پەیوەندی لەنێوان پیسبوونی هەوا و تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشی شەكرە هەیە

تەندروستی

19/02/2020‌ 311 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی پزیشكی دەڵێت: ئەو منداڵانەی بەر هەوای پیس دەكەون و هێشتا هەر لە سكی دایكیاندان، ئەوە بەراورد بەمنداڵانی تر مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێنیان زیاترە .

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لێكۆڵەران وتویانە پیسبوون لەڕیگای تەنۆكە وردەكانەوە رەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی مەترسییە ژینگەییەكان بێت لەپشت تووشبوون بەنەخۆشی شەكرە .

لێكۆڵەرەكان وتوویانە مەبەست لە تەنۆكە وردەكان ئەو تەنە رەق و شلانەیە، كە چێوەكەیان ٢،٥ مایكرۆمەترە وەك تەپوتۆز و دوكەڵ و خۆڵەمێش .

پێشتر واباس دەكرا، كە ئەو تەنۆكە وردانە هۆكارن بۆ زیانگەیاندن بەسییەكان و زیادبوونی مەترسییەكانی تووشبوون بەنەخۆشییەكانی دڵ و سەكتەی مێشك و نەخۆشی شەكرە لای گەورەساڵان .

لێكۆڵینەوەكە لەسەر ٣٦٥ منداڵی شاری مەكسیكۆ سیتی كراوە، كە منداڵەكان لەماوەی كۆرپەلەییاندا بەر پیسبوونی هەوا بەتەنكۆی وردی ٢،٥ مایكرۆمەتری كەوتوون، كە بەتێكرایی رۆژانە گەیشتووەتە ٢٢،٤ مایكرۆگرام بووە بۆ هەر مەترێك چوارگۆشە لە هەوادا .

لێكۆڵینەوەكە هەروەها وتویەتی: بەركەوتنی منداڵان لەوكاتەی هێشتا كۆرپەلەن لەناو سكی دایكیاندا بەر ئاستە لە هەوای پیس پەیوەستە بەزیادبوونی ساڵانە بەڕێژەی ٠،٢٥ لە هیمۆگڵۆبینی گلوكۆز لای منداڵان لەدوای تێپەڕینی تەمەنی پێنج ساڵی و هەتا حەوت ساڵیش .

دكتۆرە ئیمیلی ئۆكن لە زانكۆی "هارڤارد" لە بۆستن، كە بەشداری كردووە لەئامادەكردنی لێكۆڵینەوەكە دەڵێت: چەند شیكردنەوەیەك بۆ ئەگەری كاریگەری راستەوخۆی پیسبوونی هەوا لەسەر ئاستی شەكر لای منداڵان هەیە لەوانە، پیسبوون دەبێتە هۆی زیادبوونی هەوكردنەكان. 

وەك زانراوە بەركەوتن بە هۆكارەكانی تری هەوكردن كاریگەری دەكاتە سەر گەشەكردنی ئەندامەكان و ئەركەكانیان وەك مێشك و پەنكریاس و جگەر و ماسولكەكان و چەورییەكان، هەموویان بەشداری دەكەن لە ڕێكخستنی ڕێژەی شەكر لەناو خوێندا بەشێوەیەك كاریگەری درێژموودایان دەبێت.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی