حكومەتی عێراق هەوڵ دەدات هێزەكانی ئەمریكا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ لەعێراق بمێننەوە

عیراق

15/01/2020‌ 535 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی حكومی باسی لەوە كردووە، كە لەپێناو خۆلادان لە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ كردنەدەری هێزە بیانییەكان، بەغدا پێشنیازێكی داوەتە ئەمەریكییەكان بەوەی سوپای ئەمەریكا لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی ناتۆ لەعێراقدا بمێننەوە .

بەگوێرەی ئاژانسی "روسیا ئەلیەوم" ئەو سەرچاوە عێراقییە رایگەیاندووە، كە حكومەتی عێراق و لایەنی ئەمەریكی گەیشتوونەتە چارەسەر لەسەر ئایندەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق، بەشێوەیەك هەردوولا خواستی ئەوەیان هەیە لەوبارەیەوە دەست بە دانوستان بكەن، كە چەند مانگ، یان رەنگە ساڵێك بخایەنێت.

هەروەها رایگەیاندووە، یەكێك لەو پێشنیازانە بریتییە لەوەی هێزەكانی ناتۆ لەعێراقدابن و هێزەكانی ئەمەریكاش لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییە لەعێراقدا بمێننەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە بەرپرسە عێراقییەكان بە بەرپرسانی ئەمەریكایان راگەیاندووە، كە ئەوان پێویستیان بە بوونی بنكەی سەربازی ئەمەریكی لەعێراقدا هەیە .

رۆژی یەكشەممەی رابردوو ٥ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێكی دەركرد، كە بەپێی ئەوە حكومەتی عێراق پابەند كراوە كار لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق بكات، كە ئامانجی سەرەكیش لەوە هیزەكانی ئەمەریكایە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی 


بەپەلە