پەیامی ڕوسیا‌ بۆ توركیا یەكلاییكردنەوەی سەربازییە لەسوریا

ڕاپۆرت

12/02/2020‌ 6773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركەكان دركیان بەوە كردووە،‌ كە بە ئامانجگرتنی چەندجارەی سەربازەكانیان لە ئیدلب پەیامێكی ڕوسییە، بەوەی یەكلاییكردنەوەی‌ سەربازی، بژاردەی یەكەمیانە، بۆیە دەبێت ئەنقەرە خۆی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پەیامە (وەك ئەمری واقع) ئامادە بكات. 

ئەمەش‌ لەكاتێكدایە، كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، لە جوڵەیەكی نمایشكاریدا، بۆ دەرخستنی هێزی خۆی و گەیشتن بە چارەسەرێك لە سوریا، سەرباز و كەرەستەی سەربازی زیاتری ڕەوانەی ناوچەكانی سوریا كردووە.

شارەزا سەربازییەكان هۆشداری ئەوە دەدەن، كە ئەو جوڵە سەربازییە، لەوانەیە توركیا تووشی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ بكات لەگەڵ ڕوسیا و حكومەتی سوریا و میلیشیا پاشكۆكانی ئێراندا.

ئەو شارەزاییانە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە بە هۆی باڵادەستی ڕوسیا لە سوریا، جەنگی بە لەجیاتی لە سوریا وەستاوە، بۆیە ئەنقەرە یان دەبێت جوڵە سەربازییەكانی بوەستێنێت، یاخود جەنگێكی بەلەجیاتی لە سوریا بەڕێوەبەرێت، ئەمەش مەترسی دەخاتەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەنقەرە، لەولاشەوە توركیا پێی دەخلیسكێتە ناو زەلكاوی سوریاوە.

وەزارەتی بەرگری توركیا لەو بارەوە رایگەیاندووە، كە هێزەكانی حكومەتی سوریا، لەو هێرشەی كردویانەتەسەر بنكەیەكی سەربازی توركیا لە ناوچەی تفتناز لە پارێزگای ئیدلب، 5 سەربازی توركیایان كوشتووه،‌ پێشتریش بە هۆی بۆردمانێكی سوپای سوریا،‌ 8 سەربازی تورك كوژران.

ئەنقەرە پشتیوانی سەربازی بۆ ناوچەی ئیدلب ڕەوانە كردووه،‌ كە 12 بنكەی سەربازی توركیای لێ جێگیرن، كاتی خۆشی بە هۆی ڕێككەوتنی لەگەڵ ڕوسیا و ئێران، ئەو بنكە سەربازییانەی لەوێ جێگیر كردوون.

شارەزا و شڕۆڤەكارە سیاسییەكان پێیان وایە ئەردۆغان بە هۆی ئەو جوڵە سەربازییەوە گەرەكیەتی سەرنجی فلادیمیر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا ڕابكێشێت كە دۆسییەی سوریای كەوتۆتەدەست و بەرەو یەكلاییكردنەوەی سەربازی دەبات، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێكی سەراپاگیردایە كە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا توانادار دەكات بۆ دەستگرتنەوە بەسەر سەرجەم خاكی سوریادا.

ئەردۆغان پەنای بۆ پۆتین بردووە و ئەو پەیامەی داوە كە هەڵكشانی ڕووداوەكان مەترسیدارن، بۆیە دەبێت ئەوانیش بەشێكبن لە بڕیارسازی ئایندەی سوریا، هەروەها ڕێككەوتنەكانی پێشووی وەك ئاستانە و سوچی، ڕێگە بە توركیا دەدەن پارێزگاری لە بنكە سەربازییەكانی بكات لە سوریا، تەنانەت ئەگەر نەشتوانن كۆتایی بە بوونی چەكدارە توندڕەووە تیرۆرستەكانی ئیدلب بینن هەروەك بەڵێنیان بە ڕوسیا داوە.

پێناچێت سەرۆكی ڕوسیا پێش وەشاندنی گورجێكی سەربازی كاریگەر و كەمەرشكێن لە گروپە توندڕەووەكانی ئیدلب و بە تایبەتیش دەستەی ڕزگاركردنی شام (بەرەی نوسڕەی پێشوو)،  ئامادەی ئەوەی تێدابێت ئەردۆغان ببینێت ئەو پرسەی لەگەڵ تاوتوێ بكات.

