ماوەیەكی زۆر سوپایەك لەسیخوڕ بەدوای جوڵەكانی قاسم سلێمانییەوە بوون

مەلەفی تایبەت

14/01/2020‌ 1917 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
نزیكەی ١٨ مانگ لەمەوبەر بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمەریكا گفتوگۆیان لەبارەی پلانی بەئامانجگرتنی جەنەراڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران كردووە، كە لەسەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەهێرشێكی ئاسمانی ئەمەریكیدا كوژرا .


رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی هەندێك وردەكاری بەدواكەوتنی سلێمانی تا ساتی تیرۆركردنی لە ٣ی كانوونی دووەم لەفرۆكەخانەی نێودەەوڵەتی بەغدا باسكردووە، بەشێوەیەك سوپایەك لە سیخور بەوردی بەدوای جوڵەكانی سلێمانیدا گەراون .

دوای كوشتنی قاسم سلێمانی دەسەڵاتدارانی بەغدا كەسێكی سوریا و یەكێكی عێراقیان دەستگیركرد و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بەرپرسێكی هەواڵگری لە فرۆكەخانەی بەغدا كرد لەسەر ئەوەی چۆن هەواڵی گەیشتنی قاسم سلێمانی بۆ فرۆكەخانە دزەی پێكراوە و دوای ئەوە بەچەند خولەكێك پێكراوە، بەڵام وادیارە كارەكە زۆر لەوە فراوانترە، بەشێوەیەك تۆرێكی گەورەی سیخوڕی لەهەموو جێگایەك بەدوای قاسم سلێمانییەوە بوون .

بەپێی نیویۆرك تایمز، سلێمانی زۆر لەبەرچاوی هەواڵگری ئەمەریكا دوورنەبووە بەتایبەتی دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٧ ئەو هێزەی ئەو سەركردایەتی دەكرد خرایە لیستی تیرۆری ئەمەریكاوە، بەڵام پلانی لەناوبردنی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەمانگی مایۆی رابردوو خرایە بەرنامەوە كاتێك ئێران كەشتییە نەوتگوێزەرەوەكانی لە كەنداوی فارسی و كەنداوی عومان كردە ئامانج، بەشێوەیەك ئەوكات جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا داوای لە سوپا و هەواڵگری كرد، كە بژاردەكانی بەرپەرچدانەوەی ئێران ئامادە بكەن .

لەناو ئەو بژاردانەی خرایە بەردەست بۆڵتۆن بریتی بوو لە لەناوبردنی قاسم سلێمانی و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی ئێرانی، لەو كاتەوە زۆر بەچڕی پرۆسەی بەدواداكەوتنی ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران دەستیپێكرد لەگەڵ ئەوەی چەندین ساڵ بوو لە لیستی تیرۆردا بوو .

بۆ ئەو مەبەستە لەمانگی سێپتەمبەری رابردوو، فەرماندەی ناوەندی ئەمەریكی "سێنتكۆم"، كە بەرپرسە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و فەرماندەی پرۆسە تایبەتەكان دەستیان بەپرۆسەی گریامانكراوی كوشتنی سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، كە درێژكراوەی هەژموونی ئێرانە لەناوچەكە كرد.

لەدوای ئەو هەنگاوە بەگوێرەی بەرپرسێكی ئەمەریكی، كە قسەی بۆ رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" كردووە، لە عێراق و سوریا دەستكراوە بە بەكرێگرتنی سیخوڕ و بڵاوكردنەوەیان بۆ ئاگاداربوون لەجوڵەكانی قاسم سلێمانی .

بەدرێژایی ئەو چەند مانگە بەرپرسانی ئەمەریكا گفتوگۆیان لەبارەی جێگای تیرۆركردنی سلێمانی كردووە، بەجۆرێك گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەستەمە لەناو ئێراندا بتوانن بیكوژن، بۆیە واباشترە هەوڵ بدەن لەعێراق یان سوریا بكوژرێت .

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە هەواڵگری ئەمەریكا بەمەبەستی بەدواكەوتنی جوڵەكانی قاسم سلێمانی تۆرێكی فراوانی سیخوڕی لەناو ئەو گروپ و قەوارە چەكداری‌و نیمچە چەكداریانە بەكرێ گرتووە، كە سلێمانی مامەڵەی لەگەڵ كردوون .

لەناو ئەو قەوارانەش بریتی بوون لەسوپای سوریا، فەیلەقی قودس لەدیمەشق، میلیشیای حیزبوڵڵای لوبنانی لەدیمەشق، فەرمانبەرانی فرۆكەخانەكانی بەغدا و دیمەشق، میلیشیاكانی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی عێراقی .

ئەمەریكا گوێی لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نێوان سلێمانی و كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عیراقی هەڵخستووە، كە ناوەڕۆكەكەی بریتی بووە لەوەی تاران دەیەوێت گوشار لەسەر هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق هەر بمێنێت، بەڵام لەئاستێكی كەمدا، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ بەردەوام بوون لەسەر مووشەكبارانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا، كە ناوبەناو ئاراستەیان دەكرا .

ئەو زانیارییانەی بەردەست ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكا كەوتبوو ئەوە بوو، كە قاسم سلێمانی بەچەند كۆمپانیایەكی فرۆكەوانی گەشتی كردووەو لەپێناو خۆشاردنەوەش چەند تكتێكی گەشتكردنی كڕیوە  .

هەروەها لەناو فڕۆكەكاندا لە كورسی خاوەن كارەكان دادەنیشت، دواین كەس بوو سواری فڕۆكە دەبوو، یەكەم كەسیش دادەبەزی .

سەرچاوە ئەمەریكییەكان باسیان لەوە كردووە، كە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ سلێمانی بەفرۆكەیەك گەشتی كردووە بۆ دیمەشق و لەوێ بە ئۆتۆمبیلێك بەرەو بەیرووت رۆیشتووە و چاوی بەحەسەن نەسروڵڵای سەرۆكی حیزبوڵڵای لوبنانی كەوتووە  .

لەدوای ئەو رۆژە، زانیارییەكان یەك بەدوای یەك گەیشتوونەتەوە بەبارەگای ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكی "سی ئای ئەی" لەلانگلی لە ڤێرجینیا، كە ئاماژەیان بۆ ئەوە دەكرد قاسم سلێمانی پلان بۆ هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكانی ئەمەریكاو بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا دادەنێت .

بەرپرسە ئەمەریكییەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە، كە ئاكامەكانی تیرۆرنەكردنی قاسم سلێمانی لە خودی تیرۆركردنەكە ترسناكتر دەبوو، بۆیە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمەریكا بژاردەی كوشتنەكەی پەسەند كرد لەگەڵ ئەوەی هەندێك لە بەرپرسان ئەو هەنگاوەیان بەمەترسی دەزانی و پێیان وابوو سەركەشانەترین بژاردەیە كە بۆ دەمكوتكردنی ئێران هەڵبژێردراوە .

لەكۆتاییدا ، پرۆسەكە لەنزیك فرۆكەخانەی بەغدا و لەڕێگای هێرشی موشەكی بە فرۆكەیەكی بێفرۆكەوان جێبەجێكراو، قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بەیەكەوە تیرۆركران .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی