یەكێتی ئەوروپا بۆ مافە بنەڕەتییەكان ساڵی 2014 ئاشكرای كردووە كە ژنانی كۆچبەر جیاكراونەتەوە لە ژنانی فنلەندی، ژنانی كۆچبەر كەمتر فرسەتی ئیشكردنیان خراوەتە بەردەم، لەكاتێكدا بەپێی ئاماری 2015، 6%ی كۆچبەران خەڵكی فنلەندا پێكدەهێنن كە زۆربەیان لە عیراق و ئەفگانستان و روسیاوە هاتوون. بۆیە ترس لەوە هەیە ئەم رێژەیە كاربكاتە سەر ریزبەندی فنلەندا لە یەكسانی جێندەریدا."