ئەنقەرە هەڕەشە دەكات.. ئامادەكاری تەواومان كردووە بۆ ئەوەی رژێمی سوریا بگێڕینەوە بۆ سنوورەكانی رێكەوتنی سوچی

جیهان

20/02/2020‌ 610 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
عومەر چەلیك وتەبێژ بەناوی پارتی دادوگەشەپێدان رایگەیاند، كە ئەوان بەفەرمی بەلایەنی روسیان راگەیاندووە، ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ ئەوەی هێزەكانی رژێمی سوریا بگێڕنەوە بۆ سنوورەكانی رێكەوتنی سوچی ئەگەر بێت و خۆیان پاشەكشە نەكەن.

چەلیك لەبارەی دانوستانەكانی نێوان هەردوو شاندی توركیا و روسیا لە مۆسكۆ سەبارەت پێشهاتەكانی ئیدلب وتی: بەڕوون و ڕاشكاوی تێڕوانینەكانی توركیامان لەبارەی گۆڕانكارییەكانی پارێزگای ئیدلب گەیاندووەتە روسەكان.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا وتەبێژەكەی ئەكەپە وتی: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دوژمنكارییەی ڕێمی سوریا لە ئیدلیب، بەڕوونی لایەنی بەرانبەرمان ئاگاداركردەوە، كە ئەگەر بێت و ڕژێم هێزەكانی نەكێشێتەوە بۆ سنوورەكانی پێشووتر، ئەوە ئامادەكاری تەواومان كردووە بۆ ئەوەی بەهێز ناچاریان ئەوەیان بكەین.

بەقسەی ئەو بەرپرسە توركە ئەو هەنگاوەی توركیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا و ڕێگرتن لە روودانی كارەساتی مرۆیی گرنگە، بڕیاریشە لەكاتی گەڕانەوەیان شاندەكە راپۆرتێكی تەواو پێشەكش بە سەركردایەتی توركیا بكات.

ماوەی چەند هەفتەیەكە سوپای سوریا بەهاوكاری فرۆكە جەنگییەكانی روسیا هەڵمەتێكی سەربازی فراوانیان كردووەتە سەر ناوچەكانی باكووری رۆژئاوای سوریا بەتایبەت پارێزگای ئیدلیب، كە لەژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا،  بەهۆیەوە بەشێكی زۆری ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئەو گرووپانەی كۆنترۆڵ كردووە و زیاتر لە ٩٠٠ هەزار كەسی مەدەنیش بەهۆی هێرشەكانەوە ئاوارە بوون .