زانیاری نوێ‌..
قاسم سلێمانی لە بەیروت گەڕاوەتەوەو بەنیازی كۆبوونەوەی تۆڵەسەندنەوە بووە

لە میدیاکانەوە

03/01/2020‌ 4876 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: لوقمان غەفوور
بەكوشتنی قاسم سلێمانی بەرپرسی سوپای قودسی پاسداران لەشەوی 3ی جێنیوەری لەبەردەم تێرمیناڵی فرۆكەخانەی بەغدا، گرژییەكان نێوان ئەمریكا و ئێران زیاد دەكەن.

سلێمانی- 62 ساڵ، كە لەنێو هەوادارانیدا بە حاجی قاسم ناسراوە، لەلوبنان-ەوە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و لە فرۆكەخانەش هەریەك شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری بەرپرسی هێزەكانی حەشدی شەعبی و محەمەد جابری كەسایەتییەكی تری دیاری میلیشیا شیعەكانی سەر بەئێران چاوەڕوانیان كردووە لەگەڵ گەیشتنی سلێمانی و پێشوازی هەردوو سەركردەكەو پاش بەڕێكەوتن لەنێو ئۆتۆمبیلەكانیاندا لەرێگەی سێ مووشەكی قورسەوە كوژراون، جگە لەكوژرانی 4 كەسی دیكە، كە یەكێكیان ئەفسەرێكی پرۆتۆكۆل –ی نێو فڕۆكەخانەكەیە و بە محەمەد رەزا ناسراوە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەنووسینێكدا ئاماژە دەدات بە گریان و ناڵە و هاواری لایەنگرانی سلێمانی، كە لەناو ئاگر و دوكەڵ و پارچە پارچەبوونی جەستەی ئەو پێنج كەسەی ناو ئەو دوو ئۆتۆمبیلەی لەبەردەم فرۆكەخانەكە، كە بەئەستەنگ ناسراونەتەوە، بەتایبەتی دەستی سلێمانی دەبیننەوە لەناو جەستەكاندا، كە لە مێژە ئەنگوستیلەیەكی دیاری نوقێم قاوەیی لەدەستدایە.

واشنتۆن پۆست لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمركییەوە ئاماژەی بەوە كردووە، كە هێرشەكە بە فرۆكەی بێ فرۆكەوان ئەنجامدراوە.

هەروەها بەپێی گۆڤاری نیو یۆركەر-یش هەواڵگری ئەمریكی ئاگاداری چوونی سلێمانی بووە بۆ بەبروت و گەڕانەوەی و ئەوەشی نووسیوە، سلێمانی بە بەردەوامی هاتووچۆی بەغدادی كردووە لەدوای كەوتنی رژێمی سەدامەوە لە ساڵی 2003 ەوە و بەرپرسانی ئەمریكا زۆربەی جار بەسەردانەكانیان زانیوە و هەندێك جاریش نامەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی گۆڕیوەتەوە یان كۆبوونەوەی لەگەڵ كردوون.

بەدرێژایی رۆژانی شەڕ، قاسم سلێمانی داوای ئامادەگی سەركردە شیعە عێراقییەكانی كردووە تا لەگەڵی كۆببنەوە لە تاران بۆ نێوەندگیری و سازانیان، هەمیشە ئامانجی گێرانەوەی بەمەزنكردنی هێزی شیعە بوو.

جێف بۆمگانەر مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی نۆرس داكۆتا لەشاری فارگۆ دەڵێت: "ئەمریكییەكان خۆیان نایانەوێت سلێمانی بكوژن، باشترین بەڵگەش ئاشكرابوونی ئەو راپۆرتە بوو، كە ساڵی 2018 لە پێگەی هارتس-ی ئیسرائیلی بڵاوبووەوە، كە ئەمریكا گڵۆپی سەوزی هەڵكردبوو تا ئیسرائیل لەناو خاكی سوریا، سلێمانی بكوژێت، بەڵام هەر هەواڵگری ئەمریكی پلانەكەی بە ئێرانییەكان داو كوشتنەكەیان پووچەڵكردەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ناكۆكییەكی توند لەنێوان هەواڵگری ئەمریكا و ئیسرائیل دروستبێت".

هاوكات بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شیكاگۆ تربیون، قاسم سلێمانی پلان دارێژەی هێرشەكەی رۆژی 31ی دیسێمبەری سەر باڵێۆزخانەی ئەمریكا بووە لە بەغدا و بریاریش بووە رۆژی 4ی جێنیوەری كۆبوونەوەیەكی فراوان بكات بەسەركردەكانی حەشدی شەعبی و بە كۆبوونەوەی تۆڵەسەندنەوە ناسێنراوە.

بۆیە مارك ئیسپیر وەزیری بەرگری ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمریكا رێوشوێنێكی بەرگری یەكلاكەرەوەی گرتووەتەبەر دژی سلێمانی، كە كەسێتییەكی سەربازی بەهێزی گۆرەپانەكە بووە لەپەیوەندی بەستن لەگەڵ گروپە شیعەكانی سەر بەئێران.
 
وتیشی: "هەموو بەڵگەكانمان لەبەردەستە، كە سلێمانی پلاندارێژەری چەندین چالاكی بووە دژی دیپلۆماتە ئەمریكییەكان لەناوچەكە و بەرپرسیاری سەدان كوشتنی ئەمریكی لەئەستۆیەتی".

ئەم راگەیاندنەی وەزیری بەرگری جگە لەوەی بەڵگە هێنانەوەیە بۆ كردەكە، وەڵامێكی پێشوەختیش بوو بۆ بەشێك لەسیناتۆرە دیموكراتەكان، كە رەخنە لە كارە یەكلاكەرەوەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا دەگرن، چونكە بەپێی پێنتاگۆن ترامپ فرمانی كردووە بە كوشتنی سلێمانی بێ گەڕانەوە بۆ رای كۆنگرێس.

لەلایەكی رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ نوسیویەتی، كە روون نییە چ دەسەڵاتێكی یاسایی رێگە دەدات بە جێبەجێكردنی هێرشێكی لەو جۆرە، بەڵام بەشی زۆری سەركردە ئەمریكییەكان دەسەڵاتی فراوانی خۆیان بەكارهێناوە بۆ ئەم كردەوە سەربازییانە بێئەوەی بگەڕێنەوە بۆ كۆنگرێس كاتێك هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكەوێتە ترسەوە.

سیناتۆر ریتچارد بلومنتال لە ویلایەتی كۆنیتیكت بۆ رۆژنامەكە وتویەتی: "ئەو لێدوانانەی ئێستا ئەدرێن بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان ئەگەری جەنگێكی چاوەڕواننەكراوە".

هەرچی هاوپەیمانەكانی ترامە وەك لیندسی گراهام سیناتۆری ساوس كارۆلاینا دەستخۆشی لەترامپ دەكات و دەڵێت: "بۆ حكومەتی ئێران: ئەگەر زیاترت ئەوێت، ئەوا زیاترت پێشكەش دەكەین".

بەلای ئێرانەوە تەنیا كەسێكی لە مەیدانی جەنگ لەكیس نەچووە، بەڵكو سمبولی شكۆ و شەهامەتی نیشتمانی ئێرانی پێشكاوە و هەر بەو بۆنەیەوە عەلی خامەنەیی رابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران سێ رۆژ پرسەی لە وڵاتەكەی راگەیاند.

هەوەرها رۆژنامەی یو ئێس تودەی بۆچونێكی مارك دۆبوێتز سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەت، كە سەنتەرێكی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوەیە لە واشنتۆن بڵاوكردووەتەوە، كە نوسیویەتی: "لێدانێكی كوشندەیە لەرژێمی ئێران، سلێمانی دەسەڵاتی تەواوی كردبوو بەسەر سوپای ئێران و هەواڵگری و پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ ماوەی دوو دەیەیە".