راگەیاندنەكەی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ

جیهان

19/01/2020‌ 2077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەگوێرەی شارەزایەكی یاسای نێودەوڵەتی، راگەیاندنەكەی ئەردۆغان بەوەی لەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستان، كە بەهێزی سەربازی داگیریان كردووە، دەستیان كردووە بەبنیادنانی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ نیشتەجێكردنی ئاوارە سورییەكانی نیشتەجێی توركیا، وەك تاوانی جەنگە .

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا پێنج شەممەی رابردوو رایگەیاند، وڵاتەكەی بەشێوەیەكی كردارەكی دەستیان كردووە بە بنیادنانی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستان، كە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە دەستیان بەسەرداگرتووە .

ئەیمەن سەلامە ، پرۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتی دەڵێت: ئەو بڕیارە تاوانێكی راستەقینەی جەنگە و دەبێت دەستبەجێ رابگیرێت، لەبەر ئەوەی زیاتر لەوەی بێزاركردنێكی سیاسی بێت فراوانخوازییەكی دوژمنكارانەیە.

سەلامە لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵی "سكای نیوز عەرەبی" دەشڵێت: دروستكردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون واتا نیشتەجێكردنی كۆمەڵێك خەڵك بەشێوەیەكی هەمیشەیی و درووستكردنی قوتابخانە و ڕێگەوبان و گواستنەوەی خەڵك بۆی جگە لە خەڵكە رەسەنەكەی، ئەویش لەپێناو دەستگرتن بەسەر خاك و ناچاركردنی خەڵكە رەسەنەكە بۆئەوەی ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، كە ئەوە ئێستا بەشێوەیەكی كرداری لە رۆژئاوای كوردستان روودەدات و پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تۆڕی "تەرەتە"ی توركی لەسەر زاری ئەردۆغانەوە گواستییەوە، كەلەنێوان هەروو ناوچەی گرێ سپی و سەرێكانی بەشێوەیەكی كردارەكی دەستیان كردووە بەدروستكردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، كە دەتوانین سەدان هەزار ئاوارەیان تیدا نیشتەجێ بكەین.

هەروەها رایگەیاند، لەناوچەكانی تر و بەدرێژایی سنووری نێوان توركیا و سوریا دەتوانن ملیۆنێك كەسی تری لێنیشتەجێ بكەن .

بەگوێرەی قسەی سەلامە تاوانی نیشتەجێكردنی خەڵك بەو شێوەیەی توركیا، شێوەیەكە لەشێوەكانی دوژمنكاری و دەبێتە هۆی رێگریكردن لە گەلانی ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی دوور لە داگیركاری بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن .

ئەو شارەزایەیەی یاسای نێودەوڵەتی جەختیكردووەتەوە، كە بڕگەی هەشتەم لە ماددەی هەشتەم لە یاسای بنەرەتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ تاوانەكە كردووە بەوەی بریتییە لەوەی دەوڵەتی داگیركەر بەشێوەی راستەوخۆ، یان ناراستەوخۆ بەشێك لە دانیشتووان بۆ ئەو زەوییە بگوازێتەوە كە داگیری كردووە ، یاخود دانیشتووانی ئەو زەویەی داگیری كردووە بۆ جێگایەكی تری ناو ئەو زەویەی یان دەرەوەی بگوازێتەوە ، كە ئەردۆغانیش هەما شت دەكات .

لەكاتێكدا توركیا رایگەیاندووە، ئەو لەسەرەتای هەڵگیرسانی نائارامییەكانی سوریاوە میوانداری زیاتر لەسێ ملیۆن ئاوارەی سوریا دەكات كە زۆرینەیان خەڵكی پارێزگاكانی حەلەب و حومس و حەمان .

بەڵام وەك دەردەكەوێت، كە توركیا هەر لەسەرەتاوە ئامانجی لە دوورخستنەوەی شەڕڤانانی كورد لە سەر سنوورەكانی جگە لە ئامانج ئەمنییەكانی ئامانجێكی تریشی هەبووە ، ئەویش درووستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنی لەڕێگای ئەو ئاوارە سوریانەی لەوڵاتەكەی جێگیرن بەوەی لەو شوێنەیان نیشتەجێ بكات و هەردوو بەشی باكوور و رۆژئاوای كوردستان لەیەكتر داببڕێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی