توركیا شكستیهێنا لە ڕازیكردنی روسیا بەوەی سوپای سوریا هێرشەكانی بۆسەر ئیدلب رابگرێت

جیهان

20/02/2020‌ 1201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە دانوستانەكانی نێوان شاندی توركیا و روسیا لە مۆسكۆ، توركەكان شكستیانهێنا لەوەی بڕوا بە روسەكان بهێنن گوشار بخەنە سەر رژێمی سوریا هێرشەكانی بۆ سەر ئیدلب رابگرێت.

رۆژی سێشەممەی رابردوو هەردوو شاندی توركی و روسی بۆ دووەم رۆژی لەسەر یەك  كۆبوونەو بەئامانجی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیان لەسەر ئیدلب، ئەو ناكۆكیانەش پرسیاری ئەوەی هێناوەتە گۆری، كە ئایا هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لەبارەی سوریا و شوێنەكانی تر تاچەند بەردەوام دەبێت .

لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، مۆسكۆ و ئەنقەرە جەختیانكردووەتەوە، كە پابەند دەبن بەڕێكەوتنەكانی نێوانیان لەبارەی ئیدلب و كەمكردنەوەی گرژییەكان لەناوچەكە، بەڵام بەیاننامەكە هیچ ئاماژەیەكی بە داواكاری توركیا بۆ كشانەوەی هێزەكانی سوریا لەو ناوچانەی كۆنترۆڵی كردوون نەكردووە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ناكرێت لەسەر ئاستی دوورمەودا سەقامگیری لە ئیدلیب بەدیبێت تەنیا لەڕێگای سەرەوەری سوریا و سەربەخۆیی خاكەكەی نەبێت. 

هەر لەو بارەیەوە عومەر چەلیك  وتەبێژی فەرمی پارتی دادو گەشەپێدان لەبارەی دانوستانەكانی نێوان هەردوو شاندی توركیا و روسیا لە مۆسكۆ سەبارەت پێشهاتەكانی ئیدلب وتی: بەڕوون  و ڕاشكاوی تێڕوانینەكانی توركیامان لەبارەی گۆڕانكارییەكانی پارێزگای ئیدلب گەیاندووەتە روسەكان.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا وتەبێژەكەی ئەكەپە وتی: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دوژمنكارییەی ڕێژمی سوریا لە ئیدلیب، بەڕوونی لایەنی بەرانبەرمان ئاگاداركردەوە، كە ئەگەر بێت و ڕژێم هێزەكانی نەكێشێتەوە بۆ سنوورەكانی پێشووتر، ئەوە ئامادەكاری تەواومان كردووە بۆ ئەوەی بەهێز ناچاریان ئەوەیان بكەین.

هەرچی ئیبراهیم كاڵنی وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیایە لەئەنقەرە بە رۆژنامەنووسانی وت: لەئێستادا هەردوو شاندی توركی و روسی لەدانوستانەكانیان لەبارەی دۆخی ئیدلبەوە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێكی رازیكەر.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی 


بەپەلە