ئەو سیستەمە دژە ئاسمانییانەی كەشتییە توركییەكان بەكاریدەهێنن كەوتوونەتە دەست توندرەوەكانی سوریا

جیهان

17/02/2020‌ 954 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرچاوەیەكی سەربازی‌و دیبلۆماسی باسی لەوە كردووە، كە رێكخراوی "بەرەی ئازادكردنی شام"و رێكخراوە تووندڕەوەكانی تری سوریا لەژێر سەرپەرشتی‌و چاودێری سوپای توركیا شەڕ دژی هێزە حكومییەكانی سوریا دەكەن.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كردووە كە ئەگەری زۆرە ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییانەی لەسەر شان هەڵدەگیرێن‌و كەشتییە سەربازییەكانی توركیا بەكاریان دەهێنن كەوتبنە ژێر دەستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی سوریا.

بەقسەی سەرچاوە سەربازییەكە بەهۆی ئەو پشتیوانییە سەربازییەی توركیا دەیداتە گرووپە تیرۆریستییەكان، ئێستا ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە بەشان هەڵگیراوانە لەبەر دەستی تیرۆریستاندان.

هەروەك باسی لەوەش كردووە، كە چەكدارە تووندرەوەكانی ناوچەكانی كەمكردنەوەی گرژییەكان لە پارێزگای ئیدلبی باكووری سوریا ئەو جۆرە سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە دژ بە فرۆكە سورییەكان بەكاردەهێنن، كە ئەوە مایەی نیگەرانییەكی زۆری روس و سورییەكانە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە توركیا بەشێوەیەكی چالاك دەستی بەگواستنەوەی چەك و تەقەمەنی بۆ ناوچەی ئیدلب كردووەو چەكدارانی سەر بە دەستەی ئازادكردنی شام (بەرەی نووسرەی جاران)و گرووپە چەكدارییەكانی تر بەجلوبەرگی سوپای توركیا بەشداریی لەكردەوە سەربازییەكان دژ بە سوپای سوریا دەكەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی