هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر عێراق كوژرانی چوار سەركردەی حیزبوڵڵای لێكەوتووەتەوە

لە میدیاکانەوە

30/12/2019‌ 1576 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: لوقمان غەفوور
فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا شەوی 29 دیسێمبەر، پێنج بنكەی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا-ی سەر بەحەشدی شەعبی-یان لەعێراق بۆردومان كرد.

بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، پێنتاگۆن هێرشەكە پەرچەكرداری ئەو هێرشەی رۆژی هەینی رابردووە (٢٧ دیسێمبەر) بووە، كە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بەئێرانەوە كرایە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی كەی وەن لەشاری كەركوك. 

ئەنجامی ئەو هێرشە بووە هۆی كوژرانی بەڵێندەرێكی ئەمریكی و برینداربوونی ٣ سەربازی ئەمریكی و ٢ سەربازی عێراقی، كە ئەوەش كاردانەوەی واشنتۆنی بەدواوە هات‌و ئەو هێرشانەی ئەنجامدا.

جۆناسان هۆفمان وتەبێژ بەناوی پێنتاگۆن بۆ وۆێل ستریت جۆرناڵ ئەوەی ئاشكراكردووە، كە 3 بارەگای حیزبوڵڵا لە ناوچەكانی (غابە سلوم و حەرش)ی خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار-ی عێراق و دوو بارەگای تریشیان لە سوریا بوون، هەمووی ئەو بنكە و بارەگایانەش شوێنی عەمباركردنی چەكوتەقەمەنی و سەنتەری سەركردایەتی ئەو هێزەن، كە لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێن.

ھۆفمان راشیگەیاند، كە پێویستە ئێران لەوە بگات سەروەری خاكی عێراق لەبەرچاو بگرێت و میلیشیاكانی لەناو عێراق نەمێنن و دەست لەهێرشكردنە سەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هەڵگرن.

ھەروەھا مارك ئیسپێر وەزیری بەرگری ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ سی ئێن ئێن، ئەوەی ڕاگەیاند، ئێوارەی ٢٧ ی دیسێمبەر لەدوای ھێرشەكەی كەی وەن-ی كەركوك دۆناڵد ترامپ ڕەزامەندی لەسەر ھێرشەكەی سەر حیزبوڵڵا دەربڕیوە و تێكڕای ھێرشەكانیش بە فڕۆكەی ئێف ١٥ ئەنجامدراون.

سی ئێن ئێن ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە بەر لە لێدانە سەربازییەكە ھەریەك لەوەزیری دەرەوە و بەرگری و سەرۆكی ئەركانی ھێزە ھاوبەشەكان سەردانی ترامپ-یان كردووە بۆ گفتوگۆ لەسەر ھێرشەكە.

هەروەها تەلەفزیۆنی ئەی بی سی نیوز دیمەنی بوردومانەكانی ئەمریكای گواستەوە و تێدا ئاماژەی بەوەدا، ئەم هێرشانە دوای دوو رۆژ بەسەر ئەو هێرشە مووشەكییە دێت، كە لە كەركوك كرایە سەر بنكەیەكی ئەمریكا، جگە لەكوژرانی بەڵێندەرێكی ئەمریكی، چەندین سەرباز ئەمریكی و عیراقی بریندار بوون.

ئێن بی سی لەگەشتی هەواڵەكانی ئاماژەی بەوەدا، كە لە هێرشەكەی ئەمریكادا 4 بەرپرسی سەربازی حیزبوڵڵای عیراقی كوژراون بێئەوەی ناسنامەكانیان ئاشكرابكات، ھەروەھا ٣٠ چەكداریش بە سەختی بریندار بوون.

ئەمە لە كاتێكدایە، كە سەركردەیەكی باڵای هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ گلۆباڵ نیوز ئەوەی ئاشكراكردووە، كە 12 چەكداری هێزەكانی حیزبوڵڵا كوژراون.

بەڵام ڕۆژنامەی ھێرتز ئاشكرایكرد، كە چوار سەعات دوای ھێرشەكە، ھێزەكانی شیعە و تیمەكانی فریاگوزاری چوونەتە ھەموو شوێنەكانی سەر ڕووداوەكان لە سوریا و عێراق و لە ھەر پێج شوێنەكە ١٨ چەكدار كوژراون، كە ٤ لەوانە سەركردەی باڵان. 

هەروەها رایگەیاند، لە ھێرشەكەدا زیاد لە ٥٠ چەكدار بریندار بوون و پێدەچێت بەشێك لەم بریندارانە گیان لەدەستبدەن.

