خراپترین كاری ترامپ لە 2019.. هەڵكردین گڵۆپی سەوز بۆ توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوای كوردستان

کوردستان

01/01/2020‌ 2249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردەوە، كە‌ هەڵكردین گڵۆپی سەوز بۆ توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوای كوردستان لەباكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، خراپترین كارێكە ‌دۆنالد ترامپی سەرۆكی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2019  كردوویەتی.
 
كارك تیسنی ڕۆژنامەنووسی ئەمریكی، كە ستونێكی نووسینی لە ڕۆژنامەی ناوبراو هەیە، باسی لە 10 هەڵەی دۆناڵد ترامپ لەساڵی 2019 كردووە، هەڵەكانی لە خراپ بەرەو خراپترین‌ پۆلێن كردوون، دەستبەرداربوونی ئیدارەكەی‌ تڕامپ لە كوردەكانی ڕۆژئاوا و ڕێگەدان بە توركیا هێرشیان بكاتەسەر، بەخراپترین كار و ڕەفتاری ترامپی دایە‌ قەڵەم‌.

تیسن دەڵێت: كوردەكان له ‌ساڵی 2014  ، لە جەنگی دژ بە داعش 11 هەزار شەهیدان داوە، هەر ئەوانیش زانیاری هەواڵگری یەكلاییكەرەوەیان پێداین، كە بووە هۆی دەستگەیشتنمان بە ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی دەوڵەتی ئیسلامی.

تیسن ئەوەشی وت: دوای ئەوەی بینیم، ترامپ لە كردەی كوشتنی كوردەكاندا تەماشاكەرە، ئیدی لەمەودوا چ شتێك وا لەكەسانی دیكە دەكات لە جەنگی دژ بە تیرۆر یارمەتی ئەمریكا بدەن؟
 
پۆلێنكردنەكە چەند ڕەفتارێكی دیكەی ترامپی گرتەوە وەك ئەوەی وتوویەتی یەكێتی سۆڤیەت هەقی بوو كاتێك ئەفغانستانی داگیركرد، هەروەها پیرۆزبایشی لە حیزبی شیوعی چین كرد بە بۆنەی 70 ساڵەوەگەری دامەزراندنییەوە.

سەپاندنی دەسەڵاتی لەناكاو بۆ قۆرتوقولاپكردن و هەڵخەڵەتاندنی كۆنگریس لەپرسی دیوارە سنورییەكەی سەر سنوری مەكسیك، یەكێكی دیكە بوو لە كارە خراپەكانی ترامپ، ئەمەش‌ دوای ئەوەی ئەو جەنگەی دۆڕاند، چونكە كۆنگرێس بەیاسایەك ئەو هەنگاوەی ڕەتكردەوە.

تیسن پێی وایە هێرشكردنەسەر مردووەكان و بە خراپ باسكردنیان، كارێكی دیكەی خراپی ترامپە، چونكە دوای ماوەیەكی زۆر بەسەر كۆچكردنیدا، ڕەخنەی لەجۆن مەكینی سیناتۆری پێشوو گرت، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی بنكە جەماوەرییەكەی ترامپ لە ئەمریكا.

سەرچاوە: NORTH PRESS 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر