پارتی بەتاكە ئاستەنگی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق تۆمەتبار دەكرێت

کوردستان

20/02/2020‌ 2125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەنین قەدۆ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: تاكە ئاستەنگی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەسەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی بریتییە لەو پۆستە وەزارییانەی پارتە كوردییەكان داوای دەكەن.

قەدۆ لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی "پۆنا نیوز" دەشڵێت: تاكە ئاستەنگ، كە تائێستا ڕێگربووە لەوەی كابینەی حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت بریتییە لەو پۆستە وەزارییانەی پارتە كوردییەكان داوای دەكەن، بەتایبەت داواكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی.

ئەوەش دەڵێت: هەندێك لە كوتلە پەرلەمانییەكان نیگەرانی ئەوەن، كە هەندێك لە پۆستە وەزارییەكان بدرێنە چەند پارتێكی دیاریكراو بەتایبەتی پۆستی وەزارەتی دارایی، لەبەر ئەوە هێشتا پێویستمان بەكاتە بۆ ئەوەی ئەو دۆسیەیە تەواو بكرێت.

قەدۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە رێكەوتن لەنێوان كوتلە پەرلەمانییە گەورەكاندا هەیە بۆ ئەوەی پشتیوانی حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی بكەن، بەڵام واپێدەچێت زۆرینەی پاڵێوراوانی ئەم كابینە وەزارییە لەدەرەوەی عێراقەوە بن، باسی لەوەش كردووە وابڕیار بوو رۆژی سێشەممە كابینەكەی عەلاوی پیشكەشی پەرلەمان بكرێت بۆ ئەوەی متمانەی پێبدرێت، بەڵام بەردەوامی ناكۆكییەكان ڕێگر بوون لەبەردەم ئەو كارە بكرێت .

ئێوارەی رۆژی چوارشەممەش محەمەد تۆفیق عەلاوی داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، كە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنێكی نائاسایی ساز بكەن بۆئەوەی لەمیانەیدا دەنگ بە كابینە وەزارییەكەی بدرێت .