ھەرچی ئاژانسی فرانس پرێس-ە لەدرەنگانی شەوی ٢٩ ی دیسێمبەر لەسەر زاری بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە ئاشكرایكرد، كە ژمارەی كوژراوەكان ھەڵكشاوە بۆ ٢٠ چەكدار و لەنێویاندا ٣ ئەفسەری ئێرانی تێدایە، بەڵام ئەمریكا ھێشتا باسی لە كوژرانی ئەفسەری ئێرانی نەكردووە.

رۆژی شەممە 27 دیسێمبەر دوای ئەوەی ئەمریكا دڵنیابوو لەهێرشەكەی سەر كەی وەن لەلایەن میلیشیا ئیرانییەكانەوە ئەنجامدراوە، سیناتۆر تۆم كۆتۆن لەتیوتێكدا لە سۆشیال میدیاوە ئەوەی نووسی، كە پێویستە ئێران و میلیشیاكانی سزایەكی خێرا و توندیان بدرێت، ئەگەر ئەوە راست بێت ئێران لە پشت ئەم هێرشەوەیە.

رۆژنامەی دەیلی نیوز-یش لەچاپی ئەمڕۆیدا نووسیویەتی، كە بەرپرسە ئەمریكییەكان راپۆرتێكی خێرایان گەیاندووەتە پێنتاگۆن‌و تێیدا باسیان لەوە كردووە جگە لەهێرشەكەی سەر كەی وەن، كە هێرشێكی 30 رۆكێتی بووە و 12یان بەر هێزەكان كەوتووە، نزیك سێ ھەفتە لەمەوبەریش (رۆژی 3ی دیسێمبەر) هێرشێكی ئاسمانی فرۆكەی بێ فرۆكەوان لەلایەن میلیشیاكانی حیزبوڵڵا وە كراوەتە سەر بنكەی ئەسەد-ی ئاسمانی، بەڵام ئەمریكا بێدەنگی هەڵبژاردووە.

بەپێی لێدوانێكی فلیپ سمیس توێژەر لە پەیمانگای واشنتۆن و پسپۆری لە كاروباری ئێران بۆ دەیلی نیوز، پێیوایە لەكاتێكدا بنكەی ئاسمانی ئەلئەسەد-ی سەربازی ئەمریكا، كە ئەكەوێتە ئەنبار- عێراق، لەهەمانكاتدا كەتیبەكانی حیزبوڵڵا-ش لەو شوێنەدا نێتۆركێكی زۆریان هەیە بە پارێزگاكانی ترەوە.

باسی لەوەش كردووە، كە میلیشیاكانی حیزبوڵڵا لە ناوچەی قائیم لە ئەنبارن و كەسێك بە ناوی ئەبو كەمال بە درێژایی رێگای ئەنبار سەرپەرشتیان دەكات".

بەپێی لێدوانێكی بەرپرسێكی سەربازی، كە بۆ زە دیترۆیت دواوە دەڵێت: هێزەكانی حیزبوڵڵا لە هێرشەكانیاندا مووشەكی 122 ملم بەكاردەهێنن و هێرشەكەی رۆژی هەینی بۆ سەر كەی وەن، بە موشەكی 107 ملم ی دروستكراوی ئێران ئەنجامدراوە.

هێرشەكەی رۆژی 28ی دیسێمبەر، یەكەمین هێرشی سەربازییە بە رەسمیی لەلایەن ئەمریكاوە بكرێتە سەر میلیشیاكانی سەر بەئێران لەدوای زیادبوونی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ئیران لە ناوچەكە.

بەپێی زە نیویۆرك تایمز، سیناتۆرەكانی ئەمریكا بە دڵەراوكێ-ەوە گوزارشت لەدانبەخۆداگرتنی پەرچەكرداری ئەمریكا دەكەن بەرانبەر سەركێشییەكانی ئێران لەناوچەكە و دەنگە ناڕازییەكان لەناو كۆماری و دیموكراتەكان لە هەڵكشاندایە بەرامبەر لێدانی ئیران.

لەبەرانبەر ئەم نیگەرانیانە جەنەرال مارك میلی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكان، دەڵێت: "ئێمە ترسمان لە ئێران لەم ماوەی دواییەدا زیادی كردووە، بەڵام دانبەخۆداگرتن لەم كاتەدا كارێكی باشە".

هێزەكانی حیزبوڵڵای عیراقی جیاوازن لە هێزەكانی حیزبوڵڵای لوبنانی و لە عێراق سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی عێراقین، كە لەلایەن ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرپەرشتی دەكرێن، كە یەكێكە لە كەسە توندڕەوەكانی عێراق و ئێستا جێگری سەرۆكی هێزەكانی حەشدی شەعبییە.