حكومه‌تی هه‌رێم: له‌ڕەشنوسی یاسای بودجەی 2020ی عێراق رێژەیەكی دیاریكراوی شایستەی دارایی بۆ هەرێم دانەنراوە

کوردستان

05/02/2020‌ 469 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت "بەرلە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومه‌تی عێراق له‌باره‌ی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 رێككەوتون".

جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتوون لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان ڕۆژانه‌ داهاتی نزیكەی 250 بەرمیل نەوت ڕاده‌ستی حكومه‌تی عێراق بكات، لەبەرامبەریشدا به‌غدا پابەندییەكانی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "ئەو رێككەوتنەی هه‌رێم و به‌غدا لەنێو رەشنوسی یاسای بودجەی 2020دا جێی كراوەتەوە، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی پابه‌ندبوون و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یه‌".

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بڕیاره‌ به‌غدا بۆ هه‌رێمی كوردستانی بنێرێت جوتیار عادل وتی "له‌نێو رەشنوسی یاسای بودجەدا رێژەیەكی دیاریكراوی شایستەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان دیارینه‌كراوه‌، بەڵكو ئه‌وه‌ی كراوه‌ رێككەوتنه‌ لەسەر كۆمەڵێك پابەندیی لەنێو رەشنوسەكەدا".



ڕ . ج