هەنگاوەكەی یەكێتی ئەوروپا زیانی زۆر لەتوركیا دەدات

جیهان

21/01/2020‌ 2275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگاكانی راگەیاندنی ئەڵمانیا بڵاویانكردەوە، كە یەكێتی ئەوروپا لەسەدا 75 یارمەتییە داراییەكانی بۆ توركیا رادەگرێت، ئەویش بەهۆی بەردەوامی ئەنقەرە لە پرۆسەكانی بەدواداگەڕانی غازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست و دەستتێوەردانە سەربازییەكانی لەسوریا، كە ئەوە زیانی زۆر بەو وڵاتە دەگەیەنێت .

بەگوێرەی پێگەی رۆژنامەی "زەمان"ی توركی، كە لە گروپی میدیایی Funk Mediengruppe ی ئەڵمانییەوە گواستوویەتییەوە، جۆزێف پۆرل نێردەی باڵای یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری دەرەوە و سیاسەتە ئەمنییەكان نامەیەكی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا ناردووە .
 
لەنامەكە باس لەوە كراوە، كە بەپێی نامەكە یەكێتی ئەوروپا 75% ی ئەو یارمەتییە داراییانەی لەچوارچێوەی دانوستانەكانی چوونە ناو یەكێتییەكە پێشكەشی توركیای دەكرد راگرتووە .

یارمەتییە داراییەكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ توركیا ساڵانە ١٦٨ ملیۆن یۆرۆیە، كە ١٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پێشخستنی دیموكراتییەت و سەروەری یاسا دەبێت و ئەوەی تریش بۆ پەرەپێدانی ناوچە گوندنشینەكان دەبێت.

ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت، كە یەكێتییەكە بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بڕی  ٨٥ ملیۆن یۆرۆ یارمەتی دارایی بۆ توركیا بڕی .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی