لەشفرۆشی لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان گەشەی كردووە

جیهان

18/02/2020‌ 3022 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەنگە ئەوە بۆ هەوادارانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا جێگای سەرسامی بێت، كە لەتوركیای ئەردۆغاندا لەشفرۆشی بەیاسایی ڕێكخراوە، لەبەر ئەوەی بەردەوام ئەو ویستوویەتی واپیشانی ڕای گشتی توركیا و جیهانی ئیسلامی بدات، كە دەیەوێت توركیا بۆ سەردەمی خەلافەتی ئیسلامی عوسمانی بگێڕێتەوە .

بەڵام بازرگانی لەشفرۆشی پێچەوانەی ئەو وێنەیە پیشان دەدات، كە هەندێك كەس دەیانەوێت بۆ دەوڵەتەكەی ئەردۆغانی دروست بكەن، بەشێوەیەك لە توركیا ئافرەتانی لەشفرۆش بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی و رەو كار بكەن دەبێت مۆڵەت لە دەوڵەت وەربگرن و باجیش بدەن، كە ئەوە داهاتێكی زەبەلاح بۆ دەوڵەتی توركیا دابین دەكات.

بەگوێرەی راپۆرتێكی دەستەی "دێر سەفكات"، كە تایبەتە بەیارمەتیدانی چینە هەژمارەكان لەكۆمەڵگای توركیدا، لە كۆی ٨١ پارێزگای توركیادا لە ٥٥ پارێزگایان بازرگانی لەشفرۆشی تێدا دەكریت، كە لەو بازرگانییەدا  ٣٠٠ هەزار ئافرەت وەك لەشفرۆش كار دەكەن و ١٥ بۆ ٢٠ هەزار خانەش بەفەرمی مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە.

بەڵام لایەنی تاریك و كارەساتباری ئەو دۆخە ئەوەیە، كە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان، بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییە خراپەی ڕووبەرووی توركیا بووەتەوە ژمارەی ئەو ئافرەتانەی روو لە دیاردەی لەشفرۆشی دەكەن روو لەزیادبوونە.

ئەوەی زۆرتر جێگای سەرسامییە ئەوەیە، كە لەشفرۆشی لە توركیای ئیسلامی یاسایی و ڕێكخراوە، بەجۆرێك دەبێت ئەو ئافرەتانەی لەو بوارەدا كار دەكەن لەلایەن حكوومەتەوە كارتێكی تایبەتیان بۆ درووست دەكرێت و بەردەوام لەژێر چاودێری تەندرووستیدا دەبن ، هەروەك چۆن بەشێك لە خانەكانی لەشفرۆشی لەژێر چاودێری دەوڵەتدان و هێزە ئەمنییەكان دەیانپارێزن ، كە ئەوە لە زۆرینەی شارەكانی توركیا بەوجۆرەیە.

بەپێی داتا فەرمییەكان بازرگانی لەشفرۆشی لە توركیا ساڵانە لەنێوان ٤ بۆ ٦ ملیار دۆلار داهاتی بۆ دەوڵەت هەیە، بەوەش بازرگانی لەشفرۆشی دەیەم سەرچاوەی دابینكردنی داهاتە بۆ دەوڵەتی توركیا.

بۆ دەستراگەیشتن بە خانەكانی لەشفرۆشی و لەشفرۆشان ئاسانكاری زۆر كراوە بەوەی لەڕێگای ئینتەرنێت یان دەڵالەكان دەتوانوانرێت ژمارەی ئەو خانانە دەست بكەوێت ، جگە لەوەی لە شاری ئیستەنبووڵ چەندین یانەی سێكسی هەیە كە ناوبانگێكی زۆر خراپیان هەیە ، 

كەمال ئەروورداك سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ و تەندرووستی سێكسی دەڵێت لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا كە پارتی دادو گەشەپێدان بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانرەوا بووە ژمارەی ئەو كەسانەی لە بازرگانی لەشفرۆشی كاریان كردووە سێ قات زیادیان كردووە . 

بەرانبەر بەو رەخانەی لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و ئیسلانی لە توركیا دەگیرێت بەوەی یەكێكە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی لەشفرۆشی تێدا بڵاوبۆتەوە ، چەندین هەوڵ هەیە بۆئەوەی پێدانی مۆڵەتی فەرمی بە لەشفرۆشی هەڵبوەشێنرێتەوە و كاركردن لەو بوارەدا بەتاوان دابنرێت ، بەڵام ئەم دەنگانە هەر بۆ ماوەیەكی كەم دەبیسترێن و دواتر بێدەنگەیان لێدەكرێت ، لەبەر ئەوەی لەگەڵ بەرنامەی پارتی دادوگەشەپێدان نایەنەوە كە بەردەوام بیر لە زیادكردنی داهاتەكان دەكاتەوە و ئەو بازرگانییەش ساڵانە نزیكەی ٦ ملیار دۆلار دەخاتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی