قوباد تاڵەبانی: ناكرێت پڕۆژە یاسای چاکسازى بكرێتە دەسكەوت بۆ هیچ كەس و لایەنێك

کوردستان

12/12/2019‌ 712 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت، ناكرێت بكرێتە دەسكەوت بۆ هیچ كەس و لایەنێكی دیاریكراو بەتەنها و بابەتێك نییە بۆ موزایەدەكردن.

رۆژى چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە كۆی دەنگ پڕۆژە یاسای چاكسازی لەموچە و خانەنشینی و دەرماڵەی پەسەند كرد، دواتر زۆربەى فراکسیۆنەکان و بەشێک لەپەرلەمانتاران ئەو پرۆژەیان بە دەستکەوتى حزبەکانیان لە قەڵەمەدا.

لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانى جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند" بنەڕەتی ئەم پرۆژەیە هی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمە لەم كابینەیەشدا وەک چۆن لە کارنامەكەیدا بەڵێن درابوو، بەگیانێكی بەرپرسانەو پڕ لەتەبایی و لە سایەی كاری پێكەوەیی ناو ئەنجومەنی وەزیران دەوڵەمەند كرا و دەنگی لەسەر درا".

ئاماژەى بەوەشکرد، سەرۆکی حکومەت و بەندە و هەموو وەزیرە بەڕێزەکانی سەر بە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەشداری حکومەت و سکرتێر و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی تێروتەسەلیان کرد تا پرۆژەکەیان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕاند.

هەروەها قوباد تاڵەبانى جەختیکردوەتەوە، ناكرێت بكرێتە دەسكەوت بۆ هیچ كەس و لایەنێكی دیاریكراو بەتەنها و بابەتێك نییە بۆ موزایەدەكردن.

لە کۆتاییشدا جێگرى سەرۆکى حکومەت رایگەیاندوە، بەهیواین هەمان گیانی تەبایی ناو ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پرۆژەكەوە لە پەرلەمانیشدا رەنگبداتەوە بۆ ئەوەی لەنزیكترین دەرفەتی گونجاودا لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی دەربچوێنرێت.

دوێنى چوار شەممە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم پرۆژە یاسای چاکسازى لە موچەو دەرماڵەو خانەنشینى پەسندکردو ئەمرۆش رەوانەى پەرلەمانى کوردستان کرا.
س.هـ