دیمیتری بیسكۆڤی قسەكەری فەرمی سەرۆكایەتی ڕوسیا، دووشەممەی ڕابردوو وتی: وڵاتەكەی بە دڵەڕاوكێوە لە هەڵكشانی ڕووداوەكانی پارێزگای ئیدلب دەڕوانێت. 

سەبارەت بە دیداری پۆتین و ئەردۆغانیش وتی پلانێكی بەرنامەبۆداڕێژراو نییە هەردوو سەرۆك‌ یەكتر ببینن و ئەگەر پێویستیش بكات بەیەكەوە كۆدەبنەوە.

چاودێران دەشڵێن: ئەنقەرە لە هەوڵەكانی قۆزتنەوەی دۆسییەی ئیدلب بەردەوام دەبێت و بەرپرسیاریەتی دۆخی مرۆیی ئەو شارەش دەخاتە ئەستۆی ئەوروپا، ئاماژە بەوەش‌ دەكەن، كە ئەنقەرە  هەڕەشەكانی پێشووی ئەردۆغانی سەبارەت بە كارتی كۆچبەران خستونە بواری جێبەجێكردنەوە و دەرگای‌ بەرەو ئەوروپای بۆ واڵا كردوون، هەندێكی دیكەشی گەڕاندوونەوە سوریا و هی دیكەشی ڕەوانەی لیبیا كردوون.

لە ئێستادا سوپای سوریا گەمارۆی چەند بنكەیەكی سەربازی توركیای داوە لە ئیدلب، ئەنقەرەش بە مەبەستی پاراستنی ئەو بنكە سەربازییانه، نزیكەی 5000 سەرباز و چەندەها كەرەستەی جەنگی و سەربازی لە تانك و زرێپۆش و ڕادار، ‌ ڕەوانەی ناوچەكە كردووە.

ئەحمەد ڕەحالی سەربازی پێشوی سوپای سوریا دەڵێت ئەوەی جێی سەرنجە گەورەیی قەبارەی ئەو پشتیوانییە سەربازییەیە كە توركیا لە ماوەیەكی كەمدا ڕەوانەی ناوچەكەی كردووە و چۆنیش توانیویانە لە ماوەی هەفتەیەكدا بیانگەیەننە ناوچەكە. جەنگیز ئەكتاری نووسەری توركیش بە دوور دەزانێت توركیا ، چ لە ڕێگەی جیهادییەكانەوە یاخود بێ ئەوان، بتوانێت لە مەودایەكی نزیكدا، پارێزگاری لە هەژموونی خۆی بكات لە ئیدلب

ئەكتار باسی لەوەش‌ كردووە، كە سەرباری ئەوەی ئەردۆغان كاروباری پارێزگای ئیدلبی لەگەڵ ڕوسیادا ڕێكخستووە، جوڵەی سەربازیشی بەرەو ئەو پارێزگایە دەستپێكردووە، بەڵام ململانێ سەربازییەكەی‌ لەگەڵ ڕوسیا و سوریادا ئەوەندە قوڵ بۆتەوە كە سوریای لێ بووە بە زەلكاوێك و تێیكەوتووە.

ئەكتای ئەوەشی ڕوونكردەوە، كە جیهادییەكان تەنانەت بە هاوكاری هێزە سەربازییەكانی توركیا و بۆ مەودایەكی مامناوەندیش، ناتوانن دەست بەسەر ئەو ناوچەیەی ئێستادا بگرن كە لەبن دەستیان دایە، چونكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و خاوەن بڕیارەكانی ئەو ناوچەیە، لێناگەڕێن توركیا تیایدا باڵادەست بێت.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ" باسی لەوە كردووه،‌ كە ئەنقەرە سەدەها تانك و ئۆتۆمبێلی سەربازی و هێزی سەربازی تایبەتی ڕەوانەی پارێزگای ئیدلب كردووە، ئاژانەسەكە پێشبینی ئەوەش دەكات پێكدادان لە نێوان ئەو هێزانە و هێزەكانی حكومەتی سوریادا دروست بێت.

ئاژانسەكە باسی لەوەش كردووە، كە پشتیوانییە سەربازییەكەی توركیا‌‌ گەورەیە،  تۆپی "هاوتزر" و بۆمبهاوێژی جۆراوجۆری ڕۆكێتی" و ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن و بارهەڵگری پڕچەكی لەخۆگرتووە. ئەردۆغانیش هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە ئەگەر هێزەكانی حكومەتی سوریا تا پێش كۆتایی مانگی فبرایەر نەكشێنەوە، ئەوا ئەنقەرە هێزی سەربازیان لە دژ بەكاردێنێت.

سەرچاوە:  عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر